مانگی یەكەمی سوودانی

ليست هناك تعليقات


 یاسین تەها
-
نزیك لە مانگێكە حكومەتی محەممەد شیاع سوودانی متمانەی پەرلەمانی وەرگرتووە، بەڵام لەم ماوەیەدا هێشتا گۆڕانێكی بنجبڕی گەورەی لە چاو بەرنامەی كاری حكومەتەكانی پێش خۆی نەكردووە. وەك هەر سەرۆكوەزیرانێكی دیكە، دەستپێكی سەردەمی سوودانی، وەك بەرنامەی كابینە چڕ و دەوڵەمەندەكەی، پڕە لە بەڵێن و مژدەی سەردەمێكی نوێ، بەڵام زۆری و فرەچەشنی و ئاڵۆزی ئەو دۆسیانەی لەسەر مێزەكەی سەرۆكوەزیرانی نوێن، كارێكی وەهای كردووە سوودانی وەك سەرقاڵ و جەنجاڵ دەربكەوێت و نەتوانێت بە سەرەتایەكی تەواو جیاوازەوە دەست پێ بكات.

لە مانگی یەكەمی حكومەتی سوودانیدا "بەشەیتان كردنی حكومەتی كازمی" ئاستی زۆری بڕیوە، لەم میانەیەشدا هەنگاوەكانی حكومەت و میدیاكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، حكومەتەكەی كازمی وەك بەرپرسیاری زۆر لە شكستەكانی عێراق دەناسێنن، بەڵام بەوپێیەی دوو ساڵەكەی كازمی، تەنیا رێژەی 10%ـی تەمەنی حوكمڕانی كۆماری عێراق لەدوای 2003وە پێكدەهێنێت، ئەگەری زاڵ ئەوەیە زۆر لە كێشەكانی عێراق تەمەنیان بۆ ئەم كابینەی سوودانیش درێژ ببنەوە، بەتایبەت كە حكومەت هێشتا گیرۆدەی بڕیاردانە و لەژێر هەژموونی پشك پشكێنەی حیزبەكاندایە. تەنانەت وەزیری تەندروستی نەیشاردەوە لەپاش بەشكردنی وەزارەتەكانی حكومەت، ئێستا پشك پشكێنە لە قۆناخی بەڕێوەبەرە گشتییەكاندایە وەك پاداشت بۆ ئەو لایەنانەی حكومەتیان پێكهێناوە و سوودانییان سەرخستووە.

گرنگیدانی یەكەمی سوودانی بە دۆسیەكانی ناوخۆیە. بازنەی یەكەمی گوتار و هەنگاوەكانیشی بۆ پارێزگا شیعە نشینە پەراوێز خراوەكانە. بەو پێیەی دروشمی سەرەكی كابینەكە و لایەنە شیعەكانیش "حكومەتی خزمەتگوزاری" یە، لە دەرەوەی ئەم بازنەیەش، حكومەت لیستێكی درێژی پابەندیی لە ئاست كێشەی ناوچە سوننە نشینەكان و هەرێمی كوردستان لەسەر خۆی داناوە، كە بیانكاتە پڕۆژەیاسا و رەوانەی پەرلەمانیان بكات، ئینجا نۆرەی گرنگیدانە دەرەکییەکان دێت. بە پێچەوانەی سەردەمی كازمی، كە سیاسەتی دەرەوە لە ریزبەندی یەكەمدا بوو. لەم رووەوە سوودانی یەكەم سەردانی دەرەوەی، بۆ ئوردن بوو، نەك سعودیە و ئێران كە دوو جەمسەرە سەرەكییە ركابەرەكەی ناوچەكەن.

تاوەکو ئێستا سوودانی بڕیارێكی یەكلایی و پلانێكی "شۆڕشگێڕانە"ـی بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) دیارنەماوەكەی "سپاردەی باجی كۆمانپانیاكان" نییە، جگە لە حەواڵەكردنی بۆ وردبینی و بەربەستە ئاڵۆزەكانی لێكۆڵینەوە. بەهۆی ئەوەی دیوانی چاودێری داریی میكانیزمی جێبەجێكەری بەدەستەوە نییە، دەستەی دەستپاكی عێراقیش لە پشك پشكێنەدا بەر لیستەكەی مالیكی كەوتووە، ئەستەمە سوودانی لەم دۆسیە گەورەیە و كۆی دۆسیەكانی دیکەی گەندەڵی بتوانێت بازی گەورە بدات، چونكە پێداگری مالیكی لەسەر وەرگرتنی ئەو دەستە چاودێرییە، لەوانەیە بۆ پاسەوانی كارنامەی هەردوو كابینەكەی خۆی و (2005_2014) و بەكارهێنانی لە دژی ركابەرەكانی بێت.

گەورەترین رەخنەی سوودانی لە كازمی، ئەوكاتەی پەرلەمانتار بووە، بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بوو بەرامبەر بە دینار (1 دۆلار بە 1450 دینار)، بەڵام دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، خۆی لە ئۆباڵ و لێكەوتەكانی دابەزاندنی نرخی دۆلار رزگاركرد بەوەی كە "پابەندە بە سیاسەتی بانكی ناوەندییەوە". لایەنە شیعەكان بەردەوام دژی ئەوە بوون مستەفا كازمی بە "فەرمانی دیوانی 29 2020" لیژنەیەكی باڵای پێكهێنا بە سەرۆكایەتی "ئەبو رغیف" بۆ پرسە هەستیارەكان كە سەر بە خۆی بێت، بۆیە لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە لیژنەكەیان هەڵوەشاندەوە (ئاداری 2022)، كەچی كاتێك سوودانی فەرمانی دەرکرد لیژنەیەكی باڵا بۆ "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی" پێكبهێنرێت و سەر بە خۆی بێت، زۆربەیان ستایشیان كرد و بە هەنگاوێکی گرنگ سەیریان كرد، لەكاتێكدا هەمان ئاراستە و هەمان میكانیزمە و بازدانیشە بەسەر دەستەی دەسپاكی و چاودێری دارایی دا.

سوودانی بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی لەسەر ئاستی نێوخۆ، بەنیازی گۆڕینی سەرجەم پارێزگارەكانە، بەڵام ئەوەی سەیرە، ئەم هەنگاوە یەكەم جار لەلایەن مالیكییەوە و بەناوی ئەوەوە راگەیێندرا، تاوەکو ئێستاش چانسی سەركەوتنی ئەم هەنگاوە روون نییە، چونكە دەگوترێت لەبەر رۆشنایی بەركەوتەی هەڵبژاردنەكانە و سەدرییەكانیش چوونەتە دەرەوەی پەرلەمان و دیار نییە چۆن دابەش دەكرێت. ئەگەر بەگوێرەی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش بكرێت، ئەوە لە جیاتی 4 ساڵ، ماوەی 9 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و لەوكاتەوە تاوەکو ئێستا، زۆر شت لە خواست و ئاراستەی دەنگدەران گۆڕاوە، لە پێش هەمووشیانەوە خۆپیشاندانەكانی تشرینی (2019) و دەركەوتنی زۆر هێز و گرووپی نوێ.

لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی بەغداو هەرێمی كوردستانیش، سوودانی هاوشێوەی هەردوو كابینەکانی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا كازمی (2018 و2022) گەشبینە و چاوی لە چارەسەرە، بەڵام ناڕووونی تەمەنی حكومەتەكەی و زۆری و ئاڵۆزی دۆسیەكانی بەردەمی، ئاڵینگاری گەورەن، بەتایبەت ئێستا لەنێوخۆی كوردستانیش پەرتەوازەیی و بەریەككەوتنی زۆری هەردوو هێزە سەرەكییەكە هەیە و ئاستی چارەسەركردنی هەندێك لەو كێشە ئاڵۆزانەش وەك نەوت بۆ نموونە، تەنیا شەش مانگی بۆ دانراوە لەكاتێكدا تەمەنی گرێ و كێشەكانی ئەم دۆسیەیە 15 ساڵە.

لەو سەردانەی كە سوودانی بۆ نەخۆشخانەكەی كازمییە كردی و لەو توڕەبوونە بەناوبانگەیشی كاتێک كە گوتی "خوا موەفەقمان نەكات لەسەر ئەم خزمەتە"، دیوێكی شاراوە هەیە. وەزیری ئێستای تەندروستی، پێشتریش هەر وەزیری هەمان وەزارەت بووە و لە حیزبەكەی سەرۆك وەزیرانیشە. ئەمەش دیسانەوە گورزێكە لەو هیوایانەی لەسەر توانای تاكەكەس كەڵەكە دەكرێن بۆ چاككردنی دۆخی عێراق بەتایبەت لەم مانگەدا هیچ وەزیرێك هێشتا پلان و بەرنامەی خۆی بۆ چاكسازی و جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت رانەگەیاندووە و ئەوەی هەیە و نییە، تەنیا گرەوێكە لەسەر نیاز و خەونەكانی سوودانی وەك رووخساری نوێی ماڵی شیعە!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif