دڵشاد شهاب: دەمانەوێت دڵنیایی زیاتر بدەینە دراوسێکانمان

ليست هناك تعليقات

 

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی وردەکاریی سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند: "سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کۆکبوون لەسەر ئەوەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکرێن."

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشکی دەکات، لەبارەی هاتنی هێزی عێراقی بۆ سەر سنوور رایگەیاند: "بەپێی دەستوور پاسەوانی سنوور لە هەموو سنوورەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە جێگیرن و ئەمە کارێکی ئاساییە، هەرێمی کوردستان هیچکات و بۆ هیچ شوێنێک نە ناڕەزایەتی هەبووە و نە رێگریشی کردووە، بەپێچەوانەوە ئێمە حەز دەکەین هێزەکانی پاسەوانی سنووری بێن و ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن." 

دەقی چاوپیکەوتنی دڵشاد شەهاب ، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان 

رووداو: لەماوەی هەفتەیەکدا دوو جار سەردانی بەغداتان کرد کە تەواوکەری یەکتربوو، هۆکاری سەردانەکەتان چیبوو؟

دڵشاد شەهاب: وەکو بنەمایەک، هەمیشە بۆ سەردانەکان سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە، نابێ وایلێبێت سەردانی ئێمە بۆ بەغدا بە نامۆیی سەیر بکرێت، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵە و هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا و کاری هاوبەش و بەرژەوەندی و چارەنووسی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ یەک، بەڵام رەنگە ئەمجارە تایبەتمەندییەکی تێدابێت کە ئەویش دوای دەستبەکاربوونی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، هەم بۆ نیشاندان و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی کارەکانی و سەرخستنی کابینەکە و هەمیش بۆ پیرۆزبایی و گفتوگۆکردنێکی جیددیتر لەسەر شێواز و میکانیزمی جێبەجێکردن و چۆنیەتی پەیداکردنی پاڵپشتییەکی هەمەلایەنە بۆ ئەو بەرنامە پەسندکراوەی کە سوودانی پێشکێشیکردبوو و هەموو لایەنەکان لەسەری رێککەوتبوون. هەروەها بۆ ئەو پرس و بابەتانەی ئێستا هەن کە دۆخی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتیی لەسەر سنوورەکان ناڕەحەتییەکی دروستکردووە، هەڕەشە هەیە و تۆپباران هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەوە نیگەرانییەکی لای هاووڵاتییان دروستکردووە. 

لە کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا کە باسی هەندێک شت دەکرێت دەڵێن، ئەم پرسە پەیوەندی بە سەروەرییەوە هەیە و دەبێ لە چوارچێوەی دەسەڵاتە سیادییەکان، حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوە فیدراڵییەکان لەسەر هێڵ بن کە ئێستا خودی ئەو سەروەرییەی باس دەکرێت پێشێلدەکرێت و سنوور دەبەزێندرێت و هەڕەشە لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان وەکو بەشێکی فیدراڵ دروستدەبێت. ئێستا لە هەر کاتێکی دیکە پێویستترە بەیەکەوە کار لەسەر ئەم بابەتی سیادییە بکەین و لایەنەکان بە جیددی بێنە سەرهێڵ. ئەوانە بەشی ئەوە دەکەن کە بخوازێت سەردانی بەغدای بۆ بکەین.

رووداو: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟

دڵشاد شەهاب: ئەو بەرنامەیەی حکومەت کە لەسەری رێککەوتووین و ئەو کێشانەی بەردەوام دێنەوە ئارا، بەتایبەتی ئەوانەی لەم دواییە چڕبوونەتەوە، بابەتەکانی مادەی 140 و هاوکاری و هاوئاهەنگی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، پرسی نەوت و گاز و بودجە و دارایی و بابەتەکانی پەیوەست بە یاسای دادگەی فیدراڵی، پێکهێنانی ئەنجوومەنێک بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەی پێکهێنەری حکومەتن، بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ یەکدی هەبێت. 

رووداو: ئەو ئەنجوومەنە چییە؟

دڵشاد شەهاب: وەکو لە بەرنامەکەدا هاتووە، دوو ئەنجوومەن پێکهاتوون کە یەکێکیان ئەنجوومەنی لایەنە سیاسییەکانە کە کۆبوونەوەی زنجیرەییان هەیە و هەرجارەی لەلای یەکێک لە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دانیشتن دەکرێت، ئەمڕۆ دانیشتنەکە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوپەیمانیی پێکهێنانی حکومەت بەشدارن.

رووداو: پارتیش بەشدار دەبێت؟

دڵشاد شەهاب: بەڵێ بەدڵنیاییەوە بەشدار دەبێت و هەموو لایەنەکان بەشدار دەبن و کۆبوونەوەکان لە بەغدا بەڕێوەدەچن. ئەوە بۆ یەکەمجارە ئەوە رووبدات. بۆ هەرێمی کوردستانیش، راستییەکەی ئەم کابینەیە جیاوازییەکی هەیە کە لەسەر بەرنامەیەکی نووسراو و واژۆکراو و هاوکات دیاریکراو بە خشتەیەکی زەمەنییەوە پێکهاتووە.

رووداو: ئەو ئەنجوومەنە کاری چییە؟

دڵشاد شەهاب: ئەنجوومەنێکی سیاسییە، لە کابینەکانی پێشوو هەر لە عادل عەبدولمەهدی تاوەکو مستەفا کازمی، لەسەر بودجە رێکدەکەوتین لە حکومەت، کە بودجە دەنێردرا بۆ پەرلەمان دەنگی نەدەهێنا یان گۆڕانکاری بەجۆرێک تێدادەکرا کە مافەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەماندا دەکەوتنە ژێر هەڕەشە، ئەوەی ئەمجارە کراوە جیاوازە، ئەم ئەنجوومەنە کاتێک کۆدەبێتەوە، لایەنە سیاسییەکانی سەرجەم کوتلەکانی پەرلەمان کە دەنگیان بەم حکومەتە داوە، تێیدا ئەندامن، نموونەیەکی بەرجەستە کە کارێکی گرنگیشە، ئێستا گفتوگۆی ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2023 لەئارادایە، کاتێک ئەو گفتوگۆیانە تەواودەبن، دەخرێنە ئەجێندای کاری لایەنەکانیشەوە بۆ ئەوەی دواجار لە پەرلەمانیش پاڵپشتی لێبکرێت و کوتلەکانی پەرلەمان کە فەرمان لە لایەنی سیاسیی خۆیان وەردەگرن، پاڵپشتی لێدەکەن. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پەیداکردن و پاڵپشتی بەردەوامی پەرلەمانییە بۆ سەرخستنی بەرنامەی کاری حکومەت. ئەنجوومەنێکی دیکەش پێکدێت کە سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و کەسایەتییە یەکەمەکانی حیزبەکانی بەشداربووی حکومەت تێیدا ئەندامن. ئامانجی ئەو دوو ئەنجوومەنە بۆ ئەوەیە حکومەت هەستبکات حکومەتێکی پاڵپشتیکراوە.

رووداو: واتا دوو ئەنجوومەنن، ئەنجوومەنێکی سیاسی و ئەنجوومەنێکی حکومی؟

دڵشاد شەهاب: ئەوەی ئێستا ئەنجوومەنی سیاسییە کە کارەکانی بەڕێوەدەچن، بەڵام بڕوام وایە دەکرێ ئەو دوو ئەنجوومەنە تێکەڵبکرێن.

رووداو: وابڕیارە ئەنجوومەنێکی حکومیش دروستبکرێت لە وەزارەتی نەوت و دارایی و سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکەن؟

دڵشاد شەهاب: ئەنجوومەنی تایبەت هەن و پێشتریش لە حکومەتەکانی عێراقیدا هەبووە کە بۆ هەر بوارێکی دیاریکراوی دارایی و ئەمنی و پەیوەندییەکان و... یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکوەزیران و هەندێکجار راستەوخۆ بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران کاریانکردووە، ئەوانە هەمووی میکانیزمی کردارین بۆ ئاسانکاری، بۆ نموونە ئێستا ئامادەکارییەکانی بودجە کە لە وەزارەتی داراییەوە دەکرێن، دواتر لە ئەنجوومەنی ئابووری کە کۆمەڵێک وەزارەتی پەیوەندیدار تێیدا ئامادەدەبن تاوتوێ دەکرێتەوە. دابەشکردنی بوارەکان و کارکردن لەسەریان بۆ ئێمەش ئاسانتر دەبێت، کاتێک هەرێمی کوردستان لە بوارێکی دیاریکراودا کێشەیەکی دەبێت یان پێویستی بە هاوئاهەنگی و هاوکاری زیاتر دەبێت، دەرئەنجامە سەرەکییەکان باشن کە بە کرداری دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

ئێستا کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە بەڕێوەدەچن، هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداردەبێت، ئەمە شتێکی نوێیە، لەمەودوا شاندی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سوپای عێراق.

رووداو: حکومەتی ئێستا پرۆگرامێکی هەیە کە هەموو لایەنەکان پێی گەشبینن، توانای جێبەجێکردنی ئەو پرۆگرامە چەندە؟

دڵشاد شەهاب: دەبێ بزانین پێوەرەکانی جێبەجێکردن چین، یەکەمیان ئەو بەرنامەیە دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان لایەنەکان نووسراوەتەوە، بەڵام ئەمە عێراقە و زۆرجار هەندێک رووداو دێنە پێش کە لە چاوەڕوانی کەسدا نییە، بەڵام خاڵە بەهێزەکانی ئەو حکومەتە ئەوەیە کە سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانی عێراقی تێیدا بەشدارن جگە لە رەوتی سەدر، واتا یەکەمجارە حکومەتێکی پاڵپشتیکراو لەلایەن هەموو پێکهاتەکان پێکدێت.

رووداو: ئەمە وادەکات بەرنامەکەی حکومەت جێبەجێبکرێت؟

دڵشاد شەهاب: بەڵێ، ئەمە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانیەتی. خاڵێکی بەهێزی دیکەش ئەوەیە کە دۆخی ئابووری عێراق باشە و ئێستا زیاتر لە 90 ملیار دۆلار پارەی یەدەگی هەیە کە یەکەمجارە ئەو ژمارەیە لە عێراق تۆمار دەکرێت، هاوکات داهاتی مانگانەی باشە و زیاتر لە 10 ملیار دۆلار داهاتی ئێستای عێراقە، هەڕەشەی ئەمنی ئێستا کەمترن و سەقامگیرییەکی رێژەیی لە عێراقدا هەیە. 

رووداو: سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانتان کرد و دوو جار لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە، بۆچوونیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چۆن بوو؟

دڵشاد شەهاب: ئەو بەرنامەیەی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەری رێککەوتووین باسی لە سەرجەم ئەو وردەکارییانە کردووە کە کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدابوون و چارەسەریشی بۆ دۆزیونەتەوە، بۆ نموونە تاوەکو یاسای نەوت و گاز دەردەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستکراوەکراون بۆ کارکردن لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش و ئەو خاڵانە سەرجەمیان لە پەرلەمانیش دەنگیان پێدراوە. 

رووداو: ئەو بڕیارانەی دادگەی فیدراڵی چۆن چارەسەرکراون؟

دڵشاد شەهاب: بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بە لایەنی دیکە چارەسەر ناکرێن، دادگەش وەکو هەموو دامەزراوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دوورنییە لە دابەشبوونی سیاسی، بۆیە کاتێک رێککەوتنێکی سیاسیی هەمەلایەنە دەکرێت و پەرلەمانیش دەنگی پێدەدات، من ناڵێم زاڵ دەبێت بەسەر بڕیاری دادگە، بەڵام کاریگەری خۆی هەر دەبێت.

رووداو: لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لای سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هیچ لەوبارەوە گوترا؟

دڵشاد شەهاب: لەو دیدارەدا ئەوەی ئێمە لە فایەق زێدان هەستمان پێکرد، تێگەیشتنێکی جوانی بۆ ئەم رێککەوتنانە هەیە و رۆڵیشی هەبووە لە نزیککردنەوەی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوەی لە گفتوگۆکاندا هەستمان پێکرد، پشتیوان دەبێت بۆ ئەوەی دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانە بدۆزرێتەوە، لەبەرئەوەی بەشێکی ئەو گرفتانە کە دروستدەبن و دەچنە بەردەم دادگەی فیدراڵی، لە ئەنجامی ناڕوونی یاساکانە، بۆ کێشەی نەوت و گاز ئەگەر یاسایەکی روون بۆ ئەمە هەبێت و هەموو لایەنەکان پشتگیری بکەن و مافیان تێیدا بەرجەستەکرابێت، ئەوکات ناچار نابن ئەو مشتومڕانە بەردەوام ببرێنە دادگەی فیدراڵی بۆ ئەوەی بریاری لەسەر بدات. بۆیە دادگەی فیدراڵی لەم قۆناخەدا هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی حکومەت سەربکەوێت.

رووداو: لە ماوەی رابردوو لە هەولێرەوە سەردانی زۆر هەبووە بۆ بەغدا، جیاوازی ئەو سەردانە لەگەڵ سەردانەکانی پێشوو چییە، گەشبینییەک هەیە کە سەردانی ئەمجارە بەرهەمێکی هەبێت کە پەیوەندی بە گوزەرانی خەڵکەوە هەبێت؟

دڵشاد شەهاب: هەستمکرد رژدییەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئیدی مشتومڕی لەسەر ئەوە نەماوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی هەیە یان نییە، لە رابردوو بەشێک لە مافەکانی ئێمە کرانە کارتێکی سیاسیی کە رەنگە بەشێکی پەیوەندی بە پێکهێنانی حکومەت و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکانیشەوە هەبووبێت، ئێستا ئەم بارودۆخانە نەماون و ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر بڕیاری حکومی و سیاسیی عێراق هەیە، هەموویان زەمینەیان تێدا هەیە.

رووداو: گەشبینییەک دەبینم لە هەرێمی کوردستانەوە کە کەمجار ئەمە بەدیکراوە، ئەم گەشبینییە لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

دڵشاد شەهاب: بەڵێ تێگەیشتنێکی باش هەیە و بناخەکەی ئەو رێککەوتنەیە کە لە پرۆگرامەکەدا هاتووە و بناخەی دووەمیشی ئامادەیی لایەنەکانە، لەڕاستیشدا هەموو ئەو لایەنانەی بینیمانن، دووپاتیان لەوە کردەوە. بوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەو قورساییەی هەیەتی و بەپێی یاساش نوێنەرایەتی گەلی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی دەکات، هەبوونی لەو بابەتانەدا و هەڵوەستەکردنی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ بە وردەکارییەوە، هەم پاڵپشتییەکە بۆ پرسەکە و هەم کەسایەتی خۆیشی وەکو کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی و رۆڵبینینی لە خاوکردنەوەی گرژییەکان و زەمینەسازی بۆ لێکتێگەیشتنی باش و هەروەها ئەو ئامادەکارییانەی ئێستا لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا کراون رۆڵی هەبووە، لە رۆژی یەکەمی سەردانەکەماندا بۆ بەغدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرۆکی هەرێم لەبەغدایە و خۆشم ئامادەم و تیمی حکومەتیش ئامادەیە"، واتا ئامادەسازییەک لە هەردوولاوە هەیە و تێگەیشتنێکیش هەیە. لە هەموو دیدارەکاندا ناکۆکییەکی ئەوتۆم هەست پێنەکرد، کە ئەوەندە رێگربێت لە بەرامبەر رێککەوتنەکان.

رووداو: کەی ئەنجامی ئەو یەکدەنگییە دەبینین؟

دڵشاد شەهاب: ئێستا گفتوگۆکان دەستپێدەکەن و تیمی هونەری حکومەت لە بەغدان و دەچنە ناو وردەکارییەکانی بابەتی بودجەی 2023 و هاوکات دەستدەکرێت بە ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز، پرسێکی گرنگی دیکەش هاوکاری ئەمنییە و لە هەموویان گرنگتریش کە کۆدەنگی لەسەرە، بارودۆخی ئێستای هەرێمە لەگەڵ دراوسێکان.

رووداو: هەرێمی کوردستان و بەغدا چۆن دەتوانن رووبەڕووی ئەم هەڕەشانە ببنەوە؟

دڵشاد شەهاب: ئەوە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، بابەتێک نییە کە ئێمە داوا لە بەغدا بکەین، بەیەکەوە دەبێ زۆر بە رژدی چارەسەری بکەین، لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە پەیوەستە بە سەروەریی عێراق و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان دروستکردووە و خەڵکیش بە نیگەرانییەوە لێی دەڕوانن، بڕیار وایە لەم رۆژانەدا محەممەد شیاع سوودانی سەردانی تاران بکات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بە راشکاوی پێی راگەیاند کە هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکارییەکە و چەندجار دووپاتیکردەوە بەهیچ شێوەیەک بوار نادرێت خاک و سنووری هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی هیچ جموجووڵێکی چەکداری یان ببێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشەیەک بۆ دراوسێکان. ئێمە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور، هاوکاری و هاوئاهەنگییەکی تەواو لەگەڵ دامەزراوەکانی فیدراڵی دەکەین و ئامادەین بۆ ئەوەی ئەم دڵنیاییە بە کردار بۆ دراوسێکانی خۆمان بسەلمێنین.

رووداو: بەکردار چۆنە، باس لەوە دەکرێت کە هێزی عێراقی دەهێنرێتە سەر سنوورەکان؟

دڵشاد شەهاب: هێز هەیە، بەڵام هێزەکە رەنگە لەئاستی پێویستدا نەبێت، بەپێی دەستوور پاسەوانی سنوور لە هەموو سنوورەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە جێگیرن و ئەمە کارێکی ئاساییە، هەرێمی کوردستان هیچکات و بۆ هیچ شوێنێک نە ناڕەزایەتی هەبووە و نە رێگریشی کردووە، بەپێچەوانەوە ئێمە حەز دەکەین هێزەکانی پاسەوانی سنووری بێن و ئەرکی خۆیان جێبەجیبکەن، ئەوە نە تانەیە بۆ هەرێم و نە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، بەپێچەوانەوە پشتگیر و هاوکاریش دەبین و بەشداریشمان تێیدا دەبێت وەکو بەشێکی کاریگەر لەو سیستمە ئەمنییە. 

وەک هەرێمی کوردستان بەدڵ حەز دەکەین لەو هێڵە سنوورییەی لەنێوان ئێمە و دراوسێکانماندا هەیە، هێزەکانی فیدراڵی کە بریتین لە پاسەوانی سنوور، بێن لەسەر هەموو خاڵەکانی سفر جێگیربن. لە زۆر شوێن بینیم گوتراوە رازی بووین هێز بێتە هەرێم، هەرێمی کوردستان لە مەترسیدا نییە و لەشەڕدا نییە، سنوور گرفتی هەیە و هێزە فیدراڵییەکان کە کارێکی دەستووری و زۆر ئاساییە لەوێن، بەڵام بەو بێ ئیمکانیاتی و کەمی ژمارە و هێزی سەربازییە، ئێمە ئامادەین و دڵنیایی ئەوە دەدەین کە بە هیچ شێوەیەک رێگەنەدەین لە سنوورەکانی ئێمەوە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانمان دروستبێت، بەڵام کاتێک لایەنێکی دیکە بێت کە لایەنی فیدراڵییە و لەو شوێنە جێگیربێت، هەم ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە و هەم سبەی دەبێتە شایەتی راستییەک کە دڵنیایی دەدات بە دراوسێکانیش و پێموایە دراوسێکانیش بیانەوێ هێزێکی لەم شێوەیە لە سنووربێت بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە کە هەڕەشەی چەکداری لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە نییە. چونکە ئێمە رێز لەو دراوسێیانەمان دەگرین و بەرژەوەندی هاوبەش و مێژوویەکمان بەیەکەوە هەبووە و هەرێمی کوردستان بێباک نییە لەم پەیوەندییانە، لە هەمان کاتیشدا چاوەڕوانمان هەیە رێزگرتنێکی دوولایەنەبێت و رێز لە سەروەریی عێراق و پێگەی هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی فیدراڵی و سەرچاوەی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکە بگرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif