کێشەیەکى دیکە بۆ 400 ملیار دینارەکە دروست دەبێت

ليست هناك تعليقات



بڕیارێکى دیکەی وەزیرى دارایی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵى دارایی خەرجکردنى بودجە، بەربەستێکى دیکەى یاسایی لەبەردەم ناردنى ئەو 400 ملیار دینارە دروستکرد کە سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیارى ناردنى دا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو وەزیرە ئامادە نەبوو بینێرێت، بەتاڵبوونى یەکێک لە پۆستەکانى پشکى کورد لە بەغدا دەرفەتێکى دیکەى لەبەردەم ناردنى ئەو بڕە پارەیە لەدەستداوە.

رۆژی 13ى کانوونى یەکەمى 2022 محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیارى ناردنى 400 ملیار دینارى وەک بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان دەرکرد بۆ مانگەکانى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەم، بەڵام تائێستا پارەکە نەنێردراوە بەهۆى ئەوەى تەیف سامى، وەزیرى دارایی ئامادە نییە واژۆ لەسەر ناردنى پارەکە بکات، بە پاساوى ئەوەى دژی یاسای بودجەى 2021 و یاسای ئیدارەدانى دارایی و بڕیارى دادگەى باڵاى فیدڕاڵیى عێراقە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە لە 27ى کانوونى یەکەمی 2022، تەیف سامى، وەزیرى دارایی بڕیارێکى دەرکردووە بۆ کۆتایی هاتنى ساڵى دارایی خەرجکردنى بودجە.

د فازل نەبى، بریکارى پێشووى وەزارەتى دارایی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو بڕیارەى وەزیرى دارایی بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵى دارایی بەربەستێکى دیکەى یاسایی دەبێت لەبەردەم ناردنى 400 ملیار دینارەکە، بەوپێیەى کە خەرجکردنى پارەى ساڵى پێشووى راگرت و دەبێت بۆ ئەو پشکە چاوەڕێى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى 2023 بکرێت."

تەیف سامى لە نووسراوێکدا کە لە 19ى کانوونى یەکەمى 2022 ئاڕاستەى ئەمینداریێتى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى کردووە، هۆکارەکانى رەزامەندینەدانی لەسەر ناردنى ئەو بڕە پارەیە گەڕاندووەتەوە بۆ بڕیارەکانى دادگەی باڵاى فیدڕاڵى و ماددەیەکى بودجەى 2021 و "وردنەبوون"ی راپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایی لەبارەى خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان.

جەمال کۆچەر، ئەندامى لێژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى مدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوەکو ئێستا سرووشتى ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیران نازانرێت کە لەسەر بودجەى بەکاربردنە یان وەبەرهێنان". گوتیشى:"ئەگەر بڕیارەکە لەسەر بنەماى بودجەى وەبەرهێنان بێت بە کۆتاییهاتنی ساڵى دارایی، خەرجکردنى ئەو بڕە پارەیە رادەگیرێت و دەچێتەوە خەزێنەى دەوڵەت، بەڵام ئەگەر لە بودجەى بەکاربردن بێت دەتوانێت خەرجبکرێت و بەردەوام دەبێت".

ساڵى رابردوو حکومەتى فیدڕاڵیی عێراق دووجار دوو گوژمەى 200 ملیار دینارى رەوانەى هەرێمى کوردستان کرد کە بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیى 2021 بوو.

بریکارى پێشووى وەزارەتى دارایی عێراق ئاشکرایکرد کە رێگەیەکى دیکە هەبوو بۆ ناردنى ئەو 400 ملیار دینارە، کە واژوکردنێتى لەلایەن بریکارى وەزارەتى دارایی لەبرى خودى وەزیرەکە، بەڵام ماوەى پێنج ساڵە ئەو پۆستە کە پشکى کوردە، بەتاڵە.

رۆژی 1ى شوباتى 2017 د. فازل نەبى لە پۆستى بریکارى وەزارەتى دارایی نەماوە، دواتر تەیف سامى ئەو پۆستەى بەڕێوەبرد، کە پشکى کوردە تاوەکو ئەوکاتەى لە 27ى تشرینى یەکەمى 2022، بووە وەزیرى دارایی.

بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، بەربژێرێکى کورد لە هەرێمى کوردستانەوە نێردراوە بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە، بەڵام حکومەتى فیدڕاڵى بە پاساوى ئەوەى پسپۆڕیى لەو بوارەدا نییە رەتیکردووەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif