چارەنوسی بەهای دینار

ليست هناك تعليقات


گوڵاڵە سدیق
شارەزای دارایی و بانک
-
پاش دەستبەکاربونی حکومەتی نوێی عێراق، لەکاتێکدا شەقامی عێراقی چاوەڕوانی گەڕانەوەی بەهای دینار بوون بۆ دۆخی جارانی، لەپڕ، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، شەقامی عێراقی و بازاڕی توشی شۆک کرد!

هەمیشە نرخی دراو و بازاڕ و ئابوری ووڵات و ژیانی خەڵک، چوار بازنەی پێکەوە گرێدراون، بەڵام هەمیشە خەڵک زەرەرمەندی سەرەکی ئەم چوار بازنەیەیە.

وە لەبەرئەوەی عێراق یەکێکە لە ووڵاتە بەرخۆرەکان، هەر زیادبونێک لە نرخی دۆلار، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوەنەی کاڵا و شمەک لەبازاڕدا، چونکە کاڵا هاوردەکان بە دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

وە هەتا ئەم ساتەش حکومەتی عێراق لەبانکی ناوەندی دۆلار بەنرخی پێشو دەفرۆشێت، وە لە موازەنەی ٢٠٢٣ هیچ گۆڕانکارییەک لەنرخی دۆلار نەکراوە.

چەند هۆکارێک لەپشت بەرزبونەوەی نرخی دۆلارە، بەڵام هەمو هۆکارەکان پەیوەستن بە پرسی سپیکردنەوە، لەوانە

١ـ بە هۆی سزادانی چەند بانکێک بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ووڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت ئێران، بانکی ناوەندی توشی شڵەژانێکی گەورە هاتوە بەهۆی کەمبونەوەی خستنەڕوی دۆلار بەڕێژەی %٤٠ قەبارەی جارانی.

ئەم کەمی خستنەڕوە، ئوتوماتیکی دەبێتە هۆی زیادبونی خواست، چونکە خواست و خستنەڕوو هەمیشە دوو کرداری پێچەوانەن.

٢ـ لەئێستادا، تومەنی ئێرانی بەهای خۆی لەدەستداوە و پێشبینی ئەوە دەکرێت زیاتر بەهای خۆی لەدەست بدات، بەم هۆیەوە حکومەتی ئێرانی و هاوڵاتی ئێرانی هەوڵدەدەن پارەکانیان بکەن بە دۆلار، کە زۆرینەی ئەو دۆلارانەی دەچێتە ئێران، لەڕێی عێراق و بازاڕی داریی عێراقەوە دەچێتە ئەو ووڵاتە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لە مەرزی باشماخ دەستگیراوە بەسەر چەند قەواڵەیەکی تەزویری فرۆشی دۆلار کە بانکی ناوەندی عێراقی دەیفرۆشێت. (واتە لەپێناو بردنەدەرەوەی دۆلار قەواڵەکان تەزویر کراوە)

٣ـ هەڵمەتی حکومەتی نوێی عێراقی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، کە بڕیاری لێپێچینەوەی بۆ چەند بەرپرسێک دەرکردوە، لەئێستادا، ئەم بەرپرسانە دەستیانکردوە بەکڕینی دۆلار و هەڵمەتی ناردنە دەرەوەی پارەکانیان. (لەناو ئەو بەرپرسانەدا ناوی مستەفا کازمیش هاتوە).

٤ـ پارەی فرۆشی نەوتی عێراق، لە بانکی فیدراڵی ئەمریکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، لەئێستادا بەبیانوی بردنەدەرەوەی دۆلار بۆ ووڵاتانی دراوسێ، بڕی پارەی گەڕاوەی نەوت کەمیکردوە. چونکە عێراق زۆرترین کاڵا هاوردە دەکات، زۆرترین دۆلار دەچێتە دەرەوەی عێراق، بەڵام حکومەتی ئەمریکی نیگەرانە لەوەی ئەو پارانەی بەبیانوی هاوردەکردن دەنێردرێتە دەرەوەی عێراق ڕاستەوخۆ ناچێت بۆ ووڵاتی هەناردەکەر، هەمیشە وەسیتێک یان زیاتر لەنێوان عێراق و ووڵاتی هەناردەکەر هەیە، ئەمەش بیانوی داوە بەدەست حکومەتی ئەمریکا کە گومانی زیاتر بخاتە سەر عێراق بۆ سپیکردنەوەی ئەو دۆلارە بۆ ووڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران.

بەم هۆیەوە لەئێستادا حکومەتی ئەمریکی داوای ئالیەتی سیوفتی ڕاستەوخۆ دەکات لەنێوان عێراق و ووڵاتی هەناردەکەر بەبێ بونی هیچ وەسیتێک.

٥ـ هەمیشە پەیوەندییەکی ژێربەژێر و سەفەقات هەیە لەنێوان هەندێک بەرپرس و پەرلەمانتار، کە بەلێدوانی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانە شڵەژان دەخەنە بازاڕی دراوەوە، وەک بینیمان لە ماوەکانی پێشودا چەند جارێک بازاڕی دۆلاریان شکاند، وە لە ئێستاشدا بەهۆی هەر لێدوانێکی ئاگرینی ئەوانەوە گڕ لە بازاڕی دۆلار دەدەن کە هەمیشە خەڵک زەرەرمەند و ئەوان سودمەند!

سەرئەنجام، سەرەڕای هەبونی ئەم هۆکار و ئاڵنگارییانە بۆ شڵەژانی بازاڕ و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، وە سەرەڕای خەمساردی بەرپرسانی عێراق سەبارەت بەبەهای دیناری عێراقی و بەتاڵانبردنی دۆلار لەپێناو ووڵاتانی دراوسێ، بەڵام بەهای دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی، چونکە هیچ گۆڕانکارییەکی نرخی دۆلار لە بانکی ناوەندی ڕوینەداوە، وە هیچ گۆڕانکارییەکیش لە نرخی دۆلار لە موازەنەی ٢٠٢٣ نەکراوە، وە عێراق خاوەنی یەدەکێکی نەختینەیی بەرز و ئاڵتونێکی باشە و نرخی نەوتیش لەبەرژەوەندی ووڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتە، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی داهاتو یان کەمتر، هەموو دۆخەکان ئاسایی دەبنەوە و بەهای دینار دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif