سەركردەی خزمەتكار
عومهر مستهفا محهمهد ـ مامۆستای زانكۆ
-
سەركردەو سەركردایەتیكردن، ئەو چەمكەی كە ڕۆژانە گوێبیستی دەبینو هەریەكەمان بەجۆرێك بەركەوتەمان هەیە لەگەڵیو هەریەكێك لەئێمە بەپێی پاشخانی ڕۆشنبیرییو دنیابینی خۆمان لێكدانەوەو تێگەیشتمان هەیە بۆ چەمكی سەركردە.
لەوانهیە بۆ زۆرێكمان چەمكی سەركردە لەو كەسایەتیانەدا كورتبێتەوە كە سەركردایەتی ئایدۆلۆجیایەكی دیاریكراو یان ڕێكخراوێك یان قەوارەیەكی دیاریكراو دەكەن، یان بەپێی تێڕوانینی زۆرێكمان چەمكی سەركردە تەنها تایبەتمەندە بەوكەسانەی كە لەلوتكەی هەرەمی بەڕێوەبردنی ڕێكخراوێك یان حزبێك یان وڵاتێك یان قەوارەیەكن.
بەشێكی زۆر لەتێڕوانینەكان وەك زۆربەی بوارەكانی تر تێڕوانینێكی هەڵقوڵاو نییە لەكانیاوی زانستو زانیاریی، یان بەمانایەكی تر لەدەربڕینی تێڕوانینەكانمان ئەوەندەی پشت بەبیروبۆچونی خۆمان دەبەستین، ئەوەندە پشت بەبنەماو ڕێگاو هۆكاری زانستی نابەستین.
بەگشتی چەمكی سەركردایەتی زۆرجار لەگەڵ چەمكی (بەڕێوەبەر ، سەرۆك ، ڕابەر لێپرسراو) تێكەڵدەبێت، لەكاتێكدا كە هەریەك لەو چەمكانە ماناو تایبەتمەندیو بواری كاركردنیان جیاوازە، بەڵام سەبارەت بەچەمكی سەركردەو سەركردایەتیكردن بەپێی بیروبۆچونی زۆربەی بیرمەندانو نوسەرانو زانایانی ئەو بوارە زیاتر لەوەدا كۆدەبێتەوە كە كە سەركردایەتی بریتیە لەجێهێشتنی كاریگەری لەسەر ئەوانی تر بەمەبەستی ئاڕاستەكردنیان بۆ هێنانەدی ئامانجێكی دیاریكراو.
لەم تێڕوانینەوە بۆمان دەردەكەوێت كە چەمكی سەركردایەتیكردن پەیوەست نییە بەكەسێكی دیاریكراو لەلوتكەی هەرەمی دەسەڵات، بەڵكو هەركەسێك بتوانێت كاریگەری لەسەر ئەوانیتر جێبهێڵێتو بتوانێت ئاڕاستەیان بكات بۆ هێنانەدی ئامانجێكی دیاریكراو، ئەوا سیفەتو خەسڵەتی سەركردایەتی تێدایە.
هەر لەبواری سەركردایەتیكردن چەندین تیۆرو ستایلو جۆری جیاواز هەیە كە هەریەكەیان لەقۆناغێكی مێژوییو لەبوارێكدا بەكارهێنراون، یان هەر ستایلێك لەسەركردایەتیكردن دەتوانێت لەبوارێك یان چەند بوارێكدا سەركەوتوبێتو ڕێژەی سەركەوتنی پەیوەستە بەكەسایەتی سەركردەكەو ئەو ژینگەیەی كە كاری تێدادەكاتو ئەو سامانانەی كە لەبەردەستان.
بەڵام سەبارەت بەچەمكی سەركردەی خزمەتكار (القیاده الخادمه) كە لێرەدا دەمانەوێت تیشكی بخەینەسەر، لەوانەیە بەبیرگەی بیستنی زۆربەمان نامۆ بێت لەبەرئەوەی لەدونیا ڕۆژهەڵاتدا زۆر بەكەمی سەركردەیەك دەبینرێت كە خزمەتكار بێت یان سەركردەكانو گەورەكان ئەوەندەی خزمەتی خۆیانو چواردەورەكەیان كردوە ئەوەندە خزمەتی ئەوانی تریان نەكردوە.
چەمكی سەركردەی خزمەتكار (القیاده الخادمه) یان خزمەتگوزار بۆ یەكەمجار لەلایەن (روبیرت گرینلف) لەساڵی 1970 لەوتارێكدا باسی مەترسیەكانی سەركردایەتیكردنی هەرەمیو پەیكەری ڕێكخراوەی هەرەمیو مەركەزیبونی پڕۆسەی دروستكردنو دەركردنی بڕیارەكانی كردوە، لەو وتارەدا زۆر جەختدەكاتەوە لەسەر كاركردن بە شێوازی گروپو پێدانی ئازادی زیاتر و كاركردن بەلامەركەزیەتی كارگێڕیی لەڕێگای خزمەتكردنی زیاتر نەك سەپاندنی دەسەڵاتی زیاتر.
هەروەها ناوەڕۆكی چەمكی سەركردەی خزمەتكار (القیاده الخادمه) لەخزمەتكردنی مرۆڤەكانو كاركردن بەپەیكەری ڕێكخراوەی لامەركەزیدا خۆی دەبینێتەوە، بەردەوام كار لەسەر پەرەپێدانی مرۆڤەكانی چواردەوری دەكات بەتایبەت پەرەپێدانی تواناو لێهاتوییو زیانیاری كارمەندەكان.
هەروەها ئەم ستایلە لەسەركردایەتیكردن ڕێگا دەدات بەبەشداریكردنی ئەوانی تر یان ئەوانەی لەئاستی خوارەوەن بەشداریبكەن لە پڕۆسەی دروستكردنو دەركردنی بڕیار.
لەمجۆرە سەركردایەتیكردنە بەشێكی گەورە لەپڕۆسەكە بریتیە لەگوێگرتنو وەرگرتنی بیروبۆچونی ئەوانی تر بەبێ گرنگیدان بەئاستو بەرپرسیارێتیان، هەروەها هێنانەدی ئامانجی ئەوانی ترو دابینكردنی پێداویستیەكانیان بەشێكی گەورەیە لەسەركردایەتیكردنی خزمەتكار.
بیرمەندانی ئەم بوارە لەو باوەڕەدان كە ئەگەر سەركردە خزمەتكارو خزمەتگوزاربێت، وا لەكارمەندو كرێكارەكانیش دەكات خزمەتكردن بەلایانەوە ئاسایی بێتو بەكارێكی پیرۆزی بزانن.
مادام ئامانجی سەرەكی لەپڕۆسەی بڕێوەبردن بریتی بێت لەخزمەتكردنی ئەوانی تر كەواتە دەتوانین بڵێین ستایلی سەركردەی خزمەتكار (القیاده الخادمه) باشترینو جوانترین ستایلی سەركردایەتیكردنە كە لەڕێگایەوە دەتوانین خزمەتی خەڵكانی تر بكەین، ئەمە لەكاتێكدا خزمەتكردنی ئەوانیتر هەر لەبنەڕەتدا كارێكی مرۆڤ دۆستانەو كۆمەڵایەتیو ئاینیە كە بەشێكی زۆر لەو سەركردانەی كە لەیادگەی مرۆڤایەتدا ماونەوەو بەشێك لەمێژویان بۆ خۆیان داگیركردوە ئەوانەن كە بەجۆرێك لەجۆرەكان خزمەتی خەڵكیان كردوە نەك خۆیانو چواردەورەكەیان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق