بۆچی بەریتانیا " موسڵ"ی لکاند بە عێراقەوە

ليست هناك تعليقات


 سالار محمود

ئەدمۆنز" كە لەبیستەكانی سەدەی ڕابوردووداو پاش جەنگی جیهانیی یەكەم، ساڵانێكی زۆر لەكوردستان ڕاوێژكاری حكومەتی بەریتانیا بووەو یەكێك لەئەندامانی ئەو لیژنەیەش بووە كە كۆمەڵەی گەلان "عصبە الامم" بۆ چارەسەكردنی ویلایەتی موسڵ پێكیهێناوە، لەكتێبی " كورد، تورك، عەرەب"دا دەڵێت " ئێمە لەگیروداوی خەباتێكدا بووین كە بۆ عێراق لەحوكمی مەرگ‌و ژیاندا بوو، چونكە دڵنیابووین‌و بە لێكدانەوەی ئابووری‌و سەربازی، بەغدادو بەسرە هەرگیز ناتوانن بەبێ موسڵ وڵاتێكی بەردەوام پێكبهێنن".

لەبەرئەوەی كە عێراق لەو كاتەداو لەسەروەختی پەیمانی لۆزان‌و لیژنەكەی كۆمەڵەی گەلاندا لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بووە، بۆیە بەریتانییەكان هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوە بووە كە موسڵ بلكێنن بە عێراقەوە، ئەو عێراقەی كە خۆیان دروستیانكردو مەلیك فەیسەڵیشیان كردە مەلیكی ئەم وڵاتە نوێیە.
بەهۆی ململانێی توندی ئینگلیزو توركیا لەسەر موسڵ، بڕیاردان لەچارەنووسی ئەم شارە، دواخرا بۆ كۆنگرەی لۆزان ساڵی ١٩٢٣. لەوێش بە تەواوی یەكلانەبووەوە تا ساڵی ١٩٢٦ لەكۆنگرەی ئەنقەرە هەردوولا ڕیككەوتن‌و موسڵ بوو بەشێك لەعێراق.


ویلایەتی موسڵ كە پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی بوو، لەپاش جەنگی جیهانیی یەكەمەوە بەریتانیاو توركیا كەوتنە ململانێیەكی سەختەوە لەسەری‌و كوردیش كە زیاتر لەنیوەی دانیشتووانەكەی بوون لەوكاتەدا، بەهۆی نەبوونی هێزی سەربازیی بەهێزو نەبوونی قەوارەیەكی یەكگرتووی سەربەخۆو لاوازی‌و پەراوێزیی پێگەی سیاسییەوە، كورد هیچ ڕۆڵێكی لەدیاریكردنی ئایندەی موسڵدا نەبوو.
بەهۆی ململانێی توندی ئینگلیزو توركیا لەسەر موسڵ، بڕیاردان لەچارەنووسی ئەم شارە، دواخرا بۆ كۆنگرەی لۆزان ساڵی ١٩٢٣. لەوێش بە تەواوی یەكلانەبووەوە تا ساڵی ١٩٢٦ لەكۆنگرەی ئەنقەرە هەردوولا ڕیككەوتن‌و موسڵ بوو بەشێك لەعێراق.
لەساڵی ١٩٢٥دا كۆمیسیۆنی دیاریكردنی چارەنووسی موسڵ، لەڕاپۆرتەكەیدا بۆ كۆمەڵەی گەڵان پێشنیازیكرد كە باشترین بژاردە دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردییە لەویلایەتی موسڵدا، بەو پێیەی زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن، بەڵام بەهۆی فشاری بەریتانیاوە كۆمەڵەی گەلان بڕیاریدا ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر عێراق.
ئەدمۆنز دەربارەی ڕەوشی ململانێكان‌و گرنگی‌و چارنووسی موسڵ لەو دەمەدا دەڵێت "من موسڵ بۆ عێراق وەكو سەر بۆ لەش دەبینم‌و بەتەواوییش لەو باوەڕەدام كە هەرچەندە مەسەلەكە تەنیا دیاریكردنی سنووری نێوان عێراق‌و توركیایە، بەڵام لەڕاستیدا مەسەلەی مەوجودیەتی هەموو عێراقە.
هەرچەندە ئەدمۆنز باس لەوە دەكات كە هەوڵ‌و خەباتی ئەوان بۆ خۆگەیاندن‌و چاودێریكردنی چاڵە نەوتەكان نەبووە، بەڵام هیچ گومان لەوەدا نییە كە تەماحی بەریتانیا بۆ نەوت‌و داهاتی موسڵ‌و عێراق لەوكاتەدا ئەم بۆچوونەی ئەدمۆنزی لێكەوتووەتەوە.

بەوتەی ئەدمۆنز؛ نوێنەرانی توركیا لەكۆمەڵەی گەلاندا هەزاران ئاڵای توركیایان دابەشكردبوو، دەیانویست بەشەو لەپەنجەرەی ماڵەكانی موسڵ‌و ئەو شوێنانەدا هەڵیانبواسن كە شوێنی دیتنی ئەندامانی ئەو لیژنەیە بوو، كە كۆمەڵەی گەلان بۆ لێكۆڵینەوە لەكێشەی موسڵ ناردبوونیە ئەو شارە.
شاری موسڵ لەبەشی باكووریدا ڕۆژئاوای عێراق پێكدەهێنێ، لەباكووردا دەكەوێتە نێوان بازنەی هێڵی (1، 32، 3، 37)و نیوەی هێڵی وڵاتی سوریا، لەڕۆژهەڵاتیشیدا پارێزگای هەولێرو كەركوكە، لەباشووریشیدا پارێزگای سەلاحەدین‌و ئەنبارەو لەڕۆژئاواشەوە لەسوریا نزیكە، ڕووبەری مەڵبەندی موسڵ نزیكەی 208 كیلۆمەتر دووجایەو بەر لەداگیركردنی لەلایەن داعشەوە، ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لەدوو ملیۆن كەس بووە، ڕووباری دیجلە شارەكە دەكات بەدوو بەشەوە، بەشی چەپی شارەكە كە بە بەشە كوردستانییەكەی ناسراوەو نەینەواشی پێدەوترێت، ئەم بەشەی موسڵ 120 گەڕەك لەخۆدەگرێت، جیاواز لەشارەكانی دیكەی عێراق بە فێنكیی ئاو‌و هەواكەی وەسفدەكرێت، لەڕووی تۆبۆگرافی‌و وەرزەكانەوە شاری موسڵ لەشارەكانی تری عێراق تەواو جیاوازە، ڕێژەی باران بارین، پلەی گەرمی‌و ساردیی زستان‌و گەرمیی هاوین‌و ئاو‌وهەوای لەشارەكانی تر ناچێت.

لەمانگی 3ی ساڵی 1921‌و بەماوەیەكی كەم پاش پەیماننامەی سیڤەرو لەكۆنفرانسی قاهیرەدا بە بریاری چەرچڵ مەلیك فەیسەڵ پێشنیاركرا بە پاشای عێراق‌و هەر لەوێشەوە كێشەی موسڵ وا چارەسەركرا كە بلكێنرێ بە عێراقەوە، بەهۆی گوشاری بەریتانیاو باڵادەستییەكەیەوە لەلیژنەكەی كۆمەڵەی گەلاندا موسڵ بە عێراقەوە لكێنرا.
لیژنەكەی كۆمەڵەی گەلان دوو ڕاستیی گرنگی سەبارەت بە موسڵ خستووەتەڕوو، بەپێی ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیە لەو كاتەدا، واتا لەساڵی 1925دا پێنج لەسەر هەشتی دانیشتووانی موسڵ كورد بوون‌و بەبڕوای لیژنەكە ئەگەر فاكتەری نەتەوەیی بە فاكتەرێكی یەكلاكەرەوە دابنرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی موسڵ، ئەوە دەبێت دەوڵەتێكی كوردی لەموسڵ دابمەزرێ، بەڵام بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان لەو سەروبەندەدا هەریەكە لەئینگلیزو تورك‌و عێراق، لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا ڕێژەی كوردیان خەمڵاندووەو كوردە غەیرە موسڵمانەكانیان بەكورد هەژمارنەكردووە.
لەدژی هەژموونی بەریتانیا لەعێراق پسپۆڕێكی ئەمەریكی یاداشتنامەیەك ئاراستەی كۆنگرەی ئاشتیی پاریس دەكات‌و تێیدا باس لەوە دەكات كە مۆنۆپۆڵكردنی كەرەستەكانی پەترۆڵی كوردستان‌و بەتایبەت ویلایەتی موسڵ كێشەیەكی گەورەیە.
بەریتانیا بەخاتری دەستبەركردنی نەوتی عێراق بەگشتی‌و موسڵ بەتایبەتی، دواجار موسڵی لكان بەعێراقەوە، پاش ئەوەی توركیا لەكۆنگرەی ئەنقەرەی ساڵی 1926 ناچاربوو ڕازیبێت بەوەی موسڵ بلكێنرێت بە عێراقەوە، لەكاتی مۆركردنی ڕێككەوتنەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی توركیا وتی توركیا لەپێناو دۆستایەتیی لەگەڵ بەریتانیاداو هەروەها لەپێناو ئاشتی لەگەڵ عێراقدا ئەو قوربانییەی داوە.
مستەفا كەمال ئەتاتورك وەك كاردانەوەیەك لەبەرانبەر بڕیارەكەی كۆمەڵەی گەلاندا ڕایگەیاند كە ویلایەتی موسڵ دەكەوێتە سنووری نیشتیمانی توركیاوە، هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە ئەو هەرێمە لەتوركیا داببڕێت‌و وەك دیاری بیدات بەكەسانی ترو ئەو كێشەیە پەیوەندیی بەكۆمەڵەی گەلانەوە نییە.
لەگەڵ دەستبەرداربوونی توركیا لەموسڵ، لەرێككەوتنەكەدا بڕیاردرا كە داهاتی لە10%ی نەوتی عێراق بۆ ماوەی 25 ساڵ بدرێت بە توركیا.
هەرچەندە ئێستاشی لەسەر بێت توركیا موسڵ بەبەشێك لەخاكی خۆی دەزانێت، بەڵام تەماح‌و خواستی بەریتانیا بۆ نەوتی عێراق‌و موسڵ، موسڵی كردە بەشێك لەعێراق‌و لەڕێككەوتنەكەشدا غەدرێكی گەورە لەكورد كرا.
بەو پێیەی كە لەپاش جەنگی جیهانیی یەكەمەوە عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بووە، بۆیە بەریتانیا كێشەی نێوان كوردو عەرەبی عێراق هەڵدەسوڕێنێت‌و لەپێناو بەرژەوەندیی ئابووریی خۆشیدا، پرس‌و دۆزی كوردی كردووەتە قوربانی بۆ عێراقی عەرەبی.

بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1957 نزیكەی نیوەی دانیشتووانی شاری موسڵ كورد بوون، بەپێی زانیارییەكانی تایبەت بە تەعریبكردنی ناوچە كوردستانیییەكان لەنێوان ساڵانی 1947 بۆ 1957دا 1700 كەسی عەرەب لەناوچە عەرەبییەكانەوە هێنراون بۆ موسڵ‌و لەنێوان ساڵانی 1975 بۆ 1988دا لەپارێزگای موسڵ 341 گوند كە 4314 خێزان بوون‌و زۆرینەیان كورد بوون چۆڵكراون.
ئەوەی سەبارەت بە موسڵ‌و پەیوەندیدار بە كوردەوە جێگەی سەرنجە، ئەوەیە كە لەكاتی سەروبەندی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقییەوەو لەكاتی لكاندنی موسڵ بەو دەوڵەتە نوێیەوە، كورد هیچ ڕۆڵێكی نەبووەو نەك هەر نەبووەتە بەشێكی گەورەی ململانێكان، بەڵكو هەریەكە لەتوركیاو بەریتانیا مامەڵەیان پێوەكردووەو بڕیاریان لەچارەنووسی داوەو بڕیارەكەش تەواو پێچەوانەی خواست‌و ویستی كورد بووە.
هەرچەندە هەریەكە لەبەریتانیاو توركیاو عێراق لەسەرو بەندی كۆنفراسی لۆزانداو لەناو لیژنەكەی كۆمەڵەی گەلانیشدا تایبەت بەموسڵ هەوڵیاندا ڕێژەی كورد لەموسڵ بەویستی خۆیان بخەمڵێنن، بەڵام هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو شارە بۆ چارەكە سەدەیەك دوای لۆزان دەگەڕێتەوەو لەپاش ساڵی 1950ـەوە دەست بەگۆڕینی دیمۆگرافیای شاری موسڵ دەكرێت.
بەو پێیەی كە لەپاش جەنگی جیهانیی یەكەمەوە عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بووە، بۆیە بەریتانیا كێشەی نێوان كوردو عەرەبی عێراق هەڵدەسوڕێنێت‌و لەپێناو بەرژەوەندیی ئابووریی خۆشیدا، پرس‌و دۆزی كوردی كردووەتە قوربانی بۆ عێراقی عەرەبی.

سەرنج: بۆ ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە، كەڵك لەچەند سەرچاوەیەكی مێژوویی وەرگیراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif