رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لە پارێزگای موغڵا رەخنەی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە گرت بەوەی داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات.
لە چوارچێوەی کردنەوەی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریدا، رۆژی شەممە 14-1-2023 ئەردۆغان لە گوتارێکدا باسی لە هەڵوێستی کڵچدارئۆغڵو کرد و رەخنەی لێگرت. ئەمە لەکاتێکدایە کڵچدارئۆغڵو پێیوایە، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی: "مستەر کەمال تۆ شان بە شان لەگەڵ ئەو تیرۆریستانە رۆیشتیت. هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایت ئاخۆ چۆن بتوانیت تیرۆریستانی گرتووخانە بێنیتە دەرەوە. بەخۆڕایی هەوڵمەدە. ئەو تیرۆریستانە ناتوانن وەها دەربچن. بەڵام ئەو لە ئێستاوە بەڵێن دەدات. ئایا ئەو دەمیرتاشە نەبوو، بووە هۆی مردنی 51 هاووڵاتیمان لە دیاربەکر؟"
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، ئەو خەڵکە رێگەی دەرچوونی ئەو کەسانە لە گرتووخانە نادات.
ئەردۆغان هەروەها رەخنەی لە کڵچدارئۆغڵو گرت و گوتی، "سووکایەتیی بە سەربازانی سوپای تورکیا کردووە و کەسێک کاردانەوەیەکی وەها نابەجێ بەرامبەر فەرماندەکانی سوپامان نیشان بدات کە یۆنان، پەکەکە و گولەنییەکان نەیانتوانیوە نیشانی بدەن، چۆن دەتوانێ ببێتە سیاسەتڤانی ئەم وڵاتە!"
ئەردۆغان باسی لە پێشکەوتنی پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئەوانە بەرگەی ئەم دیمەنە ناگرن کە ئێستا لە تورکیا هەیە و بە نێوخۆی وڵاتەوە ناوەستێت و لە دەرەوەی وڵاتیش تیرۆریستان سەرکوت دەکاتەوە."
ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە عەدنان مەندەرێسیان بە ستەم لەسێدارەدا، هەروەها درۆ و بوختانی زۆریان بۆ تورگوت ئۆزاڵ هەڵبەست. ئەردۆغان هەروەها گوتی، "لەوەتەی ئاکپارتی دەسەڵاتی وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی هەمان کار، زۆر هەوڵیانداوە."
ئەو رەخنانەی ئەردۆغان لە کڵچدارئۆغڵو دوای ئەوە هات، کاتێک رۆژی 9-1-2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکی تایبەتی بۆ ئەفسەرە پلە باڵاکانی سوپا رەخنەی لە ئۆپۆزیسیۆن گرت، ئەفسەران چەپڵەیان بۆ لێدا. کڵچدارئۆغڵو رۆژی 10-1-2023 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان کاردانەوەی نیشاندا و گوتی: "با فەرماندەکان شوێنی خۆیان بزانن. سیاسەت کاری سەرباز نییە. هەموو کەس دەبێ پێگەی خۆی بزانێت. ئایا دەیانەوێت سیاسەت بکەن؟ با ئەو یەکپۆشییە پیرۆزە لاببەن، با لە تەنیشت ئەردۆغانەوە ریزبن و خۆیان بە پەرینچەکەوە هەڵبواسن."
سوپای تورکیا لە ساڵانی 1960 و 1980دا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت. لە ساڵانی 1971 و 1997 حکومەتی ناچارکرد دەست لەکار بکێشێتەوە.
رۆژی 15ی تەممووزی 2016، لەلایەن بەشێکی سوپا هەوڵی کودەتای سەربازی درا. ئەوە بوو دواتر دەسەڵات هەڵمەتێکی گەورەی لە ژێر ناوی (پاککردنەوەی باڵی کودەتاچییەکان لە نێو سوپادا) دەستپێکرد.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق