رێکخراوی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ رایگەیاند، دەبێت بەزووترین کات پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رێگەیان پێبدرێت سەردانی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە باشووری رۆژھەڵاتی ئۆکراینا بکەن و لەنزیکەوە رەوشی وێستگەکە ببینن.
رۆژی چوارشەممە، 17ی ئابی 2022، یانس ستۆڵتینبێرگ، سکرتێری گشتیی رێکخراوی ناتۆ، لە کۆنگریەکی رۆژنامەڤانیدا هۆشداریدا لەوەی کە لەو کاتەوەی ئەو وێستگە ئەتۆمییە کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی سەربازانی رووسیا، مەترسییەکی گەورە لەسەر وێستگەکە هەیە و ئەگەری روودانی تەقینەوەی ئەتۆمیشی زیاتر کردووە.
هەربۆیە، سکرتێری ناتۆ داوای کرد پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەزووترین کات رێگەیان پێبدرێت سەردانی وێستگەکە بکەن و کار بکەن بۆ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی رووسیا لەنێو وێستگەکە.
وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمییە لە ئەوروپا لە شەش کورەی ئەتۆمی پێکدێت؛ هەر وێستگەیەکی هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت. لە سەرەتایی جەنگی ئۆکرایناوە 24ی شوباتی 2022، رووسیا و ئۆکراینا یەکتریان تۆمەتبار کردووە بەوەی هێرشیان کردووەتە ناوچەکانی نزیک وێستگەکە و چەند جارێکیش بە مووشەک کۆگەی وێستگەکە کراوەتە ئامانج و پسپۆڕانیش هۆشدارییان لە ئەگەری روودانی کارەساتی گەورە داوە ئەگەر وێستگەکە نەپارێزرێت.
بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە، 18ی ئاب، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری لڤیڤی ئۆکراینی لەگەڵ هەریەک لە ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە و پرسی ئاسایشی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا پرسی سەرەکی ئەو کۆبوونەوە سێقۆڵییە دەبێت.
لە سەرەتای ئەو هەفتەیەش، بۆ یەکەمجار لە دوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، هێرشی ئینتەرنێتی کرایە سەر ماڵپەڕی فەرمی وێستگەکە و بەمەش ترس لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستبوو بەوەی رەنگە هێرشی سەربازی بکرێتە سەر وێستگەکە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق