وڵاتانی جیهان دەستیان بە ناردنی تیمی فریاکەوتن و هاوکاریی مرۆیی کردووە بۆ هەریەک لە تورکیا و سووریا بەمەبەستی بەهاناوەچوونی ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکانی دوێنێوە زیانیان بەرکەوتووە.
یەکێک لەو تیمانەی خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەوەی لە ئەمریکاوە بەرەو تورکیا بچن، تیمی فریاگوزاریی لۆسئەنجلسی ئەمریکایە.
ئەنتۆنی مارۆن، بەڕێوەبەری تیمی فریاگوزاری لۆسئەنجلس دەڵێ "ئەو پیاو و ئافرەت و سەگانەی بەشی فریاگوزاری لۆسئەنجلس، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ رزگارکردنی خەڵک و دەرهێنانی خەڵک لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا، ئەمە کارێکی مەترسیدارە، بەڵام ئەوان ئامادەن و مەشقیان پێکراوە".
لەدوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان، لانیکەم 30 وڵات تیمی فریاگوزاری و هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا.
ئەمریکا 100 ئەندامی تیمی فریاگوزاری و سەگی تایبەت بەگەڕانی رەوانە کردووە. رووسیا 300 سەربازی رەوانە باکووری سووریا کردووە. ئیسرائیل 150 ئەندازیار و تیمی فریاگوزاری ناردووەتە تورکیا. هیندستان 100 کارمەندی فریاگوزاری. نەمسا 84 سەرباز و کارمەندی فریاگوزاری. بەریتانیا 76 کارمەندی فریاکەوتن و فەرەنساش 73 کارمەندی فریاگوزاری، کۆریای باشوور 60 کارمەندی فریاگوزارییان بۆ تورکیا ناردووە. ئەمە لەکاتێکدایە یۆنان 21 کارمەندی تیمی فریاکەوتنی ناردووە و ئەڵمانیاش پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکو خێوەت و بەتانی و مووەلیدەی رەوانەی تورکیا کردووە.
زۆربەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا هاوکارییەکانیان تەنیا بۆ تورکیا ناردووە، جگە لە رووسیا نەبێت، بەڵام ئەمریکا بەنیازە هاوکاریی مرۆیی بگەیێنێتە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
نێد پڕایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ "ئێمە پابەندین بەوەی؛ ئەوەی پێمانبکرێت لە هەردوو لای سنوور ئەنجامی بدەین. هاوکاری تورکیای هاوپەمانمان بکەین لە رزگارکردن و بنیاتنانەوە. هەروەها لەودیو سنووریشەوە هەمان کار دەکەین. ئێمە، سوورین لەوەی پێداویستییە مرۆییەکان بۆ گەلی سووریا دابین بکەین".
بەگوێرەی دەسەڵاتی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا ناسراو بە ئافاد، شەش هەزار و 127 باڵەخانە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان پێگەیشتووە و زیاتر لە 16 هەزار کارمەندی فریاگوزاریش سەرقاڵی هەڵمەتی رزگارکردنی ئەوانەن، کە لەژێر باڵەخانەکاندا ماون.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق