عارف قوربانی
-
هه‌ر كه‌سێك وه‌كو چاودێرێك له هه‌ڵوێست و سیناریۆكانی نزیك 10 ساڵی رابردووی توركیا به‌رانبه‌ر رۆژئاوای كوردستان بڕوانێت، تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بێت له‌وه‌ی توركیا له‌م 10 ساڵه‌دا چه‌ند گۆڕانێكی گه‌وره له هه‌ڵوێسته‌كانی روویداوه. ئه‌و توركیایه‌ی ئێستا به درۆن فه‌رمانده‌كانی په‌یه‌ده ده‌كاته ئامانج، ده‌یه‌وێت له‌شكركێشی بكاته سه‌ر رۆژئاوا، كۆبانێ مووشه‌كباران ده‌كات، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ رووسیا و سووریا ده‌به‌ستێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای سووریا بۆ سنووری وڵاته‌كه‌ی، پێشتر خۆی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م كارانه‌ی كردووه. ساڵانێك په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌ك هه‌ر ئاسایی، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی هه‌واڵگری له‌نێوان توركیا و په‌یه‌ده هه‌بوو، له هه‌ستیارترین چركه‌ساتی شه‌ڕی داعش و مه‌ترسیی كه‌وتنی كۆبانێ، توركیا ده‌رگای كرده‌وه هه‌رێمی كوردستان پێشمه‌رگه بنێرێت بۆ پاراستنی كۆبانێ.
ده‌بێت بزانین چی شتێك روویدا، یاخود چی به‌رانبه‌ر به توركیا كراوه تاوەکو به‌و جۆره هه‌ڵوێسته‌كانی پێچه‌وانه ببنه‌وه؟ له‌م دوو نێوه‌نده‌دا راسته له ناوخۆی توركیا پرۆسه‌ی ئاشتی به بنبه‌ست گه‌یشت و شه‌ڕ له‌نێوان توركیا و په‌كه‌كه ده‌ستیپێكرده‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش روونه كه په‌یه‌ده رۆژئاوای كوردستانی نه‌خسته خزمه‌تی په‌كه‌كه‌وه بۆ كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی شه‌ڕ دژ به توركیا، سنووره‌كانی رۆژئاوای كوردستان بۆ توركیا ناوچه‌ی ئارام بوون، ئه‌و چه‌ك و كه‌لوپه‌له سه‌ربازییانه‌ی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا ده‌یانبه‌خشییه هێزه‌كانی سه‌ر به په‌یه‌ده بۆ شه‌ڕی داعش، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه كه په‌یه‌ده گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ی پێ پڕچه‌ك كردبێت دژ به توركیا. ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌كانه‌ی له شكانی داعشیشدا ده‌ستیان ده‌كه‌وت، نه‌دراون به په‌كه‌كه.
ده‌زگای هه‌واڵگریی وڵاتانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش به وردی چاودێریی رۆژئاوا ده‌كه‌ن و هیچ وڵاتێكیان گومانی له‌سه‌ر هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بۆ دروست نه‌بووه. ئه‌مریكاش زیاتر له هه‌موو ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه هاوكاریی په‌یه‌ده‌ی كردووه و قورساییه‌كی زۆری هه‌واڵگریی له‌و ناوچانه‌یه و هیچ لۆمه‌یه‌كی په‌یه‌ده‌یان نه‌كردووه به‌وه‌ی توانای دژ به توركیا به‌كار بردبێت. بگره زۆرجار بۆ موراعاتی توركیا سازشیان به په‌یه‌ده كردووه. به‌شێك له‌و ناوچانه‌ی په‌یه‌ده به خوێن له داعش پاراستبوونی، یان به خوێن و قوربانییه‌كی زۆر له ده‌ستی داعش رزگاری كردبوون، په‌یه‌ده له‌سه‌ر داوای ئه‌مریكا لێیان كشاوه‌ته‌وه. ناوچه‌یه‌كی فراوانی سنووریی بۆ توركیا چۆڵكران.
به‌شێك له ناوچه ستراتیژییه‌كانیش به ره‌زامه‌ندیی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان له ده‌ستی په‌یه‌ده ده‌رهێندران و خرانه ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و گرووپانه‌ی نزیك توركیا، كه هاوشێوه‌ی داعشن. ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان و ته‌نانه‌ت هه‌سه‌ده‌ش، ئه‌مانه‌یان ته‌نها بۆ ره‌زامه‌ندیی توركیا كردووه، به‌ڵام توركیا هه‌ر پێداگریی زیاتر ده‌كات.
رۆژئاواییه‌كان خۆیان خستووەته به‌رده‌م پابه‌ندێتییه‌كی ئه‌خلاقییه‌وه به‌رانبه‌ر به هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، كه وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن، له‌بری جیهان شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ن. هه‌موویان ده‌زانن تاكه هێزێك له‌و ناوچه‌یه رووبه‌ڕووی داعش بووبێته‌وه كورده‌كان بوون، ده‌شزانن لاوازبوونی رۆڵ و پێگه‌ی كورد یه‌كسانه به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش. له‌وانه‌ش روونتر ده‌زانن كه نه ئه‌و جوگرافیایه‌ی به‌ده‌ست كورده‌كانه‌وه‌یه و نه هێزه‌كانی سووریای دیموكرات هیچ مه‌ترسییه‌كیان بۆ توركیا دروست نه‌كردووه. بۆیه له هه‌ندێک ئاستدا نیگه‌رانییه‌كانی توركیایان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه، نه‌ك هه‌ر به پێدانی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی، به مه‌شق و راهێنان و پێدانی زانیاری و هه‌ماهه‌نگیی مه‌یدانی كه‌وتوونه‌ته پشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكراته‌وه و به‌رده‌وامن له پشتیوانییه‌كانیان بۆ رۆژئاوای كوردستان.
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ناوچه‌یه به خه‌ڵك و به جوگرافیاكه‌یه‌وه مه‌ترسی نه‌بن بۆ توركیا، ئه‌ی بۆچی توركیا به‌و ئه‌ندازه‌یه سه‌نگه‌ری لێ‌گرتوون؟ به‌تایبه‌تیش كه خه‌ریكه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی توركیا ده‌بێته هۆكار بۆ تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و دۆست و هاوپه‌یمانه رۆژئاواییه‌كانی؟ هیچ گومان له‌وه‌دا نییه به‌شێكی هۆكاری هه‌ڵوێسته‌كانی توركیا په‌یوه‌ندیی به‌و (گرێ)یه‌ی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه به‌رانبه‌ر به كورد، دژی هه‌ر باڵاكردنێكی كوردن له هه‌ر كوێیه‌ك بێت؛ به‌ڵام ئه‌وه هه‌موو هۆكاره‌كه نییه، به‌شێكی گرنگی كێشه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان په‌یوه‌ندیی به تایبه‌تمه‌ندیی رۆڵ و پێگه‌ی توركیاوه هه‌یه له ناوچه‌كه، كه ئێستا وای ده‌بینێت به‌هۆی جوگرافیای رۆژئاوای كوردستانه‌وه ئه‌و سه‌نگه‌ی پێشووتری نه‌ماوه.
به درێژایی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی توركیا تاوەکو هاتنی داعش، یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانی رۆڵ و پێگه‌ی توركیا، ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ی جیهانی رۆژئاوا بووه له ناوچه‌كه. ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و دواتریش ناتۆ، خۆیان ئاماده‌یی كردارییان له ناوچه‌كه نه‌بووه، به‌ڵكو توركیا رۆڵی ئه‌وانی بینیووه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌هۆی جه‌نگی كه‌نداوه‌وه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان هاتنه ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت بۆ عێراق، به‌ڵام هاوشێوه‌ی هاتنیان نه‌بوو دوای ده‌ركه‌وتنی داعش. هه‌ردوو حاڵه‌تی هاتنی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان، له‌سه‌ر حسابی لاوازبوونی رۆڵ و پێگه‌ی توركیا بووه. هه‌ر بۆیه هیچ جارێك توركیا خۆشحاڵ نه‌بوو به هاتنیان و بگره هێنده‌ی پێی كرابێت هه‌وڵیداوه رێگه له ئاماده‌یی مه‌یدانییان بگرێت، چونكه ده‌زانێت بوونی ئه‌وان له ناوچه‌كه هه‌ژموونی توركیا به‌سه‌ر ناوچه‌كه لاواز ده‌كات.
له‌دوای كه‌وتنی سه‌دام، توركیا ئومێدی له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ڵچنیبوو ئێران پاشه‌كشه به ئه‌مریكا ده‌كات، خۆشحاڵ بوو به‌وه‌ی ده‌یبینی هه‌ژموونی ئێران رۆژ له‌دوای رۆژ سنووری مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه به‌ر ته‌سك ده‌كاته‌وه، چونكه بۆ توركیا هاوكێشه‌كه وه‌كو تای ته‌رازوو وایه، تا رۆڵ و پێگه و حزووری راسته‌وخۆی ئه‌مریكا و ناتۆ لاواز بێت، سه‌نگ و كێشی توركیا بۆ رۆژئاوا بایه‌خدارتر ده‌بێت؛ به‌ڵام هاتنی داعش و لێكه‌وته‌كانی باری توركیای قورس‌تر كرد، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان هێزیان برده ئه‌و جوگرافیایه‌ی له رۆژئاوای كوردستان كه‌وتبووه ده‌ستی هه‌سه‌ده‌وه. له‌و كاته‌وه ئامانجی توركیا قه‌ناعه‌تپێهێنانی ئه‌مریكا و ناتۆیه بۆ كشانه‌وه‌یان له‌و جوگرافیایه. سه‌ره‌تا به بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌بێته مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی توركیا، داوای ئه‌وه‌ی ده‌كرد هێز و گرووپه‌كانی ناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كه سه‌ر به توركیان بچنه ئه‌و ناوچانه. ئه‌مه‌ی بۆ نه‌چووه سه‌ر، پاشان ده‌یویست به پاساوی ناوچه‌ی ئارامه‌وه هێزی توركیا بچێته ئه‌ودیووی سنوور و خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی كه‌وتبووه سه‌ر به له‌شكركێشی هه‌موو ناوچه‌كه بخاته ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه. نه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان و ته‌نانه‌ت نه ئێران و رووسیاش كه به‌شێكی سه‌ره‌كیی كێشه‌كانی سووریا‌ن، به‌وه رازی نه‌بوون و توركیایان نا‌ئومێد كرد.
ئێستا و دوای نائومێدبوونی له‌و سیناریۆیانه‌ی هه‌یبوون، تازه‌ترین هه‌وڵی توركیا ئه‌وه‌یه سوپای سووریا بگه‌ڕێنێته‌وه ئه‌و ناوچه‌یه. بێگومان ره‌خساندنی هه‌لومه‌رج بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای سووریا له‌سه‌ر حسابی ئه‌وه ده‌بێت كه هێزی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان له‌وێ نه‌مێنن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌رەیە‌كی دروستكردووه كه هه‌ریه‌ك له ئێران و سووریا و رووسیا پشتگیریی ده‌كه‌ن. ئه‌و رێككه‌وتنه سێقۆڵییه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی هه‌ر سێ وڵاتی توركیا، رووسیا و سووریا (ترس) بۆ ئه‌و ئامانجه‌یه كه هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (كورد) له‌و ناوچه‌یه دووربخه‌نه‌وه، به‌ڵام ره‌نگه تاكه رێككه‌وتنێك بێت له مێژوودا لێكه‌وته‌كانی به به‌رژه‌وه‌ندیی (پیلانلێگێڕدراو) بكه‌ونه‌وه، چونكه سیناریۆی رێككه‌وتنه‌كه بۆ ئه‌مریكا و ناتۆ روونه ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته رووكه‌شه‌كه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی كورده له‌سه‌ر جوگرافیاكه‌ی، به‌ڵام ئه‌سڵی مه‌قسه‌د، ده‌ركردنی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانه.
ستراتیژی تازه‌ی ئه‌مریكا و ناتۆش دوای باڵاكردنه‌وه‌ی رووسیا، مانه‌وه‌یانه له‌م ناوچه‌یه. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش واده‌كات ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌دوای دڵنیاییدا بگه‌ڕێن، بۆ ئێستا باشوور و رۆژئاوای كوردستان جێ متمانه‌ترین ناوچه‌ی پێویستی ئه‌م قۆناخه تازه‌یه‌ن. بۆیه رێككه‌وتنه‌كه‌ی توركیا و رووسیا و سووریا، نه‌ك نابێته مه‌ترسی، به‌ڵكو ده‌رفه‌تی باشتر بۆ كوردستان ده‌ڕه‌خسێنێت، به‌ڵام دواجار پێویستیی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌تانه بۆ كورد، به‌ستراوه به ئاماده‌یی كورد خۆیه‌وه.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق