بانکی جیهانی بە بڕی 1.78 ملیار دۆلار هاوکاری دەداتە تورکیا بۆئەوەی قەرەبووی زیانەکانی بوومەلەرزەی 6ی شووبات بکاتەوە، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەروو 21 هەزار کەس لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا.
رۆژی پێنجشەممە 10ی شووباتی 2023 دەیڤید ماڵپاس، سەرۆکی بانکی جیهانی رایگەیاند، "هاوکاریی دەستبەجێ دابیندەکەین و ئامادەکاری بۆ هەڵسەنگاندنێکی خێرا دەکەین لەبارەی پێداویستییە گەورە و هەنووکەییەکانەوە."
سەرۆکی بانکی جیهانی گوتیشی، "دەستنیشانی ئەو ناوچانە دەکەین کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و بوونیاتنانەوەیە، لە کاتێکدا کار بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانە دەکەین کە پێویستیان بە هاوکارییە."
بانکی جیهانی دەڵێت، هاوکاریی هەنووکەیی بە بڕی 780 ملیۆن دۆلار لە رێگەی ئاژانسی وەڵامدانەوەی خێراوە دابین دەکرێت. باس لەوەش دەکات کە "هاوکارییەکە بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی سەرەکی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەکاردەهێندرێت."
هاوکات، بانکی جیهانی دەڵێت، بڕی یەک ملیار دۆلاری دیکەش لە هاوکاریکردنی ئەو خەڵکە خەرج دەکرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتەوە کە گوڕەکەی 7.8 پلەی رێختەر بوو، تاوەکو ئێستا لانیکەم 18,342 کەس لە باکووری کودستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 74 هەزار و 242 کەسی دیکەش بریندار بوونە. سێ هەزار و 377 کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق