داهاتی ساڵی رابردووی قەپان و پشکنینەکان 20 ملیار دینار بووە

ليست هناك تعليقات



لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەوبان بە نیوەچڵی ماونەتەوە. بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند: "هۆکاری سەرەکیی دواکەوتن و جێبەجێنەکردنی پڕۆژەی رێگەوبانی دەرەوەی شارەکان بەهۆی نەبوونی پارەوەیە". دەشڵێت، "داهاتی ساڵی رابردووی قەپان و پشکنینەکان 20 ملیار دینار بووە."

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، دەبوایە لە ساڵی 2022 نزیکەی 139 ملیار دینار بۆ تەواوی پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان خەرج بکرێن، بەڵام بڕێکی کەمی خەرجکرا. دەشڵێت: "لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کێشەی نەبوونی پارەمان هەبووە و بانکەکان زۆر بە کەمی پارەیان بۆ پڕۆژەکان خەرج کردووە".

لەبارەی پڕۆژەکانی دەرەوەی شارەکان و هۆکاری جێبەجێ نەکردنیان، ئاگرین عەبدوڵڵا گوتی: "هۆکاری سەرەکیی دواکەوتن و جێبەجێ نەکردنی پڕۆژەی رێگەوبانەکانی دەرەوەی شارەکان نەبوونی پارەیە و هیچ هۆکارێکی تەکنیکی نییە".

ئاگرین عەبدوڵڵا دەشڵێت: "ساڵی 2022 دووچاری گرفتی نەبوونی پارەی پێویست و دابین نەکردنی لەلایەن بانکەکانی سلێمانییەوە بووینەوە، تەنیا بۆ پڕۆژەی دەربەندی رانیە و رێگەی سلێمانی- کەلار بانکەکان توانیویانە دوو هەفتە جارێک بڕی 150 تاوەکو 200 ملیۆن دینار دابین بکەن کە بڕێکی زۆر کەمە و ئەو پڕۆژانە زۆر زیاتری پێویستە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی 2022دا 63 پڕۆژەی گەورە بە بڕی 868 ملیار و 583 ملیۆن دینار لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە، هەروەها 66 پڕۆژەی دیکەش کە بودجەکەیان دوو تریلیۆن و 400 ملیار دینارە، کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

داهاتەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پشت بە سێ جۆر داهات دەبەستێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی، ئەوانیش بودجەی وەبەرهێنان کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دابین دەکرێت و بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەم داهاتە دەبەستێت.

داهاتی دووەمی وەزارەتەکە داهاتی قەپانی بارهەڵگرەکانە کە بڕی پێنج هەزار دینار لە هەر بارهەڵگرێک وەردەگیرێت. ئەو داهاتەش 50%ـی بۆ وەزارەتی دارایی و 50%ـی بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە.

لە هەرێمی کوردستان 50 قەپان هەن کە بە گوتەی بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، داهاتی ساڵی رابردوویان نزیکەی 15 ملیار دینار بووە، لە کۆی ئەو حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینارەش، 30% بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە بچووکەکان، 15%ـی بۆ قەپانەکان و 5%یشی بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە.

داهاتی دیکەی ئەو وەزارەتە کرێی ئەو پشکنینانەیە کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە بۆ کەرەستەی بیناسازیی باڵەخانەکان و پڕۆژەکان دەکرێت کە بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 300 تاوەکو 400 پشکنین دەبێت.

ئاگرین عەبدوڵڵا گوتی: "داهاتی ساڵی رابردووی پشکنینەکان نزیکەی پێنج ملیار دینار بووە "کە 55%ـی ئەو داهاتە بۆ وەزارەتی دارایی و 45%یشی بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە."

بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، زیاتر لە حەوت جۆری باج بۆ بەکارهێنانی رێگەوبانەکان وەردەگیرێت، بەڵام ئەو باجە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ناگەڕێتەوە و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت: "پێشتر داوامانکردووە کە سندووقێک تایبەت بەو داهاتانە دروستبکرێت و کارنامەکەشمان ناردووەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif