داعش‌و شه‌ریكه‌كانی

ليست هناك تعليقات


 
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
-
"ئه‌م نوسینه‌ بریتیه‌ له‌زنجیره‌یه‌ك وتار، كه‌ به‌دوای یه‌كتردا بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌" ئێستا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی چالاكانه‌ تر له‌سنوری كه‌ركوك‌و دیاله‌و ئه‌نبارو تكریت داعش ده‌ستیكردۆته‌وه‌ به‌جموجوڵ‌و له‌ماوه‌ی به‌رێشدا چه‌ندین په‌لاماری خوێناویداوه‌و له‌هه‌مانكاتیشا له‌لایه‌ن ئاسایشی سلێمانیه‌وه‌ ده‌یان كه‌س به‌تۆمه‌ت‌و تاوانی داعشبون گیران، كاتی ئه‌وه‌یه‌ بپرسین بۆچی داعش هێشتا چالاكه‌، كێ‌ له‌پشت داعشه‌وه‌یه‌و كێن ئه‌وانه‌ی هاوكاریان ده‌كه‌ن، له‌ماوه‌ی ڕابردودا ئۆز تورك یه‌ڵماز 1969 باڵیۆزی توركیا له‌موسڵ له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی داعش نهێنی گه‌لی زۆری له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی داعش‌و ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغانه‌وه‌ ئاشكراكرد، ئه‌وكاتی خۆیشی سوپای سوریای ئازادی به‌تیرۆریست ناوبردو وه‌ك هاوكاری داعش وێنای كردن، سوپای سوریای ئازاد لایه‌نێكی توندی سوری سه‌ر به‌حكومه‌تی ئاكه‌په‌یه‌و له‌عه‌فرین‌و شوێنگه‌لی دیكه‌ سه‌دان تاوانی كوشت‌و بڕیان كردوه‌، ئۆزتورك له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌و له‌سه‌ر په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌ردۆغان‌و داعش له‌ئه‌نكه‌رە له‌ناو ئۆفیسه‌كه‌ی خۆیدا به‌چه‌قۆ هێرشیكرایه‌سه‌ر.

ئۆزتورك یه‌كێكه‌ له‌وكه‌سه‌ ئازاو بوێرانه‌ی ده‌ستی بۆ بڤه‌یه‌كی ترسناك بردوه‌، ئه‌و ته‌نانه‌ت باس له‌بازرگانی نێوان ئه‌ردۆغان‌و داعش ده‌كات‌و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش ده‌دات به‌رده‌وامبێت، ئه‌م بوێریه‌ وامان لێده‌كات پرسیاری ئه‌وه‌بكه‌ین ئه‌وه‌ چۆنه‌ دوو بوێری ئاوا له‌ناو كوردا باسه‌ر به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش بن، سه‌رهه‌ڵناده‌ن تا دۆسیه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌ دانی پێشمه‌رگه‌ به‌داعش‌و بازرگانی نه‌وت‌و فرۆشتنی زۆر ناوچه‌و شوێن‌و هه‌ڵاتنی شه‌نگال‌و هه‌تا دوای بخه‌نه‌سه‌ر به‌ڕه‌و پێمان بڵێن سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌ به‌مجۆره‌ بوو، دڵنیام ڕۆژگارێ‌ دێت زۆر نهێنی ئاشكراده‌بن، خۆ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ڕاستیه‌كان كوردیش ئاشكرای نه‌كه‌ن سبه‌ی داعشێك هه‌موو ڕوداوه‌كان بگێڕێته‌وه‌و ناوه‌ شاراوه‌كان ئاشكرابكات.

ئێمه‌ پێشتر له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری ورد نا، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای لێكدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن، هیچ گومانمان له‌وه‌نه‌بوو كه‌ داعش‌و ئه‌ردۆغان شه‌ریكن، ته‌نانه‌ت برینداری داعش له‌غازی عه‌نتاب‌و شوێنگه‌لی دیكه‌ چاره‌سه‌رده‌كران، توركیاش یه‌كێك له‌ده‌روازه‌ گرنگه‌كانی هاتنی داعش بوو بۆ سوریاو عیراق، ئه‌مانه‌مان به‌نوسینیش ده‌نوسی‌و بڵاویشمان ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ده‌سكه‌وتنی زانیاری ورد له‌وباره‌یه‌وه‌ زۆر زه‌حمه‌تبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ جێی سه‌رنج بوو بۆچی داعشی دنیا له‌عێراق‌و سوریا كۆبونه‌وه‌و هه‌رگیز یه‌ك كرده‌ی خۆ كوژیان له‌توركیاو ئه‌رده‌ن‌و كوه‌یت نه‌كرد، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ڕوی تۆكمه‌یی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ سوریاو عێراق له‌زۆر ڕوه‌وه‌ له‌و وڵاتانه‌ به‌تایبه‌ت له‌ئه‌رده‌ن باشتربن، ئایه‌ كه‌س وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی لایه‌، خۆ زۆرجاریش باسی په‌یوه‌ندی داعش‌و دانیشتن له‌ئه‌رده‌ن‌و توركیاو شوێنی تریش ده‌كرا، ئه‌مانه‌ هه‌ر قسه‌ی ڕوتبون یان هه‌قیقه‌تیان تیابوو.

هیچ ڕێی تێناچێت پاش ئه‌و هه‌موو زه‌برو زه‌نگه‌ی له‌داعش درا، جارێكی تر ئه‌و رێكخراوه‌ بكه‌وێته‌وه‌ چالاكی‌و كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ریشی بكات به‌سه‌نته‌ری چالاكیه‌كانی ئه‌گه‌ر هاوكارو شه‌ریكی نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ هاوكارو شه‌ریكی هه‌ن ده‌بێت كه‌مێك بۆ پێشتر بگه‌ڕێینه‌وه‌، له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕی داعشدا ساڵانی 2014و 2015و دواتر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ركوك‌و ده‌ورو به‌ری هێزی پێشمه‌رگه‌و چه‌ندین لیوای پێشمه‌رگه‌و پۆلیس‌و ئاسایش‌و دژه‌ تیرۆرو چه‌ندین یه‌كه‌ی سه‌ربازی تری لێبوو، كه‌چی زۆرجار داعش دزه‌یان ده‌كرده‌ ناو كه‌ركوك‌و تا سه‌نته‌ری شاره‌كه‌ ده‌هاتن‌و ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌یان ده‌نایه‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌وكاته‌ش هه‌ندێك زانیاریی ده‌ماو ده‌ممان پێده‌گه‌یشت كه‌ گوایه‌ كه‌لێنێك به‌پاره‌ كراوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت باسی فرۆشتنی ڕێگه‌ به‌ده‌یان ده‌فته‌ر دۆلار ده‌كرا، ئه‌و هه‌واڵانه‌ ڕاستیان تیابوو، هه‌شبوو له‌دژی یه‌كترو بۆ ناشرینكردنی یه‌ك هه‌واڵی چه‌واشه‌یان بڵاوده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ هیچ له‌و هه‌قیقه‌ته‌ ناگۆڕێت كه‌ شه‌و نه‌بوو داعش‌و هاوبه‌شه‌كانی به‌نێوان سوپاو پێشمه‌رگه‌دا نه‌یه‌نه‌ كه‌ركوك‌و داقوق‌و خورماتوو دوبزو شوێنگه‌لی دیكه‌و نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌و هه‌ر له‌ناو شاره‌كانیشه‌وه‌ هاوكاری نه‌كرێن.

من بڕوای ته‌واوم به‌وه‌ هه‌یه‌ پێویسته‌ هه‌مومان له‌دۆزینه‌وه‌ی شه‌ریكه‌كانی داعشدا هاوكارو یارمه‌تیده‌ری یه‌كتربین‌و له‌ده‌سكه‌وتنی هه‌ر زانیاریه‌كی ڕاست سڵ له‌بڵاوكردنه‌وه‌و ئاشكراكردنی نه‌كه‌ین، لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئۆزتورك به‌شداریی له‌قاودانی ئه‌وانه‌دا بكه‌ین كه‌ ڕۆژێ‌ له‌ڕۆژان هاوكارو شه‌ریكی داعش بون‌و سوریاو عێراقیان به‌و ده‌رده‌برد كه‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان ده‌یان ساڵ‌و ملیاران دۆلاری ده‌وێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif