دوای تێپەڕبونی (90) ڕۆژ بەسەر کابینەکەی "موحەمەد شەیاع سودانیدا"
بەرە- بەرە ئیدارەی ئەمریکاو ئێرانییەکان، لایەنە شیعیو سوننیو کوردییەکانی خستۆتە بەردەم پرسیاری جۆراوجۆرەوە؟ ئایا چوارچێوەی هەماهەنگی تا کۆتایی پاڵپشتی سودانی دەکەن؟ کە ئایە کێ بون ئەوانەی "سودانی" یان کرد بەسەرۆک وەزیران؟
هەر لەسەرەتاوە چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهاتەی پێنج کۆڵەگەی سەرەکیە ئەوانیش: حزبی فەزیلە، حزبی دەعوە، حەشدی شەعبی، تەیاری حیکمەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەعێراق، کە دواجار حکومەتیان پێکهێنا، ئایا تاسەر بەیەکەوە دەمێننەوە؟
قۆناغی پاکتاوکردنی لایەنگرانی کازمیو سەدر!!!
دوای تێپەڕبونی زیاتر لەساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، دواجار لەئۆکتۆبەری 2022 "موحەمەد شەیاع سودانی" بەتەنها خۆی مایەوە لەگۆڕەپانەکەداو، ئەمریکییەکان بێدەنگیان لەوەکرد کە ببێت بەسەرۆک وەزیران، ئێرانییەکانیش پاڵپشتییان لێکرد، هەر لەگەڵ هاتنی ئەو بۆ سەر کورسی سەرۆک وەزیران، لەبری پیرۆزباییو بەریکردنی میوان دەستی کرد بەلادانو دورخستنەوەی کەسە نزیکەکانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو "مستەفا کازمی" کە لە(52) بەڕێوەبەری گشتیو (22) ڕاوێژکارو (4) دەستە پێکهاتبون.
سەرەتای گۆڕانکارییەکانیش لە"ڕاید جوحی" کە بەکاراکتەرێکی پلەیەکی کازمی ناسراوە، دەستیپێکرد
ڕائید جوحی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو بەمدواییەش کازمی کردی بەسەرۆکی دەزگای هەواڵگری لەعێراق، سودانی لەهەردوو پۆستەکەدا دوری خستەوە، پاشان بەڕێوەبەری گشتی پرۆتۆکۆڵو مەراسیمەکانی لەئەنجومەنی وەزیران "حەسەنەین ڕەشید نەقی" کە پێنج سەرۆک وەزیرانی بەدوای یەکدا بینی بوو، لەلایەن سودانییەوە لەشوێنەکەی خۆی لادرا.
ئاژانسە عێراقیو دەرەکییەکان، ئاماژەیان بەوەکرد، دوای دەستبەکاربونی سودانی بەسەدان کامێرای چاودێریی لەدیوانو نوسینگەکەیدا دۆزراونەتەوە، تا ئێرە قۆناغی یەکەم بوو، کە لادانو گۆڕینی کەسە نزیکەکانی مستەفا کازمی بون، لەمەشدا "سودانی "سەرکەوتوو بوو.
لەقۆناغی دواتردا، سودانی دەستی لەسەدرییەکانیش نەپاراست، لەم هەنگاوەشدا (4) بەڕێوەبەری گشتی سەدرییەکانی گۆڕی، ئەمەش کاردانەوەی سەدرییەکانو هەراسانبونی "موقتەدا سەدر"ی لێکەوتەوە، کە یەکسەر دەستی بەجوڵەى سیاسی کردو سەدر لەڕێگەی بریکارەکانییەوە نامەیەکی ئاڕاستەی ئێرانییەکان کرد، پاش نامەکە ڕاستەوخۆش "قائانی" گەیشتە عێراقو هۆشداریدا بەچوارچێوەی هەماهەنگیو سودانی کە دورکەونەوە لەگۆڕانکاریکردنو گۆڕینی کەسە نزیکەکانی سەدر لەحکومەتدا، چونکە شانۆی سیاسی لەعێراق تەمومژاوی دەکات.
قۆناغی شەڕی پۆستەکانو بەرزبونەوەی نرخی دۆلار!!
لەکاتێکدا "نوری مالیکی" لەناو حکومەتدا، ئاڕاستە ستراتیژییەکەی بریتیبوو لەگۆڕینی "د. حەمید غەزی" ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، کە سەر بەسەدرییەکانە، کە بەبڕوای مالیکی هاوکێشەی بەهێزیی سەدرییەکان لەناو حکومەتدا لەئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوەیە، مالیکی زۆر هەوڵیدا "غەزی" بگۆڕێت، بەڵام سەرۆک وەزیران "شەیاع سودانی" ڕازینەبوو، لەدواییدا "حەمید غەزی" بۆ-خۆی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بەسودانی کرد، بەڵام سودانی ڕەتیکردەوە.
محەمەد شەیاع سودانی دەستکاریی سێ پۆستی سەرەکی نەکرد کە نزیکن لەسەدرییەکان، بۆ ئەوەی ئارامی حکومەت بپارێزێتو یارییەکانی لەسەرەتاوە لێ تێکنەچێت، ئەو پۆستانەش: سەرۆکی بانکی ناوەندیو بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆو ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بون، بەمجۆرە ئەو سێ پۆستە جارێکی تر خرایەوە ژێردەستی سەدرییەکان. ئەوەش ناڕەزاییو توڕەیی مالیکیو عەسائیبو بەشێکی تر لەسەرکردەکانی حەشدی شەعبی لێکەوتۆتەوە، هەر ئەمەش لەسەرەتاوە هۆکارێکبوو کە "ماڵی حەکیم" بەشداریی کابینەکەی سودانییان نە-کرد، چونکە ماڵی "حەکیم" دەیانویست پۆستی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانو ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانیان بەدەستەوەبێت.
سودانی پۆستی بەڕێوەبەری نوسینگەکەی خۆیدا بەبەرەی "ئیبراهیم جەعفەری" کە "ئیحسان عەواد"ە، پێشوتر بەڕێوەبەری نوسینگەی جەعفەری بوو لەوەزارەتی دەرەوە، لەلایەکی تریشەوە بەرەکەی "حەیدەر عەبادی"یش داوای پۆستی گرینگی دەکردو هەربۆیە ئەویش بەشداریی کابینەکەی نەکرد.
هەموو ئەم بێنەو بەردانەش (وەک فاکتەری ناوخۆیی)بوو نە هۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلارو دابەزینی بەهای دیناری عێراقی، کە دواجار گورزێکی گەورە لەکابینەکەی سودانی دەدات.
قۆناغی هەڵکشانی ڕۆڵی "قەیس خەز عەلی" لەعێراقدا!!
لەئێستادا کێشەیەکی تریش سەریهەڵداوە، ئەمجارەیان لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە، دەستپێیەکی ناکۆکییە لەنێوان «خەزعەلیو مالیکی»دا، لەکاتێکدا "قەیس خەزعەلی" ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق" پشکی شێری وەرگرتوە لەپۆستەکانداو بەباڵادەست دەبیندرێت، کە ڕەوتەکەی لەئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئۆکتۆبەری 2022دا، تەنها (2) کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. بەرەی "خەزعەلی" لەناو هەشت وەزارەتدا (16) بەڕێوەبەری گشتی وەرگرتوەو خەریکە دەیان دەستەی تریش وەردەگرێت.
ئێستا جوڵەیەکی دیاری خەزعەلی هەیە بۆ وەرگرتنی هەندێک لەپۆستە ئەمنییە باڵاکان، بۆیە لەئێستادا نوری مالیکیو فالح فەیازو هادی عامری کێبركییان دەستپێکردوە بۆ دەستگرتن بەسەر پۆستە ئەمنییەکاندا.
لەئەنجامی ئەم پێشهاتانەشدا، ئەمریکییەکان لەڕێگەی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان "جەنین بلاسخارت"ەوە پەیامێکیان گەیاندە مەرجەعییەتو سەید عەلی سیستانی، نامەیەکیشیان لەڕێگەی "باڵیۆزی ئەمریکا"وە گەیاندە "حەیدەر عەبادی" بۆ ئەوەی ئاڕاستەی چوارچێوەی هەماهەنگی بکرێت، چونکە هەژمونی ئەو حکومەتەو باڵادەستی ئەم گروپە پرۆ-ئێرانییانە بەلای ئەمریکییەکانەوە جێی قبوڵ نییە، ئەمەشیان فاکتەرە دەرەکییەکەی بەرزبونەوەی بەهای دۆلارە لەعێراقداو ڕەنگە درێژە بکێشێت کە لاوازکردنی دراوی عێراقی یەکێکە لەکارتەکانی ئەمریکییەکان لەبەرامبەر ئەو دۆخەی لەسەرەوەدا ئاماژەمان پێدا.
زیاتربونی خاڵە لاوازەکانی حکومەتەکەی سودانی!!
زۆربەی چاودێران، ئەم کابینەیە بەدوا دەرفەت دەبینن لەعێراقد، دیارترین خاڵە لاوازەکانی حکومەتەکەی سودانی ئەوەیە کە موقتەدا سەدر وەک گەورەترین هێزی براوەی هەڵبژاردنو خاوەن هەژمونێکی جەماوەری گەورە لەعێراقدا، بەشدارنییە، هەروەها ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەدەنگداندا زۆر کەمبووە کە زیاتر نییە لە(35٪)ی ژمارەی دەنگدەرە عێراقییەکان.
دروستبونی ناکۆکی لەنێوان سوننەکانو هەوڵەکان بۆ لابردنی سەرۆکی پەرلەمان "محەمەد حەلبوس"و ناکۆکی نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگو بەرزبونەوەی نرخی دۆلارو ناڕەزایی ئەمریکا لەپێکهاتەو هەژمونی کابینەکە گرژیەکانی ئێرانیو ئیسرائیلیش لەناوچەکەدا، جەنسی باش نین بۆ بەردەوامبونی ئەو حکومەتەو هێشتا هەڵڵای هاتنەوەی سەدرییەکان بۆ شەقامیش لەڕێگەدایە (ڕونە ئەمجارە بێنەوە بۆ شەقام چی ڕودەدات.
هەموو ئەم ئەگەرانە خەڵکی خستۆتە دڵەڕاوکێو میدیاو ناوەندە عێراقیو دەرەکییەکانی بۆ پێشهاتێکی ترسناک بەئاگا هێناوەتەوە.
دەستبردنی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتننامە هەرێمییەکان!!
یەکێک لەکارە بازرگانیەکان، لەناوچەکەدا لەکابینەی کازمی پرۆژەی هاوبەشی نێوان عێراق، ئوردن، میسر بوو کە لێکەوتەکانی پڕۆژەی عەقەبەیە کە ئەویش پاکێجێكی ئابوریی نەوتی، سیاسی، بازرگانی، ئەلیکتریک.
"بەڕووکەش ژینگەییشە"
لەئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی بردوە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم پرۆژە ستراتیژییە، کە بێگومان ئاکامەکەی بێئاگرو بێ دووکەڵ نابێت. لەبەرامبەردا، هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ پاڵپشتی لەپڕۆژەو هەنگاوەکانی "چین"و هێڵی ئاوریشمی چینی.
کاتێک "بلاسخارت" لە (7ی دیسەمبەری 2022) سەید "عەلی سیستانی"بینی کە جێگری سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکانی لەگەڵدا بوو، سیستانی نزیکەی (10) ساڵە هیچ کاراکتەرێکی سیاسییو نێوەدەوڵەتی وەهای نەبینیوە! ئەوەی لێرەدا ماوە کوردە، لەناو کوردیشدا بەرە بەهێزەکە "پارتی دیموکراتی کوردستان"ە، کە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەکردنەوەی گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەتدا، ئەو ڕۆڵەش لەناو پارتی بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ بونی "فوئاد حوسێن" وەک نوێنەری پارتیو بارزانی لەبەغدا، لەئێستادا فوئاد حوسێن لەسەر ئاستی سیاسیو ناوخۆیو دەرەکی کارکتەرێکی بەهێزی سیاسییەو قبوڵکراوە، لەکابینەکەی کازمی توانی ئاستی دیبلۆماسیەتی عێراق بەرزبکاتەوە، هاوکات ڕۆڵی هەبوو لەتێکشاندنی بەرهەم ساڵحو دانانی دکتۆر لەتیف ڕەشید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، کە دواجار لەسەر دەستی فوئاد حسێن خواستەکەی بارزانی باوک هاتەدی.
چوارچێوەی هەماهەنگی بەم هەنگاوانەوە نەوەستان، دەستیان بردووە بۆ باسو خواستی دادگاییکردنی "مستەفا کازمیو ڕائید جوحی" هەروەها "بەرهەم ساڵحیش" لەناو ئەو زومرەیەدا بەتۆمەتی دەستبونیان لەکوشتنی قاسمی سولەیمانیو ئەبو مەهدی موهەندیس، هەربۆیەش چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریاندا، لەکابینەکەی سودانی کۆمپانیایەکی نیشتیمانی بەناوی "شەهید مەهدی موهەندیس" دروستبکات. ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتیو ناوچەیی بەدوای خۆیدا ئەهێنێت، کە ئەگەر سەربگرێت بەبێ سزا تێپەڕنابێت.
ئەنجامێکی کورت……
لەئێستادا ڕونبۆتەوە، کە حکومەتی عێراق ناتوانێت سود لەبەرزبونەوەی نرخی نەوتو زیادبونی داهات ببینێتو گرفتی بنچینەش چارەسەربکات، ئەویش بەهۆی ئەوەی وەک جارەکانی پێشوتر پشک-پشکێنەو بەشکردنی پۆستو ڕۆڵەکان لەسەر بنەمای گروپو حزبو تایەفی بەردەوامی هەیە. کە بێگومان ئەنجامەکەی بۆ عێراق هەڵوەشانەوەیەکی گشتییە لەڕووی ئیدارییو سیاسیو ئابورییو کۆمەڵایەتییەوە.
بێوار ڕەحمان - شارپرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق