دڵشاد ئەنوەر
-
لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، دووجار ڕۆیشتە بەغدا، ئەمە ئاماژەیە بۆ خراپی دۆخەکە، ئاماژەشە بۆ یەکدەنگ نەبوونی عێراق و هەرێم، لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانەی هاتوونەتە پێش و بەدیاریکراوی، مەترسی هێرشەکان بۆ سەر سنورەکانی هەرێم.
جاری یەکەم، نێچیرڤان بارزانی پێشنیاری لیژنەیەکی هاوبەشی بەغداو هەرێمی کرد بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ ئێران و تورکیا، بەڵام عێراق ڕازی نەبوو. جاری دووەمیش، واتە ئەمڕۆ یەکشەمە، چاوی کەوت بە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ئەمە دەریدەخات، دیسانەوە سەردانەکە ئەمنییە.
دۆخەکە وا دەردەکەوێ، چی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، چی کۆکردنەوەی هێز لەلایەن ئێرانەوە لەسەر سنوری هەرێم، یەک پاکێج بن و عێراقیش بەشێک بێت لە یارییەکە.ئامانجیش لەمە دابڕاندنی بەشەکانی کوردستانە لە یەکتری و دروستکردنی پشتێنە یاخود بۆشایی ئەمنییە بەدەوری وڵاتەکانیان دا، بە بیانووی ئەوەی مەترسی لەسەر ناوخۆی وڵاتەکانیان کەم دەکەنەوە.
جیا لە هاوبەشێتی ئامانجەکانی ئێران و تورکیا، مەترسیەکانیشیان هاوبەشە. تورکیا هەمیشە هەسەدە بە مەترسی دەزانێت و دەیەوێت زیاتر بچێتە ناو خاکی ڕۆژاواوە، تا ئەم هێزە زیاتر دوور بخاتەوە لە سنورەکانی. ئێرانیش پێیوایە، ڕۆژهەڵات کەبووەتە چەقی ناڕەزایەتییەکان، پشتی بە هەرێم و شاخە سەختەکانەوەیە، دەیەوێ بەهێزی عێراقی نزیک لە خۆی، پەیوەندی نێوان ئەم دوو بەشەی کوردستان داببڕێت.
ئێران دەیەوێ سنورەکان بە هێزی عێراق نزیک لە خۆی کۆنترۆڵ بکرێ، بێگومان متمانەی بە هێزە فەرمییەکان نییە، بۆیە دیسانەوە لەسەر جۆر و چۆنیەتی ئەم هێزەش گرفت دروست دەبێتەوە.
خۆ گەر ئەم سیناریۆیە سەربگرێ و هێزی عێراقی بڕواتە سنور، بۆ هەرێم کارەسات دەبێت، جیا لەوەی بە تەواوەتی ئابڵوقە دەدرێ، سیناریۆی مەیرسیدار تریش دەهێنرێتە پێشەوە. هەندێک زانیاری هەیە، عێراق تيگەیشتووە لە خراپی دۆخی هەرێم و ترسی لە هێرشەکان و ڕازیبوونی بە گەڕانەوەی عێراق بۆ سنورەکان، دەیەوێ خواستەکانی زیاد بکات، دوور نییە دوای سنورەکان، داوای دەروازە سنورییەکانیش بکات.
تەحەدای گەورە ڕووی لە هەرێم کردووە، دۆخێکە قسەکەی پلاسخارتمان بیر دەخاتەوە، کاتێک وتی؛ وا مەزانن ئەم هەرێمە تا سەر دەمێنێ. سەرباری ئەم تەحەدا و مەترسییە گەورانە، هێشتا دەسەڵاتدارانی هەرێم جگە لە کەمینەیەکییان، مەست و حەیرانن، سەرقاڵی شەڕە حیزب و پارەدانن بەم خێڵ و بەو خێڵ بۆ ڕکابەرێتیکردنی یەکتری، بێ ئاگا لەوەی بەشێوەیەک تەنگییان پێهەڵچنراوە، ڕەنگە زۆر شت لەدەست بدەن.
بێگومان گەر دەرفەت بۆ عێراق ڕەخسێنرا هێز بباتە سنور، خۆ عێراق بەمەوە دانانیشێ، پلانی زیاتری بۆ داهاتوو و لەقاڵبدانی هەرێم دەبێ، وەکچۆن بە بیانووی گرتنی حەویجەوە، هێزی هێنایە نزیک کەرکوک، دواتر هەر بەهەمان هێز کەرکوکی گرت.
ئێستا چاوەکان لەسەر هەڵوێستی هاوپەیمانانن، هاوپەیمانان بەڕواڵەت دژی هێرشەکانی سەر هەرێمن، سەرباری تێگەیشتنیان لەوەی ئەم هەرێمە هەزار ساڵی تر بمێنێتەوە لە ژێر سایەی پارتی و یەکێتیدا، هیچ بە هیچ ناکات. سەرباری ماندوو بوون و نائومێدبوونیان لە لەحیم کردنی کێشەی نێوان حیزبەکان و یەکخستنی پێشمەرگە، بەڵام دواجار هەڵوێستی ئەوان، ئەنجامی پیلانگێڕیەکانی سەر هەرێم و قەبارەی زیانەکان بۆ هەرێم دیاری دەکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق