کاریگەری ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان

ليست هناك تعليقات



بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق پێنج دۆسیەی ستراتیژی دەخاتەڕوو کە بە بڕوای ئەو وایانکردووە پارتی و یەکێتی رێکنەکەون. جێگری سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێش پێیوایە: "گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی سنوورەکانی ئازادی رادەربڕینی بەرتەسک کردووەتەوە." هاوکات سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانیش دەڵێت: "ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەندە گەورەنین چارەسەر نەکرێن."

رۆژی دووشەممە 9-1-2023، بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووس لە رادیۆی رووداو بە بەشداری ئاکۆ محەممەد، رۆژنامەڤان؛ فەرهاد محەممەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان؛ د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق؛ جەمال ئارێز، جێگری سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ، کاریگەری ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییان لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان گەنگەشەکرد.

"10 دۆسیە بەربەستن لەبەردەم رێککەوتنی پارتی و یەکێتی"

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق 10 دۆسیەی خستەڕوو کە وایانکردووە پارتی و یەکێتی نەتوانن تائێستا بگەنە رێککەوتن کە پێنج خاڵیان پەیوەندییان بە ئێستاوە هەیە و پێنج خاڵیشیان دۆسیەی ستراتیژین.

دۆسیە هەنووکەییەکان

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق ئەو دۆسیە هەنووکەییانەی هۆکارن لەبەردەم رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی بەم شێوەیە پۆلێن دەکات: "یەکەمیان تیرۆرکردنی عەقید هاوکارە لەناو پایتەختی هەرێمی کوردستان و پارتی بەجۆرێک لەم دۆسیەیە دەڕوانێت کە 180 پلە جیاوازە لە روئیا و تێروانینی یەکێتی، دۆسیەی دووەمیش پەیوەستە بە ئەژی ئەمین کە پێشتر بەرپرسی دەزگای زانیاری یەکێتی بووە و ئێستا پارتی تێڕوانین و روئیایەکی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێڕوانین و روئیای یەکێتی یەکناگرێتەوە."

دۆسیەی سێیەم بە گوتەی ئەو "پەیوەستە بە داهاتی خاڵە سنوورییەکان کە تائێستا پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە زەمینەسازییەک بکەن بۆ ئەوەی تێڕوانینێکی هاوبەشیان هەبێت بۆ ئیدارەکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و خودی خاڵە سنوورییەکان. دۆسیەی چوارەم بریتییە لە پۆستەکانی یەکێتی لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە یەکێتی پێیوایە هەرکات ویستی دەتوانێت بیانگۆڕێت و پارتیش پێیوایە تەنیا سەرۆکی حکومەت دەتوانێت ئەم وەزیرانە بگۆڕێت."

لەبارەی دۆسیەی پێنجەم، د. عادل باخەوان گوتی: "ئەم دۆسیەیە پەیوەستە بە گرفتی کەسییەوە، گرفتە دەروونییەکان ئەوەندە گەورەبوون کە بەبێ نێوەندگیری ئەستەمە بتوانن بەرامبەر یەکدی دابنیشن و گفتوگۆ و رێککەوتن بکەن."

دۆسیە ستراتیژییەکان

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق ئاماژە بە پێنج دۆسیەی دیکە دەکات کە بوونەتە لەمپەر بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و بە دۆسیەی ستراتیجی ناویان دەبات و دەڵێت: "یەکەمیان بریتییە لە دۆسیەی پێشمەرگە کە تائێستا لەسەر پرسی پەڕینەوەی پێشمەرگەی حیزب بۆ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان یەکڕا نین و نایانەوێت هێزەکانیان رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن. دۆسیەی دووەم هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانە کە لەتەواوی پرۆسەکەدا پارتی و یەکێتی بۆچوونیان لەیەکدی جیاوازە. دۆسیەی سێیەم بریتییە لە ئیدارەکردنی داهاتە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کە لەمیشدا تێڕوانین و بۆچوونی هاوبەشیان نییە."

د. عادل باخەوان دەشڵێت: "دۆسیەی چوارەم بریتییە لەوەی پارتی و یەکێتی هاوڕا نین لەسەر چۆنیەتیی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوە. پێنجەم و دوا دۆسیەش بریتییە لە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، بۆ نموونە ئەو ئامادەییەی پارتی دەیەوێت لە بەغدا هەیبێت، یەکێتی بەم شێوەیە نایەوێت، بەپێجەوانەشەوە ئەو ئامادەییەی یەکێتی دەیەوێ لە بەغدا بیبێت، پارتی نایەوێت."

بە گوتەی د. عادل باخەوان بەپێی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی لە ساڵی 2003 کراوە 20٪ی پۆستەکانی عێراق بۆ کوردە و 25٪ی بۆ سوننەیە و 50٪ی بۆ شیعەیە و 5٪یشی بۆ کەمینەکانە. بەپێی ئەو رێژەیە 600 پۆست بەر کورد دەکەوێت، بەهۆی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی تائێستا لەلایەن کوردەوە پڕنەکراونەتەوە."

هەڵوێستی ناوەندەکانی جیهان لەسەر هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق باس لەو نیگەرانییە جیهانییانە دەکات کە بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستبووە و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "دوو رۆژ لەمەوبەر بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە کردووە و زۆر بە تووندی قسەی کردووە، ئەوان زۆر تووڕەن لە هەرێمی کوردستان کە ئەمە توورەییە لە شەریک و دۆستەکەی خۆیان. ئەمریکا چەندین گرەوی لەسەر هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەم نایەوێت لەئاستی بەرپرسیاریەتییە مێژووییەکەی خۆیدابێت."

د. عادل باخەوان هەروەها ئاشکرای کرد: "بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل پێیگوتم کە ئەوان بێزارن لە هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی بە هەر رێگەیەک دەیانەوێ هاوکارییان بکەن، ئەوان لەپشتەوە بەتاڵ و بێمانای دەکەنەوە، لەگەڵ ئەمەشدا تورکیا و ئێران زۆر بەختەوەرن بەمەی لە هەرێمی کوردستاندا روودەدات، هەرگیز ئەم دوو وڵاتە ئەوەندە بەختەوەر نەبوون بەم درزانەی کە ئێستا لەنێوان پارتی و یەکێتیدایە و خەریکە دەبن بە درزی گەورە و بنەڕەتی."

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق ئاماژە بەوەش دەکات: "وڵاتانی کەنداو بەرژەوەندییەکی فراوانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە و پلانی ئەوەیان هەیە بەرژەوەندییەکانیان تاوەکو ساڵی 2025 زۆر فراوانتر بکەن، ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا روودەدات، ئەو وڵاتانەی تووشی دوودڵی کردووە، هاوکات چین و رووسیاش دوو وڵاتی گەورەن کە بەرژەوەندی زۆریان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوان ئێستا بە وردی چاودێری دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif