عێراق 76 ملیار دۆلار قەرزدارە

ليست هناك تعليقات


راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە 76 ملیار دۆلار قەرزرارە کە بڕی 55 ملیار دۆلاریان قەرزی نێوخۆییە. دەشڵێت: "داهاتە نانەوتییەکانی عێراق لەنێو بودجەی گشتیی عێراق رێژەی 8٪ پێکدەهێنێت و دەبێت بۆ 20٪ زیادبکرێت."

رۆژی چوارشەممە، د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق و ژمارەیەک پرسی داراییەوە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی راگەیاند "سەرجەم قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق 55 ملیار دۆلار دەبێت، رێژەی 63٪ـی ئەو قەرزە لەلای بانکی ناوەندیی عێراقە چ بەشێوەی کاخەزی دارایی حکومی بێت، یان حەواڵەی گەنجینەیی."

د. مەزهەر محەممەد ساڵح لەبارەی ئەو قەرزانەشی دەبێت لەماوەیەکی کورتدا بدرێنەوە، دەڵێت، "21 تاوەکو 23 ملیار دۆلارە، دەبێت لەماوەی ساڵانی 2023 تاوەکو 2028 بدرێنەوە."

ئابووریی عێراق بەشێوەیەکی گشتی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان، راوێژکاریی دارایی سوودانی دەڵێت: "داهاتە نانەوتییەکان لە بودجەدا 8٪ دەبێت و پێویستە بۆ 20٪ زیاد بکرێت، وەکو لە کارنامەی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانیدا هاتووە."

د. مەزهەر محەممەد ساڵح لەبارەی دانەوەی قەرزەکانیش دەڵێت: "سڕینەوەی قەرزەکان و دانەوەیان پێویستی بە بەرنامەیەکی دارایی پتەوی رێکخراوە، بەتایبەت شایستەکانی قەرزی دەرەکی لە رێگەی دابینکردنی بڕە پارە لە بودجەی گشتییەوە، ئەمەش یەکێکە لەو کارانەی وایکردووە بەپێی پۆڵێنی دڵنیایی نێودەوڵەتی عێراق لە ترۆپکی شیاویی دڵنیایی بمێنێتەوە."

رۆژی 3-12-2022، ئیحسان یاسری، راوێژکاری بانکی ناوەندیی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند: "یەکەمینجارە یەدەکی دراوی بانکی ناوەندیی عێراق 90 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ باشبوونەوەی ئابووریی وڵات".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif