بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق، سه‌رلێشێوان له‌نێوان شایسته‌ و پێشینه‌دا

ليست هناك تعليقات


جیهانگیر سدیق گوڵپی
-
دادگای فیدراڵی عێراق له‌ڕۆژی 25/1/2023 بڕیاریدا به‌ نادروستیی ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ 2021 و 2022 ده‌ریكردون بۆ ‌پێدانی 200 ملیار دینار مانگانه به‌هه‌رێم وه‌ك پێشینه(سلفة) بۆ ‌مه‌به‌ستی پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌.

له‌خواره‌وه‌ ته‌نها له‌ گۆشه‌نیگای دارایی و ژمێریاریه‌وه‌ سه‌رنج ده‌خه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌، خه‌سڵه‌تی یاسایی و ده‌ستوریبونی دادگاكه ‌و ئاكاره‌ سیاسیه‌كه‌ی به‌جێ ده‌هێهڵم بۆ كه‌سانی سیاسی و پسپۆڕانی یاسای ده‌ستوری كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ی پێویستیان كردوه‌. ‌

به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی ئێستای دادگا‌كه‌ پێدانی پێشینه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌هه‌رێم چوه‌ته‌ خانه‌ی كاری نادروست و نایاساییه‌وه‌. ئه‌مه‌یش‌ هه‌نگاوێكی تره‌ بۆ كڵۆمدانی ده‌رگای ڕێككه‌وتن له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێككه‌وتن مه‌رجداره‌ به‌وه‌رگرتنی پاره‌وه‌ له‌به‌غدا، به‌ڵكو هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌بێ پێدانی پێشینه‌‌ به‌هیچ جۆرێك یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ ناكرێت و هیچ ڕێككه‌وتنێكی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ناچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌میش به‌پێی یاسا و رێساكانی بواری دارایی گشتی له‌ عێراق و له‌ ته‌واوی دنیا پێدانی پێشینه‌ به‌كارێكی دروست و ته‌نانه‌ت به‌ مه‌رج و پێویستیه‌كی سه‌ره‌كی داده‌نرێت بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه.

له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌مو یاسا كارپێكراوه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی بواری دارایی گشتی له‌عێراق له‌ماوه‌ی 100 ساڵی ڕابوردو تاكو ئێستا به‌ڕونی جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌‌و له‌بواری كرده‌ییشدا به‌به‌رده‌وامی په‌یڕه‌وكراوه‌‌‌، به‌ڵام دادگای فیدراڵی له‌م بڕیاره‌یدا ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رێم به‌ نادروست و نایاسایی داناوه‌.

دادگای فیدراڵی له‌ دادبینی و بڕیاردانه‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ نایاسایی بونی ناردنی ئه‌و پێشینه‌یه‌ پشتی به‌ ماده‌ی (11)ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 به‌ستوه‌، له‌كاتێكدا به‌پێی سیسته‌می ژمێریاری هه‌ریه‌ك له‌ پێشینه ‌و بارمته‌كان‌ به‌ هه‌ژماری نێوه‌ندگر(حسابات الوسيطة) داده‌نرێن و له‌یاسای بودجه‌دا ئاماژه‌یان بۆ ناكرێت، وه‌ به‌هه‌ژماری ده‌ره‌وه‌ی بودجه‌(حسابات خارج الموازنة) ناوزه‌د ده‌كرێن و تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جیاوازن له‌ خه‌سڵه‌ت و بڕی هه‌ژماره‌كانی ناو یاسای بودجه‌، به‌ڵام دادگای فیدراڵی هاتوه‌ وه‌ك شایسته‌(مستحقات) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پێشینه‌ (سلفة) كردوه و ڕاسته‌وخۆ تێكستی یاسای بودجه‌ی به‌موجه‌ڕه‌دی به‌سه‌ردا چه‌سپاندوه،‌‌ بۆیه‌ كه‌وتوه‌ته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌و‌ره‌وه‌.

نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو یه‌كێك له‌وخاڵانه‌ی دادگاكه‌ پشتی پێبه‌ستوه‌ بۆ بڕیاردانه‌كه‌ی، بریتیه‌ له‌ خاڵی یه‌كه‌می ماده‌ی (11)ی یاسای بودجه‌ی 2021، له‌كاتێكدا ئه‌وخاڵه‌ له‌ناو مه‌رجه‌كانی پێدانی شایسته‌ی هه‌رێم نیه‌ و دادگا هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قی كردوه‌ كه‌ ئه‌و خاڵه‌یشی به‌ مه‌رجی ناردنی شایسته‌ی هه‌رێم داناوه‌‌.

بڕی شایسته‌ یان ته‌رخانكراو ئه‌و بڕه‌یه‌ كه‌ له‌یاسای بودجه‌دا به‌پێی بواره‌ تایبه‌ته‌كانی خه‌رجیه‌كان ته‌رخانده‌ركرێت بۆ لایه‌ن و فه‌رمانگه‌كان، مه‌رجی خه‌رجكردنی شایسته‌كان به‌ته‌واوی ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌و رێوشوێنانه‌وه‌ كه‌ له‌یاسای بودجه‌دا ئاماژه‌یان بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام پێشینه‌ جیاوازه‌، به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ژماره‌ 6ی ساڵی 2019 كه‌ ئێستا به‌ركاره‌ و به‌پێی هه‌مو یاساكانی تریش ته‌نها هه‌بونی ته‌رخانكراو له‌یاسای بودجه‌دا به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نێك یان فه‌رمانگه‌یه‌ك یان یه‌كه‌یه‌كی خه‌رجكردن مافی وه‌رگرتنی پێشینه‌ی هه‌بێت بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ دۆكیۆمێنتی خه‌رجكردنی كۆتاییان ئاماده‌ نیه‌، جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ به‌پێدانی پێشینه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ یه‌كه‌كانی خه‌رج كردن، وه‌ پێویسته‌ له‌ماوه‌ی ساڵی داراییدا پێشینه‌كان پاكتاو بكرێن ئه‌گه‌رنا پاكتاوكردنه‌كه‌ پێویستیی به‌ ته‌رخانكردن هه‌یه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتو.

بۆچـــــی پێشیـــنه‌؟

هه‌رێمی كوردستا به‌پێی یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2021 شایسته‌ و ته‌رخانكراوی هه‌یه‌، به‌ڵام بڕگه‌كانی ماده‌ی 11ی یاساكه‌ به‌جۆرێك داڕێژراون كه‌ پێویسته‌ هه‌رێم هه‌مو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌تی له‌ داهاته‌ نه‌وتی و نانه‌وتیه‌كان ڕاده‌ستی به‌غدای بكات، بۆ داهاته‌ نه‌وتیه‌كان ده‌بێ هه‌مئاهه‌نگی له‌ نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێم بكرێت و، داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانیش له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هه‌رێمه‌وه‌ ووردبینی بكرێن و..هتد، له‌پاش ئه‌وه‌ ئینجا به‌غدا پابه‌ند ده‌بێت به‌ پێدانی شایسته‌كانی (مستحقات)ی هه‌رێم. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا‌ ئه‌و ماده‌ یاسایه‌ چۆن جێبه‌جێ ده‌كرێت؟ ئه‌ی بۆچی هه‌رێم پێویستیی به‌ پێشینه‌ هه‌یه‌؟ یان بۆچی به‌بێ پێدانی پێشینه‌ یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ ناكرێت؟ له‌خواره‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌:

سروشتی كاری حكومه‌ت به‌جۆرێكه‌ كه‌ له‌ هه‌رساتێكی كاركردنیدا خه‌رجی و داهاتی هه‌یه‌، به‌جۆرێكیش كه‌ ‌بڕو قه‌باره‌ی گه‌وره‌ی خه‌رجیه‌كان زۆرترین جار پێش داهاته‌كان ده‌كه‌ون. داهاته‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم نزیكه‌ی دوومانگیان پێویسته‌ تاكو ده‌گه‌نه‌ ده‌ستی حكومه‌ت و ده‌گۆڕدرێنه‌وه‌و ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كرێن بۆ خه‌رج كردن، داهاته‌كانی تریش مه‌رج نیه‌ به‌رده‌وام به‌شێوه‌ی ده‌وری و مونته‌زه‌م له‌كاتی پێویست بگه‌نه‌ گه‌نجینه‌ی حكومه‌ت و ئاماده‌بن بۆ خه‌رجكردن.

ئه‌گه‌ر به‌ ڕوكه‌ش و موجه‌ڕه‌دانه‌‌ سه‌یری خاڵی دوه‌می ماده‌ی 11ی یاسای بودجه‌ی 2021 بكه‌ین ئه‌وه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند مانگیك یه‌ك دینار خه‌رج نه‌كات و ڕاوه‌ستێت تاكو داهاته‌ نه‌وتیه‌كان و داهاته‌كانی تری ده‌گه‌رێنه‌وه‌ و به‌هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی به‌غدا راده‌ستیی گه‌نجینه‌ی به‌غدایان بكات و پاشتر هه‌ردوو دیوانی چاودێی ووردبینیان بكه‌ن و ڕاپۆرت به‌رز به‌كه‌نه‌وه‌ ئینجا له‌ به‌غداوه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ په‌سه‌ندكرا بڕیار بدرێت له‌سه‌ر ناردنی شایسته‌ی بودجه‌ی مانگیكی هه‌رێم!!! پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا هه‌رێم یان هه‌رحكومه‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌كی تر ده‌توانێت چه‌ند مانگێك به‌بێ ئه‌نجامدانی خه‌رجی و پێدانی موچه‌ كاربكات و ته‌نها خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی داهات و ڕاده‌ستكردنی بێت به‌ پایته‌خت، تاكو پاشتر له‌لایه‌ن پایته‌خته‌وه‌‌ بڕێك له‌ شایسته‌كانی بۆ بنێردرێت؟ بێگومان نه‌خێر. ئه‌ی چاره‌سه‌ر چیه‌؟

به‌پێی یاسا به‌غدا به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌، وه‌ به‌غدا وه‌ك هه‌ر ده‌وڵه‌تێك خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی جۆراو جۆری داهات و باڵانسی سوڕاو‌(رصید مدور) و قه‌رزی گشتی و بژارده‌ی (سحب علی المكشوف ) و..هتده‌، به‌به‌رده‌وامی به‌ر له‌ گه‌یشتنی داهاته‌كانیش سود له‌وانه‌ وه‌رده‌گرێت بۆ خه‌رج كردن و پاره‌داركردنی فه‌رمانگه‌كان و پێدانی پێشینه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كان ڕانه‌وه‌ستن،‌ ئه‌مه‌ له‌هه‌مو وڵاتێك هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ده‌وڵه‌ت نیه‌و ئه‌و بژاردانه‌ی له‌به‌رده‌ست نیه‌، بۆیه‌ یان ده‌بێت وه‌ك به‌شه‌كانی تری عێراق پێشینه‌ له‌ به‌غدا وه‌ربگرێت بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌، تاكو پاشتر كاری پاكتاوكردن و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ بۆ شایسته‌كانی و پشكی بودجه‌كه‌ی ئه‌نجام بدرێت، یانیش ده‌بێت یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت و كار به‌هیچ ڕێككه‌وتنێك نه‌كرێت.

كێشه‌ی دادگای فیدراڵی لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جیاوازیی نه‌كردوه‌ له‌ نێوان شایسته‌كان(مستحاقات) كه‌ له‌یاسای بودجه‌دا هاتوه‌ له‌گه‌ڵ پێشینه‌(سلفة‌) كه‌ له‌یاسای بودجه‌دا نایه‌ت و به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ده‌درێت به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌، هه‌ر بۆیه‌ دادگاكه به‌پشت به‌ستن به‌یاساكه‌ی بودجه‌‌ ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌ كه‌ ناردنی پێشینه‌ بۆ هه‌رێم پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌ و قورسكردنی باری گه‌نجیه‌نه‌ی ده‌وڵه‌ته‌.

له‌ڕاستیدا ناردنی پێشینه‌ نه‌ك نادروست نیه‌ به‌ڵكو ئه‌ر‌كه‌ له‌سه‌ر به‌غدا وه‌ك به‌شێك له‌ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌. له‌ ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق زیاتر له‌ ده ‌ساڵه‌ ده‌یان وه‌زاره‌‌ت و فه‌رمانگه‌ به‌بڕی گه‌وره و به‌قه‌باره‌ی ده‌ هێنده‌ی پێشینه‌كه‌ی هه‌رێم ‌ پێشینه‌یان وه‌رگرتوه‌ و تاكو ئێستا پاكتاویان نه‌كردوه‌ كه‌چی نه‌ ته‌مویل كردنیان ڕاده‌گیرێت و نه‌ پێدانی پێشینه‌ پێیان به‌نادروست ده‌زانرێت و نه‌ رێكاری پێویستیان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر!! له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ نادروسته‌ و سه‌رپێچی یاساییه‌.

كاری دروست ئه‌وه‌یه‌ به‌یه‌ك جۆر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم و به‌شه‌كانی تریش بكرێت، به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان پیشینه‌ بدرێت وردبینی و پاكتاوی بۆ بكرێت، كه‌ ئه‌وه‌ به‌شێكی گرنگ و سه‌ره‌كیه‌ له‌ ڕێكاره‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ نه‌ یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت نه‌ كار به‌ ڕێككه‌وتنه‌كان ده‌كرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif