سەدام حسێنم چۆن بینی؟

ليست هناك تعليقات


 سالار محمود

بینینی رەوشی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لە تەلەفزێۆنەوە زۆر جیاوازە لە ئامادەبونت لە خودی دادگاکە.

لەوەش جیاوازتر بینینی سەدام حسێن لەتەلەفزیۆنەوە، زۆر جیاوازە وەک لە روو بیبینیت.

سەدام لەخەیاڵدانی ھەموو کەسێک لەعیراقدا ئامادەیی ھەبوو. ھەریەکە بە جۆرێک.

لە خەیاڵدانی مندا تەنھا ئەو دیوەم ئەبینی کە سەرچاوەی تارمایی و ترس و کوشتن و ونکردنە.

ھەرگیز بەبیرمدا نەدەھات رۆژێک بەھەر جۆرێ بێ بیبینم. لەو کەسانەبووم بە وردی چاودێری رەوشی دادگایی بەعسیەکانم دەکرد لە دۆسیەی ئەنفالدا. بۆ ھەر دانیشتنێکی دادگا وتارێکم لەسەر دەنووسی و بۆ رۆژی دواتر لە کوردستانی نوێ بڵاو دەبوەوە.

سەرەتای مانگی حەوتی ساڵی ٢٠٠٦ پێیان وتم میوانداری کراویت بچی بۆ بینینی پرۆسەی دادگایی کردنی تاوانبارانی دۆسیەی ئەنفال. قسەم لەگەڵ لەتیف فاتح فەرەج و عومەر محەمەدی  ئەنفالستان کرد،  دیاربوو ئەوانیش ئاگادار کرابونەوە لەلایەن کامەران چاوشینەوە. 

وا رێک کەوت  رۆژی ٢٠٠٦/٧/٦ لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە سەفەرمان کرد بۆ بەغدا. لەفڕۆکە خانەی بەغداش بەناو دۆخێکی دژواری نا ئارامی و نائاسایشدا بە رەتڵێکی سەیارەوە براین بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا کە لەژێر کۆنترۆڵی ھێزە ئەمریکایی و ھاوپەیمانەکانی بوو. تا گەیشتن بە شوقەکانی بەناو قادسیە زیاتر لە پێنج بازگەی توندی سەربازی لێبوو.

چونکە ئەو سەردەمە خودی سەدام و دارودەستە گیراوەکەی لەناوچەی سەوز زیندانی بوون و بارەگای دادگای باڵای تاوانەکانیش لەناو ناوچەی سەوز بوو لەناو بینای قیادەی قەومی حزبی بەعس.

ھاوسەفەرەکانم بریتی بوون لە ( محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، لەتیف فاتح فەرەج، عومەر محەمەد، عەبدوڵا کەریم مەحمود، مەجید ساڵح، تەھا سلێمان، سالار مەحمود).

پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا لەو ماوەیەی لەبەغدا بوین زۆر زۆر ھاوکارمان بون و بەپەرۆشبون لەگەڵمان بە تایبەتی پشتیوان ئەحمەد و خالید شوانی و رابیحە خان.

رۆژی ٦/٧ براین بۆ قەسری موئتەمەرات بۆ فۆرم پڕکردنەوە بە ئامانجی دروستکردنی ناسنامەی چونە ژورەوەی دادگاو وەرگرتنی زانیاری.

ھەموو ئەو رێکارانە لەلایەن ھێزی سەربازی و ئەمنی ئەمریکاییەوە ئەنجام دەدرا.

دوای سێ رۆژو لە ٢٠٠٦/٧/١٠ بەیانیەکەی بە پاسێکی سەربازی ئەمریکی  درع سوارکراین بەرەو دادگای باڵای تاوانەکان.

لەناو رێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵدا ھەمەری ئەمریکی لەپێش و دواوەمان ئەرۆیشتن. کە گەیشتینە شوێنەکە بە دوو پرسگەی پشکنینی ئەلکترۆنیدا تێپەڕین و دوو دوو دەبراینە سەرەوە عومەر محەمەد و من پێکەوە بووین، دۆخەکە لە فیلمی مەترسیدار ئەچوو ئیجرائاتەکان زۆر توند بوون فڕۆکەی زۆر بەسەر ئاسمانی شوێنەکەوە بوو، براینە قاتی چوارەمی بیناکە کە ھۆڵی دادگاکەو شوێنی دانیشتنی ئێمە بوو.

کاتژمێر نۆو پەنجا دەقیقە گەیشتینە ناو هۆڵی دادگا لەبەشی سەرەوەی هۆڵەکەدا شوێنی میوانەکان بوو. میوانەکان بریتی بووین لە نۆ کوردو حەوت بیانی. کەپرسیارمان کرد؛ ئەم بیانیانە چ کارەن؟ وتیان نوێنەری دادگای ئەوروپی و، دادوەریی بیانی و نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤ و بەرپرسی

یاسایی سەفارەتەکانن. بەر لەوەی دانیشتنەکە بکرێتەوە لەشوێنی خۆمان دانیشتین و هەرکەسەو ئامێری گوێگرتنیان

(هیتفۆن) داینێ. کەچوار کەناڵی هەبوو, کەناڵی سفردەنگی ناو قاعەکەی دەگواستەوە, کەناڵی یەک بۆ زمانی عەرەبی, کەناڵی دوو بۆ زمانی کوردی , کەناڵی سێ بۆ زمانی ئینگلیزی بوو. جامخانەیەکی شوشەیی بەشە میوان و هۆڵەکەی جیا دەکردەوە, واتە ئێمە لەو دیو شوشەکەوە دەمانتوانی هەمووان ببینین.

لەهەر چوار گۆشەی سەرەوەی هۆڵەکەدا کامێرای تەلەفزیۆنی بۆ رووماڵکردنی هۆڵەکە هەڵواسرابوو دیابوو وێنەی بەڕێوەچوونی دادگاییەکە لەو کامێرایانەوە دەگوازرانەوە.

هەروەها هۆڵەکە دوو سورەیای گەورەو چواری بچوکتر لەگەورەکانی لەسەقفەوە بۆ خوار تیا هەڵواسرابوو. هەموو ئەو کورسیانە لە هۆڵەکەدا بوون؛ بەئەوانەی کەئێمەیشی لەسەر دادەنیشتین هەمووی کورسی دەوار بوون. بەڵام کورسی تۆمەتبارەکان نەجوڵاوو پێداربوون و پێکانیان ئیستیل بوو. بۆ هەر یەکێک لەخانەی قەفەسی تۆمەتبارەکانەوە جیهازی مۆنیتەر دانرابوون؛ بۆ ئەوەی لەکاتی پیشاندانی هەر بەڵگەیەک یان نوسراوو وێنەیەک لەشاشە گەورەکەی ناو هۆڵەکە؛ لەنزیکەوە بەڕوونی بیبینن.

بۆ تۆمەتبارەکانیش مایکرۆفۆن دانرابوو. ئەمە جگە لە ئاوی مەعدەنی و  پاکەتی کلینکس کە بۆ تۆمەتبارەکان لەسەر ئەرز لەتەنیشت کورسیەکانیانەوە دانرابوو.

ژوورێکی لاکێشەیی دوو ریز  کورسی جلد وەک ھی سینەما. نێوانی ئێمەو ھۆڵی دادگاکە بە جامی شوشە بەین درابوو بە جۆرێک بەبێ مایکی گوێگرتن دەنگ لە ھۆڵەکەوە نەدەگەیشتە ئێمە.

بەر لەوەی دانیشتنی دادگا دەست پێ بکات ئێمەیان لە شوێنی خۆمان داناو ھەر کەسەو باجی خۆی لەملدابوو ژمارەی باجەکەی من وابزانم ٦١ بوو.

پەردەی بەردەممان لادراو دادگاییەکە بەدەنگێکی بەرز کرایەوە وتی: ( المحکمە).

شوێنی ئێمە لەبەرزی بوو لەپشتەوەی قەفەزی تۆمەتبارەکان و رێک بەرامبەر سەرۆکی دادگا.

ساتەوەختێکی ئاسایی نیە، بۆ ھەموو ھاوڕێکانم و بەتایبەتی بۆ منێکیش کە مناڵی ناو ئەنفال بووم و گوندەکەمان وڕێڵە لەگەرمیان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوە. 

لەژیانیشما تا ئەم نوسینە ھیچ ھۆڵێکی دادگای ئاسایم  نەدیبوو.

کەبەعەرەبی و یەکەم جار بانگی تۆمەتبار سەدام حسێن کرا. لەبەینی دوو پاسەوانی عیراقیدا سەدام ھات و دەرکەوت پاڵتۆیەکی رەش و کراسێکی سپی لەبەر بوو قورئانێکی بەدەستەوە بوو. 

سەدام لەسەر کورسیەکەی خۆی لەپێشەوە دانیشت. بەدوای ئەویشدا سوڵتان هاشم و فرحان متڵگ الجبوری و حسین رەشید و صابر عەبدولعەزیز حسین ئەلدووری و تاهر تۆفیق یوسف ئینجا عەلی حەسەن مەجید؛ کەدواین کەسیان بوو, بەگاڵۆکێکەوەو دشداشەیەکی قاوەیی و عەگاڵێکی سوورەوە لەهەموویان هیلاکتر دیار بوو هاتە ژوورەوە. لەوە بەدوا دادوەر بانگی کرد شایەتحاڵ بێتە ژوورەوە. شایەتحاڵ ژنێکی خەڵکی گوندی کۆرەمۆری سەر بەناحیەی قادر کەرەم بوو, ژمارەی ئیفادەکەی (١٤١٣) بوو. سەدام داوای لە پاسەوانەکان کرد کە دەفتەری تێبینی نوسینی بۆ بهێنن بۆ یان هێنا. بەڵام دادوەرەکە ئاگاداری کردەوەو پێی وت نابێت لەخۆتەوە داوا لە پاسەوان بکەیت بۆ هەر شتێک. هەر داوایەکی ئینسانی یان پێویستیەکتان هەیە بە خۆم بڵێن. بۆتان جێبەجێ دەکەم, دیاربوو صەدام دەیویست لەو سەرەتایەوە رەوتی دادگاییەکە بگۆڕێ

سەدامم بینی بڕوای بەدادگاییەکە نەبوو خۆی مات و بێدەنگ کردبوو ھەر کە دەیزانی مایکی بەردەم دادوەرەکە سور بوە بەمانای ئەوەی جەلسەکە پەخش دەکرێ دەستی دەکرد بەجوڵە جوڵ و ھەوڵی توڕەکردنی دادوەرو دەستەی داواکاری گشتی دەدا. یا لەجێی خۆیەوە قسەی دەکردو ھوتافی دەکێشاو رەوشی دادگاکەی نائارام دەکرد.

جگە لەوە زۆربەی کاتەکە سەری لەسەر دوو لاپەڕەی قورئان بوو بەرزی نەدەکردەوەو گوێ قوڵاخی وتەی شایەتحاڵەکانی ئەنفال و سکاڵا کارەکان نەبوو. رۆژی یەکەم چوار شایەتحاڵی گەرمیانی شایەتیان لەسەر پرۆسەی ئەنفال دا.

پێویستەی قسەی شایەتحاڵەکان بڵاوبکرێتەوە بەکوردی و ھەموو کوردێک بیخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بزانرێ چەن بەسادەیی و راستگۆیی رووداوەکانی ئەنفالیان دەگواستەوە.

سەدام لەناو قەفەسی دادگاشدا ھاوڕێکانی وەک سەرکردەی خۆیان سەیریان دەکرد. حسابیان بە ھەر جوڵەیەکی دەکرد.

بەو حوکمەی لەپێشی ھەموویانەوە دانرابوو لە شۆفێری پاس ئەچوو ئەوانی تریش وەک نەفەر سەیریان دەکرد بزانن چ قسەو ئیعازێکی ھەیە.

دوای دوو سەعاتێک لەبەڕێوەچوونی دادگاکە سەدام رووی خۆی بەلای دەستی راستیا وەرگێڕاو لە شوێنی خۆیەوە دەستی کرد بە نوێژکردنی نێوەڕۆ. بەو جۆرە روخساری زۆرتر لێمەوە دیار بوو رەنگی زەرد ھەڵگەڕاو بوو، لەماوەیەکی ئاسایی زیاتر خۆی مەشغوڵکرد بە نوێژکردنەوە. پێدەچوو زۆر نارەحەت بوبێ بە قسەی شایەتحاڵە ژنەکان کە باسی ئەو ھەموو نەھامەتی و بەزۆر راگواستن و جیاکردنەوەیان دەکرد لە مێردو باوک و براکانیان.

سەدام داوای چوونە دەرەوەی کرد لە قەفەزەکە دادوەر حاکم محەمەد العورێبی ئیزنی دا، لەکات چونە دەرەوەدا بە چاوێکی پڕ لە توڕەییەوە سەیری دەستەی داواکاری گشتی کردو تێپەڕی. دوای دە دەقیقەیەک ھاتەوە ژوورەوە.

پاسەوانەکە تا لای کورسیەکەی ناو قەفەزەکە یاوەری سەدامی کرد، لەو کاتەیا سەدام زۆر بەتوندی پاڵێکی بە سەربازەکەوە ناو کردیە دەرەوە لەقەفەزەکە. سەربازەکە ھیچ کاردانەوەیەکی نەبوو.

عەلی کیمیاویش لە رێزی دواوە دانیشێنرابوو

پرسیاری لە یەکێک لە شایەتحاڵەکان کرد کە چیکردوە لە (منطقة المحرمة)و قەدەغەکراو ئێوە بۆ ماونەتەوە لە ناوچەیەکی چۆڵ و نا ئاوەدان. شایەتحاڵەکەش وتی ناوچەی قەدەغەکراوی چی ئێمە لە گوندەکەی خۆمان بوین. رەبیەیەکی سەربازی عیراقیش بەسەر گومدەکەمانەوە بوو. ئەگەر ناوچەکەمان قەدەغەکراوو چۆڵەوانی بوایە رەبیەی سەربازی لێ نەئەبوو. دوای وڵامەکەی عەلی حەسەن مەجید، کچەکە وتی تاوانی ئێمە تەنیا ئەوەبوو کە کوردبوین، ئێمە کوردبوین بۆیە ئەنفالتان کردین.

دواتر شایەتحاڵەکە داوای کرد سزای سەدام حسێن و عەلی حەسەن مەجید بدرێ لەپای ئەو تاوانانەی دەرھەق بەخۆیان و ئەنفالکردنی بەکەسوکاریان کراوە.

بۆ رۆژی دووەمی دادگا ٢٠٠٦/٧/١١ بەھەمان رێکارەکانی رۆژی پێشوو براین بۆ بینینی دانیشتنێکی تر.

دانیشتنی دووەم رۆژ جیاوازتر بوو لە رۆژی یەکەم. ھەموو شایەتحاڵەکان ژن و کچ بون و باسی چۆنێتی دەستدرێژی سێکسیان دەکرد کە کراوەتە سەریان و شاھیدی دەستدرێژی سێکسی بون بۆ سەر ژنی تریش.

باسی گرتوخانەی تۆپزاواو نوگرە سەلمانیان کرد کە لەو دوو شوێنە زیاتر ئازار دراون. سەدام زۆر توڕە بوو لەو قسەو باسانە 

بینی مایکەکە کرایەوە داوای قسەی کرد. سەدام ھەستایە سەرپێ و بە ئایەتی وقاتلھم حتی لاتکونوا فتنە دەستی پێکرد حاکم محەمەد عورێبی مایکی ۆەخشەکەی کوژاندەوەو دەمە قاڵێ لەنێوان سەدام و دادوەر دروست بوو سەدام زیرەک بوو لە گۆڕینی کەشی دانیشتنەکەو گۆڕینی گفتوگۆکان. کۆمەڵێک قسەی بازاڕی  بەدادوەرەکە وت

سەدام وتی ئەگەر نەھێڵی قسە بکەم ئەچمە دەرەوە

حاکمەکە پێی وت لە سنوری خۆت تەجاوز بکەی و لەچوارچێوەی بابەتەکە دەربچیت رێگەت نادەم و بەدەست منە بمێنیتەوە یا بچیتە دەرەوە کەی بمەوێ ئەتکەمە دەرەوەو کەی بمەوێ ئەتھێڵمەوە.

سەدام بە دادوەرەکەی وت تۆ رقی شەخسیت لەگەڵم ھەیە چونکە لەسەردەمی خۆیدا تەقدیمی کۆلێژی عەسکەریت کردوە شایستە نەبویت و وەرنەگیراوی بە تەعلیقەوە پێی وت خۆت باش ئەزانی لەسەر چی  و بۆ چی وەرنەگیراوی.

بەھۆی ئەم قسانەوە شایەتحاڵەکان قسەی خۆیان لەو دانیشتنە تەواو نەکردو دادوەرەکەش بڕیاری کردنە دەرەوەی سەدامی دا. لەپاش ئەو بەریەککەوتنانە تۆمەتبارەکانی تر دەستیان بەدەنگە دەنگ و پشێوی کرد.

پەلاماری دوو لەپاسەوانەکانیان دا کەلەنزیکی محەجەرەکەو بەمشتەکۆڵە دایان لەسەربازێک پشێوی زیاتر دروست بوو. پەردەی بەردەم شوشەکەی ئێمەیان دادایەوە پێ ئەچوو پۆلیسەکان لەوانیان دابێتەوە.

دانیشتنەکە بۆ ماوەیەکی کورت ھەڵگیراو دواتر دەستی پێکردەوە دانیشتنەکەو سایەتحاڵێکی تر کچێک بوو بەعەرەبی قسەی دەکرد و باسی رەوشی ئەنفالکراوانی دەکرد لە تۆپزاواو نمونەی دەستدرێژی سێکسی لەسەر کچێکی کورد باس کرد لەلایەن جەلادێکەوە کە ئەفسەرێکی ناسراو بوە  بەناوی حسین حلانی.

ئینجا باسی مردنی مناڵی کۆرپە و رەزاڵەتی نەخۆشی و کەم خواردن و ئاوو کرد.

سەدام حسێن لە دۆسیەی ئەنفال لەکاتی گفتوگۆدا ھەوڵی ئەدا نەچێتە ناو وردەکاریەکانەوەو پرسیارو گفتوگۆی لەگەڵ شایەتحاڵەکان نەدەکرد.

لەو دوو دانیشتنەدا شایەتی داکۆکیکار لە تۆمەتباران نەبوو. تەنانەت پارێزەرانی تۆمەتبارانیش بێدەنگ بوون.

ئێمە کە چووین بۆ بەغدا پێش بەشداریکردن لەبینینی دانیشتنەکانی دادگا رۆژی ٧/١٠ ئێوارەکەی بەمەبەستی سەرەخۆشی سەردانی ماڵی حاکم محەمەد عورێبیمان کرد لەشوقەکانی قادسیە، لەکردەوەیەکی تیرۆرکردنا زاواکەی و خوشکەزایەکی کوژرابوون.

داواکاری گشتی مونقز ئال فیرعەنمان لەماڵی خۆی بینی باشی لەوە دەکرد بەعسیەکان زۆر بەدیقەتەوە ئاماژەی دەست و چاوی سەدام و قسەکانی وەک پەیام دەخوێننەوە بۆیە سەدام ھەموو موداخەلەیەکی بۆ گەیاندنی پەیام بوە بۆ ھەوادارەکانی لەدەرەوەی دادگا.

بەو جۆرەو لەبەغداو ناو قەفەسی تاواندا لە دادگای باڵای تاوانەکان سەدام حسێنم بینی.

"بەشێک لە کتێبی دۆسیەی ئەنفال لەدادگای باڵای تاوانەکان

لەئایندەدا بڵاو دەبێتەوە"

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif