لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە کە قەیرانی دۆلار بەمزووانە چارەسەر نابێت، هەروەک ئاماژەی بەوەشکردووە کە حکومەت و بانکی ناوەندیش بەهەموو تواناوە لەهەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاردان.
موعین کازمی پەڕلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی و ئەندامی لیژنەی دارایی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاندووە: حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی نەختینەیی بەهەموو تواناوە و بەبەردەوامی لەهەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانی دابەزینی بەهای دینارن بەرانبەر بە دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا، بۆئەوەش چەندین ڕێکار گیراوەتەبەر و لەداهاتووشدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە ڕێکاری تریش دەگیرێتەبەر.
بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، چارەسەرکردنی قەیرانی بەرزبوونەوەی دۆلار ئەوەندە کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە، هەربۆیە مەزەندە دەکرێت چارەسەرکردنی قەیرانەکە چەند مانگێک بخایەنێت، لەوچوارچێوەیەشدا حکومەت و بانکی ناوەندی لەهەوڵەکانیان بەردەوامن.
هەروەک دوێنێ پێنجشەممە، عودەی عەواد پەرلەمانتاری کوتلەی سادیقون لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشكرایكرد، عێراق لەڕێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە، ڕێگەچارەیەک بۆ قەیرانی دۆلار پێشکەش بەلایەنی ئەمریکی دەکات، ئەویش بەقبوڵکردنی 50%ی ڕێکارەکانی بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لەئێستادا، لەبەرامبەر دواخستنی ئەو مەرجانەی کە ماون بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بەشێوەیەک مەرجەکانی تر وردە وردە جێبەجێبکرێن.
جەختیشیکردبۆوە، ڕێکارەکانی ئەمریکا گوزارشتە لەگوشاری سیاسیی بۆئەوەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی ملکەچ بکاتو شکستی پێبهێنێت، بەڵام ئەو نیازە بەئاشکرا ڕاناگەیەنێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق