جوڵەکانی ئەمجارەی تورکیا!

ليست هناك تعليقات




ئاسۆ عەبدوللەتیف 

تورکیا وەک دەوڵەتێکی گەورەی ناوچەکەو جیهان، بۆ ئەوەی هەڕەشە ستراتیژیەکان لەخۆی دوور بخاتەوە خەریکی تاکتیک و هەڕەشەی نوێیە لە خاکی سوریاو خستنەگەڕی وزەی جەنگی سوپا شاراوەو ئاشکراکانی دژی ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستان لەسەر چەندین ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیی. ئەم ئۆپەراسیۆنە تازەیە بۆ تورکیا بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئەنکەرەو ناڕاستەوخۆی مۆسکۆو هێزە پەراوێزیە ڤەندەمێنتاڵە ئاینییەکانی ناو سوریا، سوپای ئازادو شام و بەرەی نوسڕەو سوپای محمدی، ڕەنگە کلیلی کردنەوەی کۆمەڵێک قوفڵی ئاڵۆزی بەردەم پارتی دادو گەشەپێدان و حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردوغان بێت بۆ ساڵی نوێ، کە بریتین لەمانە؛

* جوڵاندنی هێزو هەژموونگەریی بەو فراوانییە لەم کاتەدا، واتە جوڵاندنی سۆزی دەنگدەری تورکنەژاد، ئەویش بەرەو مسۆگەرکردن و بردنەوەی ئەجێندای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمارو شارەوانیەکان لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ کە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردوغان هێجگار سەخت و چارەنوسسازە. بەتایبەت کە شەش حیزبی نوێی بەرهەڵستکاری جددی بوونەتە بەربەست بۆ وەدیهاتنی خەونی وەدەستخستنەوەی ویلایەتی سێهەم بۆ ئەردوغان و گۆڕینەوەی سیستم لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەڕلەمانیی کە ماوەیەکە ڕۆژەڤی گەرمە. ئەوە جگەلەوەی پارتی دیموکراتی گەلان،هەدەپە/ بە فۆڕم و گوتارێکی ڕادیکاڵانەی نوێوە خۆی مانیفێست کردۆتەوە بەرامبەر بەو سیناریۆو هەڕەشانەی دەوڵەت، گەرچی لە نێوان پارتی دەسەڵاتدارو شەش پارتی بەرهەڵستکار گەمە دەکات و گوتارەکەی هێشتا ڕوون نییە کە ئاراستە سیاسیەکەی بەرەو چ کامپێکە لەو دوو کامپەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.

* هەرچەندە، ئەو شەش پارتە نوێیەی تورکیا کە ئەمساڵ پێک هات دژی ئاکپارتی و بە مەبەستی گۆڕینەوەی سیستمی سیاسی لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەڕلەمانیی کە بریتین لە؛ پارتی گەلی کۆماری کەمال کلیچدار ئۆغلۆ ، پارتی چاکەی میراڵ ئاکشنەر، پارتی ئاسودەیی تیمیل کارامولا ئۆغلۆ، پارتی ئایندەی ئەحمەد داود ئوغلو، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنی عەلی بابا جان، پارتی دیموکراتی جۆڵتکین ئویساڵ. سەرجەمیان پشتگیری حکومەتەکەی ئاکپارتی دەکەن بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیانە بەرامبەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاو منبچ و کۆبانێ دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەسەدە/ بۆ دروستکردنی قوڵایی ئەمنیی بەپێی ڕێککەوتنی هاوپەیمانان و ڕوسیاو ئەنکەرە لە سنورەکانی تورکیاو سوریا لەساڵی ٢٠١٩، ئاکپارتی دەیەوێت بەم هەنگاوە نەتەوەیی و نەژادییە پانتورکیزمە، سۆزو ئەجێندای ئەو شەش پارتەش بۆلای خۆی ڕاکێشێت یان هیچ نەبێت پەرت و بێکاریگەریان بکات بۆ ئایندە.

* جوڵاندنی هێزی وشکانی و ڕاگەیاندنی جەنگ و ئۆپەراسیۆنی تورکیا بەرەو ڕۆژاڤاو باکوری سوریا، تازە نییە، بۆ ئەوەیە تاوەکو تورکیا هەڕەشەو ئاڵنگاریی ناوخۆیی و ناڕەزایەتیەکان و بێکاری گەنجان و ئابوری لاوازو قەرزەکانی پەردەپۆش و بەنگ بکات تا دوای هەڵبژاردن بە بیانووی تیرۆرو هەڕەشەی دەرەکی و ئاسایشی نەتەوەیی، بۆیە دروستکردنی پشتێنەی ٣٠ کیلۆمەتری تەناهی لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی باشترین هەنگاوە تاوەکو، یەکەم؛ ئەمریکا کە سەرقاڵی جەنگی ئۆکراین و ناتۆیە بێنێتە سەر مێزی دانوستان و ملکەچپێکردن لەسەر هەندێک دەستکەوت و نەرمی نواندن بۆ بازرگانی و دەریچەی تازەی نەوتی و دەستخستنی بازرگانی زیاتر. دوەم؛ کۆتایی بە کامپی هۆڵ بهێنێت لە پارێزگای حەسەکەو گەڕانەوەی سەرکردە هەڵاتوەکانی داعش و دووبارە ڕێکخستنەوەیان دژی ڕۆژاڤا، چونکە توریا ڕای وایە ئێستا ئەزموونەکانی خۆسەری تەواو گەشەیان کردوەو دوژمنێکی ئەوتۆیان نەماوە لە شێوەی بەرەی نوسرەو داعش و تورکیا ئەوە بە پاشەکشەو مەترسی دەزانێت.

* تورکیا ئەوەش دەزانێت ئەزموونی شۆڕشی ڕۆژاڤا، مومارەسەی تیۆرەکانی مۆدێرنێتەی دیموکراتی و فیکریی ئاپۆچییە، بەو جۆرەو بە جەنگ نەک بەهێزتر دەبن بەڵکو باشترو چاوکراوەتر دەبن لەسەر پاشەڕۆژ، بۆیە دەیەوێت بەهەر بیانوویەک بێت سود لەو بۆشاییە وەربگرێت کە جەنگی “ئۆکراین-ڕوسیا” دروستی کردوەو خودی مۆسکۆی بە هیلاکدابردوەو ئەمریکاشی ناچارکردوە سەرگەرمی ئەوروپاو وڵاتانی ناتۆبێت و هێندە بیر لە پەلامارو کەڵبەکانی تورکیا نەکاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، لێرەوە تورکیا بەدەرفەتی دەزانێت سود لەو پێگە جیۆستراتیژییە لەبارەی خۆی وەربگرێت پێش سەرماوسۆڵەی زستان و ئەو ئامانجانە وەدی بهێنێت دژی هەسەدەو یەپەگەو بەچۆکدا هێنان یان لاوازکردنی هەرێمە خۆسەریەکان و دەسکاری هەندێک هاوکێشە.

* بەدوریش نازانرێت دوبارە تورکیا میساقی میللی زیندوو بکاتەوەو گرێ گەورەکە بکاتەوە وەک شەرعیەتی مێژوویی دەولیی و دیارە لە دوا ساتەکانی کەوتنی خەلافەتی عوسمانی و دەسەڵاتی سوڵتانەکاندا، ئاگربەستی مۆدرۆس کرا لە نێوان سوڵتان محمدی شەشەم و هاوپەیمانانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم لەساڵی ١٩١٨ وەک میساقی میللی و پاراستنی قەڵەمڕەویی ویلایەتەکانی تورکیا وەک خۆپارێزی جەنگ و پشتێنەی ئارامیی و بۆیەکەم جار ڕەجەب تەیب ئەردوگانیش ئەو ڕێککەوتن و قەڵەمڕەویەی بەناوی میساقی میللی هێنایەوە گۆڕێ و خستیە سەر زاری میدیاکان لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ بەرامبەر ڕەوایەتی لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنەکانی.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif