ئەوكاتەی جوانی وەك پرسێكی خودی تەماشەی دەكەین

ليست هناك تعليقات



ئیبراهیم حاجی زەڵمی
-
ئاشكرایە پرسی جوانی پرسێكی فەلسەفی و بابەتێكی قسەلەسەركراوو جێی تێڕامانی مرۆیی بووە هەر لەدێرزەمانەوە، بۆ ئەوەی بەكورتی یەك دووقسەی لەسەربكەین دووردەكەوینەوە لەو دابەشکاریەی فەیلەسوفان ئایا جوانی بابەتیە یان خودیە؟ بەڵكو راستەو راست جوانی وەك پرسێكی خودی تەماشەی دەكەین..

دیارە جوانی قسەوباسی زۆری لەسەر كراوەو دەكرێت، زۆرجار دەبینین جوانی وەك خەصڵەتێك دەدرێتە پاڵ شتەكان، یان دەبێت یان دەكرێتە شوناسی شتێك، یاخود دەكرێتە پێوەر بۆ جیاكردنەوەی شتەكان لەیەكتر، زۆرجار دەچێتە ناخی مرۆڤەوە تێكەڵ بە خۆزگەو خواستی دەبێت وەك ئەوەی كەبیداتە پاڵ شتێك یان بۆی زیادبكرایە یان خۆی هەڵگری بوایە و هتد.. کەدەڵێین جوانی خودیە:

بەو مانایە مەبەستمانە کە جوانی شتێك نیە بەدەر لەوەی كە ئێمەی مرۆڤ بریاری لەسەردەدەین، بریاردەدەین كەچی جوانە و چی ناشیرینەو لەناوچۆیدا نیە. لێرەوە دەكرێت بوترێت ئەو جوانیەی كە هەستە دیارەكانی مرۆڤ بڕیاری لەسەر دەدەن بەتایبەتی چاو، وەك ئەوەی بڵێت جوانی بریتیە لەوەی كە شتێك رەزامەندی وەرگرێت لەلایەن هەستەكانی مرۆڤەوە یان چاوی پەسەندی بكات یان گوێی یان هەستەكانی تری پەسەندی بۆ وەرگرن بۆی. یان ئەوەیە پێویستی مرۆڤ بۆی جوانیەكەی یەكلادەكاتەوە نموونە جوانترین شتێك لای برسیەك ڕەنگە نانەڕەقەیەك بێت، لای بەندكراوێك و زیندانیەك جوانترین شت ئازادبوون بێت، لای نەخۆشێك تەندرووستی بێت..هتد

یان ئەوەیە ئەو جوانیەی كە كۆمەڵگە بڕیاری لەسەردەدات و پەسەندی دەكات..

لێرەدا جوانی شتێك نیە ئەوەنەبێت كە پێش وەختە كۆمەڵگە بڕیاری لەسەرداوە، وەك ملوانكەیەكی بریسكەدار دەیكاتە گەردنی ئەو شتەی كە خۆی بڕیاری لەسەرداوە، جا ئەو شتە هەرچی بێت لەقسەو گوتەو رەفتارو هەر دەسمایەیەكی كردەیی و كەلتووری و هونەری و گۆیایی كە لەمرۆڤ بكەوێتەوە یان مرۆڤ لە ژینگە سرووشتیەكەیدا بەركۆشی و بەردەستی و چاوانی بكەوێت. لێرەدا ئاین و بەهاو نۆرم و نەریتەكانی كۆمەڵگە رۆڵی گەورەدەبینن. زۆرشت لەكۆمەڵگەیەك جوانن و لەكۆمەڵگەیەكی تر ناشیرین و تەنانەت یاساغن!

دەشكرێـت بوترێت كە جوانی بە پێی تەماشەكەر و تەماشاگەی دەبنە پێوەردەبێت بە سێ جۆرەوە:

1/ ئەو كاتەی شوێن وەك تەماشاگایەك جوانی دەدات بە شتەكان.. شوێنگەی شتەكە كەئایا چەندە شوێنی خۆی گرتووە، یاخود ئەو شتەی كە بە پێی شوێنگەكە پێویستیەتی جێگەی خۆی كردوەتەوە، كەئەم جۆرە لەجوانی لەتەنسیق و هاتنەوە لەگەڵ هەستەكان و دیدی مرۆڤەكاندا دێتەوە. بەدیویكی تردا جوانی بەم تێڕوانینە هاتنەوەی ئەو شتە لەوەی كە ئەمانەوێت لێی، لەو شوێنەی كە دەمانەوێت ببێت..

وەك شاعرحەمدی ساحیب قەران دەڵێت:

بازاڕی دەهرە قیمەتی ئەشیا بەجێگەیە..

مێشێك بەڕووی نیگارێكەوە بنیشێت لەخاڵ دەچێت..

لێرەدا ڕوومەتێك ئەگەر جوان بوو مێشێك شوێنگەی خاڵێكی جوان دەگرێت مادام لەو شوێنەدا جێی خۆی دۆزیوەتەوە..

2/ ئەوكاتەی تەماشەكەر ئەوی تر دەكاتە پێوەر كە عاشقەكەیەتی مانا دەدات بەجوانی..عاشقێك كە هەرچی لەلای یارەكەیەوە بێت جوانە.. واتە پێوەركە دەبێتە ئەوی تر،واتە یارەكەی لا جوان بوو هەرچی ئەویش هەیبوو یان پێی جوان بوو ئیتر ئەوە جوانە.. لێرەوە هەرچی لەلای ئەوە بێت جوانە.. ئەوەتا شاعیری میللی زەڵم خاتوو (لەیلا زەڵمی) دەڵێت بە یارەكەی كەناوی (ئەوكەلە) دەبێت:

قەزات لەماڵم (ئەوكەلە) شوانە... ئەگەر وێت نمەی (تووتە) كەیت كیانە..

دەڵێت قەزات لەگیانم ئەوكەلە..ئەگەر خۆت نایێت سەگەكەت بنێرە.!! چونكە لای من ئەویش جوان و سوكنادەری دڵە..

3/ تەماشەكەر بۆخۆی..واتە ئەو جوانیەی كە تاك بۆ خۆی و ناخی دەكاتە پێوەر بۆ بینینی شتەكان وەك جوان، ئیتر دەرەوەو پێوەرەكانی دەرەوە ڕەت دەكاتەوە، وەك نالی دەڵێت:

پێم دەڵێن حەبیبە خێل و قیچە مەیلی شەڕ دەكات

خێل و قیچە یان تەرازووی نازی نەختێ سەردەكات؟

تا ئیرە كیشە نیە، ئەوكاتە كیشەیە ئازادی لەتاك دەسەنرێتەوە بۆ دیاریكردنی جوانی و جوانیەكانی..وەك ئیمرۆ.ئەوكات جوان ئەوەیە ئەوانی بالادەس دیاری دەكەن..

لێرەوە كێشەی جوانی و جوان بوون، دەچێتە دۆخی جوان دەركەوتن و جوانكردنەوە ئەوكات پێوەرو (بەها تەشەیو‌و)كەرەكانی ئیمرۆ و (بەشت ناسێنەكانی مرۆڤ )دەكەونە بازاڕی ژیانی مرۆڤایەتی و ئەوەی بەهادارە ئەوەیە ئەوان دەست نیشانی دەكەن و ئەوەی جوانە ئەوەیە ئەوان پێوەری بۆدادەنێن.. كە وای دەبینم كێشەكە دەگاتە ئەوەی ئەوەی مرۆڤە كە بە ئەتەكێتی ئەوان دەژی دەبێت بجوڵێت.. كە بەزمانە ئاینیەكەی كوردەواری ئیتر نیشانەی قیامەتەو تەواو..

تیبینی: ئەو وینەیەم ئیمشەو لە سەر ریكای زانكوی هەلەبجەكرت..كەلەكەل هاورییەكی ئازیزمدا بیاسەمان دەكرد.8/8/2022.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif