رێژەی بەشداریکردنی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی توونس تەنیا 11.3٪ بوو. پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش داوای پێکهێنانی بەرەیەکی دژ بە قەیس سعەید-ی سەرۆکی وڵاتەکە دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2023، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی توونس بەڕێوەچوو. ئەوەش دوای شکستهێنانی گەڕی یەکەم لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022 هات کە بەشێوەیەکی بەرفراوان بایکۆتکرا.
رۆژی 25ـی تەممووزی 2021، قەیس سعەید، حکومەتی هەڵوەشاندەوە و پەرلەمانی سڕکرد، بەوەش بە نزیکەیی تەواوی دەسەڵاتەکانی وڵاتی کەوتە ژێردەستییەوە.
لەدوای داخرانی سندووقەکانی دەنگدان لە کاژێر 6:00ـی ئێوارە، فاروق بوعەسکەر، سەرۆکی بۆردی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی توونس رایگەیاند، لە کۆی 7.8 ملیۆن کەس کە ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردن تۆمارکردبوو، 887 هەزار و 638 کەس بەشدارییان لە دەنگداندا کردووە و دەنگیان داوە.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی وڵاتەکە، تەنیا 5٪ـی ئەوانەی دەنگیانداوە تەمەنیان خوار 26 ساڵ بووە و "زیاتر کەسە بەتەمەنەکان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە."
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە توونس لە کاتێکدایە 12 ساڵ بەسەر بەهاری عەرەبیدا تێپەڕدەبێت کە پریشکی دەستپێکردنی لەو وڵاتەدا سەریهەڵدا؛ ئێستا هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە 10٪ و قەیرانی جۆراوجۆر رووی لە وڵاتە 12 ملیۆنییەکە کردووە.
ئامارەکان پێشانیدەدەن لە ساڵی 2022دا لانیکەم 32 هەزار کەس لە توونسەوە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا.
ئەحمەد نەجیب، سەرۆکی پارتی رزگاریخوازی نیشتمانیی توونس لەدوای هەڵبژاردنەکان گوتی، "با دەست لەنێو دەست کار بۆ گۆڕانکاریی بکەین، بە ئاڕاستەی لادانی قەیس سعەید." داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ ئەوەی لەو رووەوە یەکبگرن.
ئەحمەد نەجیب گوتیشی کە "نزیکەی 90٪"ـی خەڵکی توونس "کودەتایان" رەتکردەوە و بەشدارییان لە هەڵبژاردنێکدا نەکرد کە بەگوتەی خۆی "بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لەوان ناکات."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق