هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: دەبێت بودجە یەکلایی بکرێتەوە

ليست هناك تعليقات



هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە هاوپەیمانیی پێکهێنەری حکومەتی عێراقە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و داوایکرد، رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 یەکلایی بکرێتەوە و رەوانەی پەرلەمان بکرێت؛ هەروەها ئەو رەشنووسە یاسایانەشی تاوتوێکرد کە بەپێویستی دەزانێت لە رۆژانی یەکەمی وەرزی نوێی یاسادانان پەسندبکرێن. 

شەوی دووشەممە 9-1-2023، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەی ژمارە 7ی خولیی خۆی لە نووسینگەی موسەننا سامەڕایی، ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە لە بەغدا کرد. 

بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە: "تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت کراوە لەپێناو بەدیهێنانی گەشەپێدان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان." 

هەروەها ئەوەش هاتووە: "هاوپەیمانێتییەکە ئەو رەشنووسە یاسایانەی پێویستن لە رۆژانی یەکەمی وەرزی نوێی یاسادانان پەسندبکرێن، تاوتوێی کرد." 

لەو کۆبوونەوەدا ئاماژە بەو جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت کرا، "لەنێویاندا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی داهاتیان سنووردارە."

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەروەها داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، سزاکانی لەسێدارەدانی ئەوانەی بڕیاری کۆتاییان بۆ دەرچووە جێبەجێبکەن. 

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانێتییە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 10ـی ئۆکتۆبەری 2021ەوە دروستکراوە، جگە لە زۆرینەی لایەنە شیعییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانیی سەرەوەریی سوننەکان و چەندین لایەنی دیکە لەخۆدەگرێت و پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراقە کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif