لە نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق چیرۆکی سەرکەوتنە، چونکە کەس لێرە چاوەڕوانیی زۆری لەو وڵاتە نییە؛ لە قۆناخی شەڕی داعش و رووخانی دەوڵەت بۆ ئێستا کە حکومەتێکی نوێی هەیە و هەوڵی ریفۆرمی ئابووری و سیاسی دەدات؛ لەبەرئەوە، گوتاری هەر 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنەکە پڕ بوو لە پیرۆزبایی و ئافەرین و دەستخۆشی لە عێراقییەکان کە شەڕی ناوخۆیان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران ئەنجام نەدا و حکومەتیان پێکهێنا.
رچەرد میڵز، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارەکەی بە پیرۆزبایی ئەمریکا بۆ عێراق و محەممەد شیاع سوودانی دەستپێکرد کە حکومەتی لە مانگی تشرینی یەکەم پێکهێنا. گوتی، "ئێمە حکومەتی نوێ هاندەدەین کە بەپەلە کاربکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە زۆرانەی وڵاتەکە هەیەتی... ئێمە پێشوازی لەو راپۆرتانە دەکەین دەربارەی پێشڤەچوون بەرەو رێککەوتن لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر رێوشوێنەکانی بودجە و بەڕێوەبردنی سامانەکانی نەوت و غازی عێراق."
لە یەکەم گوتاری حکومەتی نوێی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، عێراق ئاماژەی بە ماددەی 140 کرد وەکو کێشەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا. ئەمەش یەکەم جارە لە دوای گشتپرسیی باشووری کوردستان لە ساڵی 2017 و داگیرکردنی کەرکووک، عێراق بە فەرمی دان بەوەدا بنێت کە کەرکووک و ماددەی 140 هێشتا کێشەیە و هەڵکوتانە سەربازییەکەی ئۆکتۆبەری 2017 بابەتەکەی یەکلایی نەکردووەتەوە.
سەرحەد سەردار، جێگری نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، "لەبارەی پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر. کۆبوونەوە و لێکتێگەشتن و دایەلۆگ لەنێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامن بۆ چارەسەری کێشە گرنگە هەڵپەسێردراوەکان لەوانە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و دابەشکردنی داهاتە نەوتییەکان و داهاتە گومرکییەکان و هەروەها دەستنیشانکردنی سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140ـی دەستوور."
نەک تەنیا باسی گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵکو ئەمجارە راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و گوتاری نێردەکەی لە عێراق هۆشداری تووندی تێدابوو لە مەترسیی بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەنێو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
لەوانەیە تۆی بینەر و بیسەر بپرسیت، گرنگیدان و هۆشداریی نێودەوڵەتی چ سوودێکی هەیە لە کاتێکدا گەورەترین هۆکاری شکستی هەموو دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەشیمانبوونەوەیە لە پەیمانەکان و ئەنجام نەدانی هەنگاوی کۆنکرێتییە بۆ چارەسەر؟ لەم دۆخەدا بۆ ئەوەی ئەم گرنگیدانە نێودەوڵەتییە سوودی هەبێت، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە فەرمی چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ دایەلۆگ دروستبکەن لەنێوان بەغدا و هەولێر.
بە نێودەوڵەتیکردنی ئەم کێشەیە بەتایبەتی لە بەرژەوەندیی لایەنی بێهێزە، ئەمەش بۆ ئەوەی هیچ نەبێت رێککەوتن و پەیمانەکانی دوێنێی بەغدا بە ئاسانی و میزاجی سیاسییەک و دادوەرێک لەبیر نەکرێت و بەدواداچوونی نێودەوڵەتی لە دواوە بێت. ئەنجوومەنی ئاسایش لە دژی بە نێودەوڵەتیکردنی پرۆسەی دایەلۆگی نێوان هەولێر و بەغدا نییە. هەر 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشتر ئەمەیان بە رووداو راگەیاندووە و پشتڕاستیان کردووەتەوە.
یەکێک لە هەنگاوە دیپلۆماسییەکان بۆ زیاتر بەنێودەوڵەتیکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دەکرێت مامەڵەی راستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش کە رەزامەندیی بەغدا و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەی پێویستە.
پرسیارم لە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان لە عێراق ئەو قەیرانەیە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی هەیە و ئێستا لەگەڵ بڕینی بودجە، ئەو پەیوەندییانە لە قۆناخێکی خراپترە وەکو چۆن لە راپۆرتی سکرتێری گشتیش ئاماژەی پێکراوە؛ پێشتر باسی ئەوە هەبوو کە جارێک نوێنەرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی ئەنجوومەنی ئاسایش بکرێت بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکات. ئایا هیچ گفتوگۆیەکتان ئەنجامداوە لەسەر ئەوە لە کاتی کۆبوونەوەکانتان بۆ رێکخستنی کۆبوونەوە دەربارەی عێراق؟"
ڤانیسا فرەیژەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە وەڵامدا رایگەیاند: "روونە کە دۆخی عێراق هەمووی باش نییە، بەڵام ئێمە دەبێت دان بەوەشدا بنێین کە پێشڤەچوونی پۆزەتیڤ روویداوە. بۆ نموونە ئێمە پێشوازی لەوە دەکەین کە سێ لە وەزیرانی حکومەتە نوێیەکەی عێراق ئافرەتن و هەروەها ریفۆرمی ئابووری و سیاسیش ئەنجامدراوە."
عێراق تەنیا یەکێکە لە 51 بابەت لە ئەجێندای جیهانی کە ئەنجوومەنی ئاسایش مامەڵەی لەگەڵ دەکات و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، ئێمە بودجە و دەسەڵاتی تەواومان داوەتە یۆنامی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە رێگەگرتن لە دووبارە تێکچوونەوەی سەقامگیریی عێراق.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق