ئەمڕۆ (چوارشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2023) رۆژنامەی هاوڵاتی، کە بە یەکەم رۆژنامەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت، ژمارە 2000ی خۆی خستە بازاڕەوە.
بەو بۆنەیەشەوە تاریق فاتیح خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەکە، گوتارێکی بە ناونیشانی “2000 ژمارە و پرسیارێکی بەردەوام.. سەرەتایەکی بە گومان و کۆتاییەکی نادیار” بڵاوکردووەتەوە.
تاریق فاتیح، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە “پرسیارێک” داوە، کە لەسەرەتای دەرکردنی رۆژنامەی هاوڵاتییەوە تاوەکو ئێستا لەگەڵیدا دەژی و هیچ کاتێکیش نەیتوانیوە بەڕوونی وەڵامی بداتەوە.
“داخۆ ئێمە چی دەکەین؟” ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە لەماوەی 23 ساڵی رابردوودا بیرکردنەوەی تاریق فاتیح خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەی هاوڵاتیی داگیرکردووە.
رۆژنامەی هاوڵاتی بە یەکەم رۆژنامەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت، یەکەم ژمارەی لە 5ی 11ی 2000 دەرچووە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا بە چەندین وێستگەی جیاوازدا رۆیشتووە، چەند ساڵێک رۆژانە دەرچووە و دواتر بووەتەوە بە هەفتانە، ماوەیەکیش بەهۆی دۆخی داراییەوە “راگیراوە”.
تاریق فاتیح بەراوردێکی ئێستا و سەرەتاکانی دامەزراندنی هاوڵاتی دەکات و پێوایە پرۆسەی رەخنەگرتن لە ئێستادا بووەتە مایەی دروستبوونی هەندێک گرفت و رێگریی تازە لە بەردەم گۆڕانی راستەقینەدا، “لەوانەش پەیدابوونی هێزی ئۆپۆزسیۆنی ساختە و چەواشەکار، دروستبوونی چەندین کەسایەتی و ئەندامی پەرلەمانی مشەخۆر و پۆپۆلیست”.
تاریق فاتیح ئەمە بە رابردوو بەراورد دەکات و ئاماژە بەوەدەدات، پاش دامەزراندنی هاوڵاتی و بەدواشیدا چەند رۆژنامە و گۆڤارێکی دیکە “ئەوانەی سەرقاڵی دنیای سیاسەت بوون گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە پرۆسەی رەخنەگرتن بێ ئەنجامە و گۆڕانکاریی دروستناکات” بۆیە بیریان لە دروستکردنی هێزێکی سیاسی کردەوە، کە بەرهەمەکەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، توانی لە یەکەم هەڵبژاردندا 25%ی دەنگەکان بباتەوە.
بەهۆی ئەمەوە خاوەنی ئیمتیازی هاوڵاتی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، سەرلەنوێ ئەو پرسیارە لە خۆیان بکاتەوە: داخۆ ئێمە چی دەکەین؟ ئایا بەردەوامیدان بە رۆژنامەی هاوڵاتی چی لە مەسەلەکە دەگۆڕێت؟
و- زووم
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق