كاتێك دیموكراسی بەناوی دیموكراسیەتەوە بێ بەها دەكرێت

ليست هناك تعليقات


 
بڵێسە جبار فەرمان
-
دیموكراسیەت رێ و شێوازێكە لە شێوازەكانی حوكمڕانی، بە مانا تەقلیدیەكەی بەواتای حوكمڕانی گەل.لە سیستێمی دیمۆكراسی دا لە رێگای هەڵبژاردنەوە حوكمڕان هەڵدەبژێردرێت. بەمانایەكی تر دیموكراسیەت واتا حوكمی زۆرینە، ئەو لایەنەی زۆرترینی دەنگەكانی گەل و متمانەی هاونیشتیمانیان بۆ خۆی مسۆگەر دەكات، حوكم دەگرێتە دەست.لە سیستێمی دیمۆكراسی دا چەند دەسەڵاتێكی جیاواز بوونی هەیە كە ئەركەكانیان و جیاوازی دەسەڵاتیان بە گوێرەی دەستور و لە چوارچێوە یاسادا رێك دەخرێت.لە دەستوری هەمیشەیی عێراق دا لە مادەی ٤٧ دا هاتووە كە دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر سێ دەسەڵات دا دابەش دەبێت كەئەوانیش، دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریین.زۆرێك لەو بڕوایەدان كە هاوسەنگی دەسەڵات لەنێو ئەم سێ دەسەڵاتەدا نیەو ئەنجومەنی نوێنەران زۆرترین دەسەڵاتی پێ دراوە.ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت پرسیار ئاراستەی سەرۆك وەزیران بكات، بەلایەنی كەمەوە بیست و پێنج ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانن تەوەرێكی گشتی بخەنەڕوو بۆ گفتوگۆكردن بەمەبەستی ڕوونكردنەوەی سیاسەت و ئەدای ئەنجومەنی وەزیران یان یەكێك لە وەزارەتەكان.

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، بە ڕەزامەندی ٥٢ ئەندام، دەتوانێت لێپێچینەوە ئاراستەی سەرۆكوەزیران یان وەزیرەكان بكات، گەر وەڵامەكان جێگای بڕوا نەبوون ئەوا دەتوانرێت متمانە لە وەزیرێك بسەنێتەوە، بە زۆرینەی رەها، لە بەرواری لێسەندنەوەی متمانە بە دەستلەكاركێشاوە هەژمار دەكرێت. ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیار دەدات بە زۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامانی متمانە لە سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە. بەڵام لە بەرانبەر ئەم دەسەڵاتانەدا ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی نییە، مەگەر لە تەنگژەیەكی نیشتمانی گەورەدا بە هەماهەنگی و پێكەوە لەگەڵ سەرۆك كۆمار دەتوانن داوایەكی لەو جۆرە ئاراستەی پەرلەمان بكەن لەوەشدا پەرلەمان خۆی خاوەنی دوا بڕیار دەبێت لەهەڵوەشانەوەی خۆی یان مانەوەی.ئەم ناهاوسەنگەیە هۆكاری ئەوەیە كە زۆرێك لەگەڵ هەمواركردنەوەی دەستورو گۆڕینی سیستێمی حكومرانین لە عێراق دا، هەوڵەكان بە ئاراستەی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی پەرلەمان و گۆڕینی شێوازی حوكمڕانی وڵاتە لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی.ئەوەی ئێستا لە خۆپیشاندانەكاندا دەبینرێت بەتاڵكردنەوەی پێگەو سەنگی پەرلەمانە،گومان لەوەدا نیە پەرلەمانیش خۆی یەكێكە لە هۆكارەكانی بێ سەنگ بوونی خۆی راستە بەبەراورد بە پەرلەمانی وڵاتانی دەوروبەر جوڵەی هەبوەو لێپێچینەوەی كردوە رۆڵی بە رێژەیی هەبوە، بەڵام تێوەگلانی خودی پەرلەمان بەگەندەڵی حكومەت بەسە بۆ ئەوەی بوترێ پەرلەمان خۆی خۆی بێ سەنگ و ئەرزش كرد.ڕاستە كە بەدەر لە هەڵبژاردن چەمكێكی تری سیستێمی دیموكراسی بریتیە لە ئازادی ڕا دەڕبرین و مافی خۆپیشاندان و دەڕبرینی ناڕەزایی، دەڕبرینی ناڕەزایی چەندەها شێوەی هەیە كە خۆی لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەو واژوو كۆكردنەوەو رێپێوان دا دەبینێتەوە.هەریەك لەم شێوازانە لە چوارچێوەی یاسادا رێكخراون، گەیاندنی ناڕەزایی بەهەر شێوازێك لەو شێوازانەی سەرەوە پەیرەوكردنی ماف و ئەركە لە سیستێمی دیمۆكراسیدا، بەڵام ئەو خۆپیشاندانانەی ئەم دواییەی عێراق تەنها بۆ دەڕبرینی نارەزایەتی نیە، بەڵكو بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی و هێز و چاوسوركردنەوەیە لە لایەكەوە و بڕوانەبوونە بە دەستورو هەیبەتی پەرلەمان.

خۆپیشاندەرەان بە هەموو شێوەیەك هەوڵی سوككردنی دامەزراوەی پەلەمانیان داوە، وەك بینرا پەرلەمان كرایە شوێنی بەخێوكردنی ئاژاڵ و شۆردنی خلوبەرگی پیس، ئەوەی بینرا بە سودوەرگرتن لە دیمۆكراسیەت كرا بۆ لەباربردنی دیموكراسیەت.ئەو دروشمانەی لەبەردەم پەرلەمان و لەناو پەرلەمان دەوترانەوە دروشمی تایفی بوون بانگەشەكردن بۆ تایفیەت لە دەستوری عیراقدا تاوانە، كەواتە ئەوانەی دروشمی تایفی بەرز دەكەنەوە جادەو شوێنە گشتیەكان دەگرن بە شێوازی ناقانونی دەیانەوێت داخوازیە سیاسیەكانیان بەدەست بهێنن.نمونەی لەو شێوەیە لە مێژودا زۆرن و دەركەوتووترینیان هاتنە سەرحوكمی هیتلەر بوو لە رێگا هەڵبژاردن و پەرلەمانەوەو، دواتر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش هەر لە ڕێگای خودی پەرلەمانەوە، دواتر ناونانی خۆی وەك سەرۆك. بەپێی ئەزموون ئەو وڵاتانەی لەسەر بنەمای بانگەشەی رووكەشانەی دیموكراسی بەرەو تاكڕویی و دیكتاتۆریەت رۆیشتون، لەسەرەتادا هەوڵیان داوە پەرلەمان بەتاڵ بكەنەوە لە قورسایی قانونی، هەوڵیانداوە پرۆسەی هەڵبژرادن بێ مانا بكەن بۆ ئەوەی بڕوا بەخەڵكی بهێنن و بڵێن ئەوە پەرلەمان و هەڵبژاردنمان تاقی كردەوە سودی نەبوو، ئێستا نۆرەی فۆرمی دەستی ئاسنینە!. بۆ ئەم كارەش پەنا دەبەن بۆ تەعدیلی دەستورو گۆڕینی سیستێمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif