ئۆکراینا داوای لێسەندنەوەی مافی ڤیتۆ لە رووسیا دەکات

ليست هناك تعليقات



وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دەڵێت، وڵاتەکەی داوای دەرکردنی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش وەکو ئەندامێکی هەمیشەیی دەکات، لە کاتێکدا رووسیا یەکێکە لەو پێنج ئەندامەی کە مافی ڤیتۆیان هەیە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2022، دمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "رۆژی دووشەممە بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوێستی خۆمان رادەگەیێنین. ئێمە پرسیارێکی زۆر سادەمان هەیە: ئایا رووسیا مافی هەیە وەکو ئەندامێکی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا بمێنێتەوە؟"

وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی، "ئەوان وەڵامێکی قایلکەریان هەیە کە نابێت رووسیا وەکو ئەندامێکی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا بمێنێتەوە."

کولێبا گوتیشی، "پرسی کورسیی هەمیشەیی ڤیتۆی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستاوە لە بازنە دیپلۆماسییەکاندا تاوتوێ دەکرێت."

جگە لە رووسیا، هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین مافی ڤیتۆیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا هەیە و دەتوانن هەر بڕیارێک کە لە ئەنجوومەنە 15 ئەندامییەکەوە دەربچێت رەتیبکەنەوە. ئەوەش وادەکات رووسیا هەر بڕیارێک کە لە دژی دەدرێت بتوانێت ڤیتۆی بکات.

کولێبا دەڵێت، "هێشتا ئەم بابەتانە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکان و لێدوانە گشتییەکاندا لەلایەن سەرکردەی وڵاتان و حکومەتەکانەوە باس نەکراون، بەڵام لە ئاستێکی نزمتردا، خەڵک لە ئێستاوە ئەو پرسیارە دەکەن: رووسیا دەبێت چۆن بێت بۆ ئەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی؟"

بەشێک لە وڵاتان لەمێژە داوای چاکسازی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا دەکەن، هەندێکیش رەخنە لە نەبوونی کورسیی هەمیشەیی بۆ وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دەگرن.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولی 2022دا رایگەیاند، پشتگیری لە فراوانکردنی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات بۆ ئەوەی " گشتگیرتر بێت."

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا، وڵاتە زلهێزەکانی رۆژئاوا هەڵسەنگاندیان بۆ رێسا و رێکارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی رووسیا رێگریی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ناکات.

ئەوان روویان لە رێکخراوێکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە ئەویش کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە 193 ئەندام پێکدێت، بۆ ئەوەی سەرکۆنەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif