دوورخستنەوەى پەرلەمانتارێکى کورد لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رێژەى کوردى لەو لیژنەیە کەمکردووەتەوە بۆ کەمتر لە پێنج یەکی تێکڕای ئەندامەکانی کە بەگوتەى ئەندامانى کوردی ئەو لیژنەیە، ئەو هەنگاوە کاریگەرى دەبێت و لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەى.
ژمارەی ئەندامانى کورد لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە چوار ئەندامەوە کەمکرایەوە بۆ سێ ئەندام، لەدواى ئەوەى لە 18ـى کانوونى دووەمى 2023، رێبوار عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەو لیژنەیە دوورخرایەوە، ئەوەش کاتێک بۆ جارێکى دیکە دەنگدان لەسەر دابەشکردنەوەى ئەندامانى لیژنەکان کرایەوە.
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە 23 ئەندام پێکدێت، کە ئێستا هەریەک لە پەرلەمانتارانى کورد د. نەرمین مەعرووف، خەلیل دۆسکى و جەمال کۆچەر تێیدا ئەندامن ئەوە جگە لە ئیخلاس دلێمى کە لە نەتەوەى عەرەبە لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دوورخستنەوەى ئەو ئەندامە کوردە لە لیژنەکەیان کاریگەرى لەسەر دەنگى کورد دەبێت لە نێو لیژنەى دارایی. دەشڵێت، "ژمارەى ئەندامانى لیژنەکە ژمارەى یاسایی تێپەڕاندووە کە لە بنەڕەتدا 20 ئەندامە و ئێستا بووەتە 23 ئەندام".
ئێستا دەنگى ئەندامانى کورد لە لیژنی دارایی کەمترە لە پێنج یەکى ئەندامانی لیژنەکە، ئەوە لەکاتێکدایە کە بڕیارەکان، بەرزکردنەوەى پڕۆژەیاسا و پێشنیازەکان لە نێو لیژنەکەدا بە دەنگدان یەکلایی دەکرێنەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان دوورخستنەوەى رێبوار عەبدولڕحمان لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بەبێ ئاگادارکردنەوەى پێشوەخت بووە و هۆکارەکەشى پێنەگوتراوە، بۆیە بەشێوەى زارەکى تانەى لەو بڕیارە داوە و گەیاندوویەتییە سەرۆکایەتیى پەرلەمان.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بەدڵنیاییەوە کەمبوونەوەى کورد لە لیژنەى دارایی کاریگەرى دەبێت، فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە لاى شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ئەو پرسەى خستووەتەڕوو بۆ گەڕاندنەوەى ئەو پەرلەمانتارە و ئێمەش پشتگیریمان کردووە".
ئەو گۆڕانکارییە لە ژمارەى ئەندامانى کورد لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەکاتێکدایە، بڕیارە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە ئاراستەى پەرلەمان بکرێت کە گفتوگۆى بەرایی سەر پڕۆژەکە و زیادکردنى پێشنیازەکان لە لیژنەى دارایی دەکرێت و بەشێکیان بە دەنگدان یەکلایی دەکرێنەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق