ئەبوبکر کاروانی
-
یەکێک لەئەرکەکانی فەیلەسوفی سیاسی گەڕانە بەدوای باشترین شێوازو فۆرمی حوکمڕانی دروستدا، بۆ ئەوەی حکومەت لەسەر بنەمایەکی دروست دابمەزرێت و لەوێشەوە توانای باش ئەنجامدانی ئەرکە گشتیەکانی ھەبێت. ئەرەستۆش لەم چوارچێوەدا ناوێزە نیە.
ئەرەستۆ دوو پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی حوکمڕانی بنەما دروست دەخاتە ڕوو:
ا- شوێنگەو پایەی بەرژەوەندی گشتی و سوودەکانی خەڵك لە لای حوکمڕانان، واتە تاچ راددەیەك توانای بەدیھێنانیانی ئەوانیان ھەیە و کۆمەڵ لەم رووەوە رەزامەندە.
ب- بوون و نەبوونی ھاوڵاتی، واتە تاکەکان بەدەر لەئینتیمای دینی، نەتەوەیی، نەژادی، چینایەتی وکۆمەڵایەتی، خاوەن ماف و ئەرکی وەک یەك بن، سەرچاوەی رەوایەتی و دەسەڵاتبن و بەشداری لەژیانی سیاسیدا بکەن و بەسەر حوکمڕانانەوە چاودێربن.
بەم جۆرە ئەو مودێلە لە حوکمڕانی، وەك تاکی خاوەن ماف و کەرامەت و سەرچاوەی دەسەڵات و ھاوڵاتی ئازاد و یەکسان، مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەدا دەکات، ھەروەھا ئامانجی سیاسەتکردنی بەدیھێنانی سود و قازانجی خەڵکی و بەرژەوەندی و چاکەی گشتی بێت، نەك بەرژەوەندی و سوودی نوخبەی حوکمڕان، بە حوکمڕانی بنەمادروست لەقەڵەم دەدرێت.
پێچەوانەکەشی بنەما نادروستە، چونکە، ئەو حوکمڕانیەی خەمی گەورەی گەڕانبێت بەدوای بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندا، لەسەر حسابی چاکەو بەرژەوەندی گشتی، بەلادەر لەقەڵەم دەدرێت. تۆوی زۆرداری سیاسیشی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە. چونکە کانت گووتەنی، مرۆڤ و گروپی مرۆیی کەلێرەدا کۆمەڵگەی سیاسی پێکدەھێنن، لە ئامانجەوە بوونەتە ئامراز، ھەردۆخێکیش مرۆڤ تیایدا لە ئامانجەوە بوو بەئامراز، بە نائەخلاقی پێناسە دەکرێت.
لەم رووەشەوە ئەرستۆ سەیری ھەندێ فۆرمی حوکمڕانی و روو کەشی سیاسی ناکات، بۆ نموونە گرنگ نییە تاکێ حوکمبکات یان نوخبەیەك یاخود تەنانەت زۆرینەی خەڵکیش، چونکە گرنگ جەوھەر و بوون و نەبوونی پێوەرەکانی حوکمڕانی دروستە نەك ناو و شکڵ و شێوە.
گەر لەم روانگەوە سەیری دۆخی خۆمان بکەین، دەبینین لەھەرێمدا، زۆرینەی خەڵك لە نوخبەی حوکمڕان ناڕازین و پێیان وایە بەرژەوەندی خۆی خستۆتە پێش بەرژەوەندی گشتی و خەڵکییەوە و سوودی خراپ لە پۆستی گشتی و پێگەی حوکمڕانی وەردەگرێت، سامان و ئیمتیازاتەکانیش لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ نیشتیمان و ژیان لەسایەی دەسەڵاتێکی ھاوبەشدا، بەو جۆرەی سەرەتای ھاوڵاتێتی دەیخوازێت، دا بەش ناکرێن!
تاکەکان لەسۆنگەی جیاوازی ئایدۆلۆژی، ناوچەیی، حیزبی و سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتیەوە، لەبەردەم یاسا و سوود وەرگرتن لەدەرفەتەکاندا یەکسان نین! بەڕووکەش نەبێت سەرچاوەی دەسەڵات نین، واتە ھاووڵاتی بەناوەڕۆکە سیاسی و قانونی و مەدەنییەکەی ھێشتا نەخەمڵیوە. لێرەشەوە ئێمە خاوەنی حوکمڕانیەکی بنەما دروستنین و پێویستیمان بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی سیاسی نوێ و دووبارە بیناکردنەوەی سیستم ھەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق