هاتووچۆى عێراق پێداچوونەوە بە رسووماتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دەکات

ليست هناك تعليقات



دواى ئەوەى ساڵی رابردوو رسووماتی سەر ماتۆڕسکیل لە عێراق بە رێژەى 60% کەمکرایەوە، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى هاتووچۆى عێراق دەستیکردووە بە پێداچوونەوە بە رسووماتى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل و کەمکردنەوەی؛ بەبێ ئەوەى پێبژاردن بگرێتەوە، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەى بارى سەرشانى هاووڵاتى عێراقى.

عەمید زیاد موحاریب قەیسی، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکان و راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى هاتووچۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆ پێکهێنراوە بۆ تاوتوێکردنی کەمکردنەوەى رسووماتى تۆمارى ئۆتۆمبێل، بە ویستى خودا لە دواى کەمکردنەوى ئەو رسووماتە لەکاتى خۆیدا رادەگەیێندرێت، چونکە وەک هەموو لایەک دەزانن ئەوە تەنها لێکۆڵینەوەیە و پێویستى بە رەزامەندى فەرمییە، بەڵام ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە کە بارى سەرشانى هاووڵاتییان و بەتایبەت شۆفێرانى ئۆتۆمبێل کەمبکاتەوە."

خاوەن ئۆتۆمبێلەکان پێشوازى لەو هەنگاوە دەکەن و داوا دەکەن پەلە بکرێت لە بڕیاردان لەسەرى و پاساویان بۆ ئەوە پێویستى هاووڵاتییانە بۆ ئەو بڕیارانەى کە لەبەرژەوەندیاندایە، لەو دۆخە ئابووریى و کۆمەڵایەتییە قورسەى کە گەلى عێراق تێیدا دەژى.

نەجاح جاسم، شۆفێرێکی تاکسییە لە بەغدا و دەڵێت: "ئەگەر ئەوە کەمبکرێتەوە ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان و زۆر شتیان لەسەر سووک دەکات، چونکە دۆخى ئێستاى هاووڵاتییان زۆر ماندووکەرە و پێویستى بە ئاسانکارییە."

ئەبو شەهد، شۆفێرێکی دیکەیە لە بەغدا و گوتی: "ئومێدەوارین کە ئەوە جێبەجێ بکرێت و بڕیارێک هەبێت بۆ کەمکردنەوەى، چونکە بەرزى نرخى رسوومات لە بەرژەوەندى شۆفێرانى تاکسی نییە، شۆفێرى تاکسی داهاتى کەمە؛ بەرگەى ئەو رسووماتە زۆرە ناگرێت، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین ئەو رسووماتانە کەمبکاتەوە."

ئەو بڕەى کە بڕیارە لە رسووماتى سەر ئۆتۆمبێل کەمبکرێتەوە، ھێشتا لە تاوتوێکردندایە بە لەبەرچاوگرتنى داهاتى وڵات، بەڵام بۆ هاووڵاتى و لایەنە حکومییەکان قایلکەر دەبێت.

ئەگەر بڕیارەکە دەربکرێت سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان دەگرێتەوە؛ بەگوێرەى بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆى عێراق، پێشبینی دەکرێت لە مانگى کانوونى دووەمى ساڵى داهاتوو کارى پێبکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif