چاودێری بازرگانی وچەند سەرنجێك

ليست هناك تعليقات


سەرکۆ یونس

کاروچالاکی بازرگانی پێش ئەوەی قازانج و بەرژەوەندی تایبەت بێت، بێ گومان پرەنسیپ و ویژدان و ئەخلاقـــــە.

هەرێمی کوردستان، لەپاش کرانەوەی بەڕووی ئابوری جیهانیدا، بازاڕەکانی شاروشارۆچکەکانی بەکاڵاو شمەکی بەرهەمهێنراوی وڵاتانی ئیقلیمی و تەنانەت جیهان پڕکراون، قەبارەی هاوردەکراوەکانمان بەڕێژەی زیاتر (90%)ی تێپەڕاندووە.

ژوورەکانی بازرگانی پارێزگاکان و کۆمەڵەو یەكێتییەکانی بواری بازرگانی لەهەرێمدا، ژمارەی ئەندامانیان بەسەدان وهەزاران بازرگان ئەژمار دەکرێن، زۆربەی ئەم بازرگانانە لەبواری هاوردەکردن کارو چالاکی ئەنجام دەدەن.

ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر، بابەتی چاودێریکردنی بازرگانییە لەشاروشارۆچکەکانی هەرێمدا، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیتیەکان و تەنانەت لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی، لەهەوڵی بەردەوامدان تا بتوانن خزمەت بەهاوڵاتیان و بەکاربەران بکەن.

لەڕاستیدا بابەتی چاودێری بازرگانی پەیوەستە بەهەمووانەوە بەبێ جیاوازی، پەیوەندییەکی گرنگی هەیە بە تاک وخێزان و کۆمەڵگاوە، چونکە تەندروستی کۆمەڵگا پێویستییەکی هەنووکەیی سەردەمە و ئامانجی حکومەتەکانە کەسەلامەتی هاونیشتیمانییەکانیان بپارێزن.

بەپێ ی توێژینەوە زانستییەکان، خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو و کواڵیتی نزم، سەرچاوەی سەرەکی تووشبوونە بە شێرپەنجە. لەهەمانکاتدا ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی هەرێم ئاماژە بەوە دەدەن کەزیاتر لەیەک ملیۆن تەن خۆراکی بەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیەکی گەورەی خۆراکی هاوردەکراو، ماوەی بەسەرچوونەکەی نزیکە و هێشتا لەبازارەکاندا دەخرێنەروو.

لەلایەکی ترەوە، ئەرکی بازرگانان و فرۆشیارانە بەشێوەیەکی گشتی، پێش بیرکردنەوەیان لەقازانجی تایبەتی، تەندروستی گشتی ڕەچاوبکەن، چونکە سەرئەنجام بازرگانەکانیش هاوڵاتی و بەکاربەری کۆمەڵگان.

ئەخلاقی بازرگانی لەوەدایە، سەرەرای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی قازانج، بەرژەوەندی ئابوری و تەندروستی گشتی کۆمەڵگا بپارێزێت.

پێمان وایە، مادام هەموو لایەنەکان لەپێناو خزمەتکردن بەهاوڵاتیان و کڕیاران لەکاروفەرماندان، زۆر گرنگە سەرجەم لیژنەکان و لایەنەپەیوەندیدارەکانی بواری چاودێری بازرگانی، زۆر بەئەمانەتەوە ئەم کارە گرنگە جێ بەجێ بکەن، گوێ پێ نەدان و چاوپۆشیکردن لەکاڵاوشمەکی خراپ و کواڵیتی نزم، زەرەرو زیانەکەی بۆ هەمووانە بەبێ جیاوازی، هەربۆیە چاوپۆشیکردن لەخۆراکی خراپ، پێویستە بەتاوان ئەژمار بکرێت و سزای یاسایی توندی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

لەلایەکی ترەوە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی ئابوری بازاڕی ئازاد و سەربەستی بازرگانی دەکات، کەواتە نرخدانان لەتوانا وئەرکی حکومەتدا نی یە، بەڵکو خواست و خستنەڕوو وەک میکانزیمی بازاڕ نرخ دیاری دەکەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کەچیتر حکومەت دەستەوسان ودوورە پەرێز بێت لەنرخدا، بەڵکو گرنگە ئەم لیژنانە بەگشتی لیژنەی نرخی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی، بەووردی و واقیعی ئاگاداری نرخەکان بێت، بەتایبەتی نرخ، لەم بوارەدا پێویستە ئەندامانی لیژنەی نرخ، بەووردی و دراسەکراوی جیاوازی نرخی بازرگانی گەورە و دوکاندارەکان بکەن.

قۆستنەوەی خواستی زۆری بازاڕ هانی بازرگانان و فرۆشیاران دەکات کە قۆرخکاری بکەن و نرخ بەرزبکەنەوە، ئەرکی هەموو لایەکە سەلامەتی تەندروستی گشتی و مافی بەکاربەر بپارێزێت لەڕووی نرخ وباشی جۆری شمەکەکە.

بەداخەوە هەرێمی کوردستان سەرەڕای دەرچوونی یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر لەپەرلەمانی کوردستانەوە، بەڵام تائێستا کارا نەکراوە و کار بەیاساکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت، داواکارین کاری لەسەر بکرێت وکارا بکرێت، تا پاڵپشت بەیاساکە، سەرپێچیکارانی ئەم بوارە بگەن بەسزای خۆیان.

هەروەها لەبەرگرنگی وهەستیاری ئەم بابەتە، پێویستە لایەنەسیاسی و تەنانەت کەسایەتییەکان، هەماهەنگ و پاڵپشت و پشتیوانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری چاودێری بازرگانی بن، لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی دەستوەرنەدە کاروباری چاودێری بازرگانی، چونکە دەرئەنجام هەموو کۆمەڵگا زەرەرمەندی ئابوری و تەندروستی دەبن، باجی ئەم کارانە بەبێ جیاوازی تاکەکانی کۆمەڵگا دەیدەن، توشبووانی شێرپەنجە گەواهیدەری ئەم ڕاستیەیە.

بێ گومان، هۆشیاری تاک و خێزانەکان لەڕووی ناسینی شمەک و خواردن و خواردەمەنی هەنگاوێکی گرنگە بۆ دوورکەوتنەوە لەزەرەروزیانەکانی، لەلایەکی ترەوە چاوکراوەیی هاوڵاتیان بەهاوکاریکردن و ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی چاودێری بازرگانی و لایەنەپەیوەندیدارەکان ئەرکێکی نیشتیمانی و ئایینی و هەست بەبەرپرسیارییەتی کردنە لەپێناوبەرژەوەندی گشتیدا.

بەئومێدی کۆمەڵگایەکەی تەندروست و سەلامەت دوور لەکێشەو قەیران.

*ئابوریناس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif