سۆزان حەمە تاتە
-
دەرکردنی هێزەکانی بیانی لەعێراق بەتایبەت هێزەکانی سوپای ئەمریکا، یەکێکە لەو بابەتانە سیاسییە موزایەدە لەسەرکراوانەی نێوان هێزەکانی شیعە کە بەجۆرێک لەجۆرەکان نوێنەرایەتیی سیاسەتی پان شیعیزم لەعێراق دەکەن، ئەو گروپانەی نزیک لەئێران دەیانەوێت هەر سەرۆک وەزیرانێک بخەنە بەردەم ئەو تاقیکردنەوەیەوە بۆ ئەوەی بەردەوام وەکو هەڕەشەیەک پیشانی بدەنو هەرچییان ویست بەو هۆیەوە فشاری لێبکەن.
سوپای عێراق هێشتا توانای پاراستنی ئەمنیەتی ناوخۆییو سنورەکانی نییە، لەهەمانکاتدا سوپاسی عێراق لەڕوی چەکو کەرەستەی جەنگییەوە لەئاستی سوپا پێشکەوتوەکاندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیەو ڕۆژانە چالاکیی زۆر دەکاتو ئەگەری بەهێزتربونەوەشیان هەیە، بۆیە بەهەموو پێوەرێک عێراق پێویستیی بەهێزە بیانییەکانە بۆ ڕاهێنانو پێشخستنی تواناکانی سوپای عێراق.
ڕۆژی پێنجی کانونی دوەمی 2020، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد کە تیایدا حکومەتی عێراق پەیوەستدەکات بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەرکردنی هێزەکانی بیانی لەناو خاکی وڵاتەکەی، ئەوە خەونی بەشی زۆری شیعەکانە، بەڵام جێىەجێکردنی بڕیاری لەو شێوەیە کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو زۆریش قورسەو سەرۆک وەزیران ڕوبەڕوی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر دەکاتەوە.
لەسەردەمی نوری مالیکییەوە ئەو پرسە ناوە ناوە گەرم دەکرێتەوە، بەتایبەت نزیک لەهەڵبژاردنەکانو بانگەشەکەی یان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانێکی ناوخۆیی شیعی، یان کاتێک فشارەکانی ئەمریکاو ئەوروپا زیاتر لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران توندتر دەکرێن، ئێران لەڕێگەی هێزە بریکارەکانییەوە ئەو پرسە وەکو کارتی فشار بەکاردەهێنێت، بەڵام بەگشتی پرۆسەی دەرکردنەکە نەچوەتە پێشەوە، بەڵکو شێوازی مانەوەکە گۆڕاوە.
محەمەد شیاع سودانی بەهەمانشێوەی مستەفا کازمی ئەو فشارەی لەسەرە، بەتایبەت بەشێک لەهێزەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەئێرانەوە نزیکترن وەکو هادی عامریو عەسائیبی ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها حزبوڵڵای عێراقیش.
سودانی دەزانێت ئەوکارە نەکردەیە، هەم لەبەرئەوەی تائێستا حکومەتەکەی شوێن پێی خۆی بەهێز نەکردوە هەم لەبەرئەوەی پێویستیی بەمانەوەی هێزەکانی بیانییە، هەروەها عێراق چەندین کێشەی ئەمنییو سیاسی هەیەو چەندین هێزی تیرۆریستی لەناو خاکی وڵاتەکەیدا چالاکنو بێ ئەمریکا ئەستەمە ڕوبەڕویان ببێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا سودانی بۆ خۆی لەگەڵ مانەوەی ئەو هێزانەدایە کە لەژێر ناوی ڕاهێنەر لەعێراقدانو وەکو گرەنتی ئەمنیی عێراق دەیانبینێت.
مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە بۆ سودانی ئەزمونێکی قورس دەبێت، عێراق بەرگەی جێهێشتنی ئەمریکا ناگرێت، ئەمە ڕاستییەکی ڕونە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق