حاکم ڕزگار لە دیمانەیەکی تایبەتدا

ليست هناك تعليقات


 دادوەر رزگار محەممەد ئەمین، ناسراو بە حاکم رزگار لەبارەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە دژی ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر کێشەیەکیش لەنێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستاندا هەبێت بەگوێرەی دەستوور، دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش مافیان هەیە لە داهاتی عێراق.


لە دیمانەیەکی میدیاییدا حاکم رزگار باسی لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر حکومەتی عێراق کرد و راشیگەیاند، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانیش جێبەجێ نەکات؛ عێراق مافی ئەوەی نییە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە داهات بێبەش بکات. ئاماژەی بەوەش کرد "یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی ئێستا خۆی نادەستوورییە، چونکە یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2005یان گۆڕیوە".
 
لەبارەی رۆڵی د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵییەوە، حاکم رزگار پێیوایە کە "دەبێت دەستوەردان بکات" و باس لەوەش دەکات کە سەرۆککۆمار بەرپرسە لە پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتییەکی عێراق."

 دەقی دیمانەی دادوەر رزگار محەممەد ئەمین:
 
پرسیار: وەکو دادوەرێکی بە ئەزموون بۆچوونت چییە لەسەر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی ناردنی 400 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان؟
 
حاکم رزگار: هەر بڕیارێک بۆ بێبەشکردنی بەشێک لە عێراق، بۆ کوردستان بێت یان جێگەیەکی دیکە نادەستوورییە، چونکە دادگەی فیدراڵی دەبێت دەستوور بپارێزێت، دەستووریش لە زۆر مادەدا مافی داوە بە خەڵکی هەرێمەکان، مادەکانی 105، 106 و 121 سەیر بکەن، هەمووی باس لەوە دەکات. دەبێت دوو لیژنە هەبێت بۆ چاودێریکردنی گەرەنتی ئەوەی کە بەشێوەیەکی یەکسان مافی هەرێم دەدرێت یان نادرێت، هەڵە هەبێت یان نەبێت دەستوور لە سەرووی هەموو یاساکانی دیکەوەیە، من بۆ خۆم نەمبینی ئەو بڕیارەی ئەوان داویانە بڵێت ئەم بڕیارەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە پێچەوانەی کام بڕگەی دەستوورە و دەڵێت بڕیارەکە راست نییە. ئەم بڕیارە ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت لە رووکەشدا کە ئەگەر هەرێمی کوردستان بەو کارانە و بە ئەرکانە هەڵنەسابێت کە پێویستە، دەبێت مافی هەرێمی کوردستان لەنێو بودجەدا جێگەی بکرێتەوە، چونکە داهاتی هەرێمی کوردستان دەبێت بچێتەوە نێو خەزێنەی وڵات و دواتر دابەشبکرێتەوە، هەرێمەکان دەبێت بەشی خۆیان جێگیربێت، جا حکومەتی عێراق ئەگەر کێشەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە یان نییە، ئەوە مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستانە بەگوێرەی دانیشتووانەکەی و لە داهات دەبێت شایستەی خۆی بۆ بێت، گریمان ناوچەیەک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا نەما بە هەر هۆکارێک، بۆ نموونە ماوەیەک موسڵ کەوتە ژێر دەستی داعش، دەبێت بڵێن مافەکانی نانێرن؟
 
پرسیار: رێککەوتنێک هەیە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەم بڕە پارەیە بنێردرێت، ئایا دادگە دەتوانێت دەستوەردان بکات و ئەم شایستەیە هەڵبوەشێنێتەوە؟.
 
حاکم رزگار: من وەکو هاووڵاتییەک و وەکو یاساییەک مافم هەیە شیکردنەوەی بۆ بکەم، ئەو کەسەی تانەکەی داوە، لەنێو یاسای دادگەکە و پەیڕەوی نێوخۆی دادگەکەدا دەڵێت: دەبێت ئەو کەسە بەرژەوەندییەکی ئەو کاتە (حال)ی هەبێت بۆ گۆڕینی ئەو یاسایە، واتە زیانێکی لێکەوتبێت یان بەرژەوەندییەکی هەبێت کە ئەو گۆڕانکارییە دروستبێت، دەبێت بەرژەوەندییەکی تێدا هەبێت کە داراییە یان کۆمەڵایەتی، ئەوەش پرسیارێکی تێدایە، ئایا ئەو کەسەی داواکەی کردووە ئەو بەرژەوەندییە راستەوخۆیەی ئەو چی زیانێکی لەو داوە وەکو کەس (شەخس) ئەمە گرنگە. دەبووایە هەرێمی کوردستانیش لە داواکەدا لایەنێک بووایە، لایەنی خۆی بێت یان لایەنەکانی دیکە بانگیان بکردایە، من نازانم هەرێمی کوردستان چەند ئاگادارە یان نا. 
 
هەرێمی کوردستان هەندێک لێپرسینەوە هەیە کە دەبێت بیکات و نایکات، دەبێت ئاگایان لە یاسای بودجە و ئیدارەدانی دارایی بێت، ئەم یاسایانە گرنگن، ئەو نوێنەرایەتییەی لەوێ هەیە بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن دەبێت ئاگایان لەو یاسایانە بێت. هەرێمی کوردستان پێویستە بودجەی ساڵانەی خۆی بە حکومەتی ناوەند بڵێت، بڵێت ئەوەندە بووە و ئەمەمان پێویستە، بۆ ئەوەی ببێتە ماڵ بەسەر حکومەتی عێراقەوە، بەڵام مانای ئەوەنییە ئەمەی نەکرد مافی خەڵک ببڕێت، دەبێت ئەوەشی چەندە نەدراوە بگەڕێندرێتەوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی کوردستان لە زۆر لایەنەدا خۆی وایکردووە کە ببێتە هۆی ئەم جۆرە بڕیارانەی دژی هەرێمی کوردستان دەدرێن.
 
پرسیار: سکاڵاکار لە هۆڵی دادگە دێتە دەرەوە و دەڵێت: سەرکەوتم لەوەی پارەی باشوور و نێوەڕاست بچێت بۆ هەرێمی کوردستان. ئەمە ئەوە ناکات کە دادگەی فیدراڵی بڕیارێکی دەرکردووە لە هەستێکی رەگەزپەرستییەوە هاتووە؟
 
حاکم رزگار: دادگەکە دەبێت خەڵکی بێلایەن بێت، بەهای دادگە لە بێلایەنییەکەیەتی، دادگە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانە، چی دادگەی ئاسایی بێت، یان دادگەی ئیتیحادی، کە ئیتیحادی لەسەری هەموویانەوەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی دەستوور جێبەجێ بکات، دادگەی ئیتیحادی نابێت بەهیچ شێوەیەک لایەنگری بۆ هیچ لایەنێک هەبێت. لەبەر ئەوە ئەو بڕیارانەشی بەلای کەمەوە لە ئەنجامی لایەنگری کاریگەریی هەبێت، لانیکەم بەهای مەعنەوی خۆی ون دەکات.
 
پرسیار: هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە سکاڵایەکی دیکە رۆحی ئەم سکاڵایە پوچ بکاتەوە؟
 
حاکم رزگار: بەبڕوای من دەبێت دادگەی فیدراڵی بڕیار لە پێچەوانەکەی بدات، بۆ نموونە هاووڵاتیانی هەرێمێک یان هەرێمی کوردستان کە بێبەشبکرێن لەو مافانەی هەیانە مافیانە لە دژی حکومەتی ناوەند لە دادگەی ئیتیحادی سکاڵا تۆمار بکەن، دادگەکەش دەبێت بڕیاری بۆ بدات بەگوێرەی مادەکانی 121 و 105 و 106 دەبێت ئەو بەشەی کە مافی خۆیانە پێیان بدرێت. ئەم بڕیارە ئەگەر دەوڵەت دەستووری بێت ئەو مەترسییەی نییە، چونکە مافی خەڵکی کوردستان پارێزراوە، بەڵام ئیدی ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت حکومەتێک بێت کە ئەو کەسانەی رایدەسپێرێت لە خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزابن و هەمووی لە پارتی و یەکێتی نەبن، با کەسانی پسپۆڕیش بچنە پێشەوە خۆ جیهان وێران نابێت.
 
پرسیار: ساڵێک زیاترە هەرێمی کوردستان هەرچی سکاڵایەک دژی دەچێتە دادگەی فیدراڵیی دەیدۆڕێنێت، بۆ نموونە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گاز و هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی و بڕگەیەک لە یاسای باری کەسێتی، ئایا بناخە یاساییەکەی لاوازە یان خۆمان ئەمەمان دروستکردووە؟
 
حاکم رزگار: هەرێمی کوردستان دەبوو بە گرنگییەوە لە بابەتی دادگەی ئیتیحادی بڕوانێت، یاسای ئیتیحادی نادەستوورییە، چونکە یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2005یان گۆڕیوە، هاوڕام یاساکەی نادەستوورییە، لەنێو دەستووردا بەگوێرەی مادەی 92 بڕگەی دوو تەرکیبەی دادگەی ئیتیحادی لە فوقەهای ئیسلامی و فوقەهای یاسا و دادوەرە، دەبێت دادوەر لە بەرزترین ئاستیدا بێت بۆ ئەم دادگەیانە، عێراق ئەزموونی دادگەی دەستووری کەمە، بەگوێرەی یاسای ئەو کەسانەی دادگەکە پێکدەهێنن دەبێت چواریان ئەندامی دادگەی تەمیز بن، کەواتە دادگەی ئیتیحادی دادگەیەکی بچووک نییە بۆ کێشەی نێوان دوو کەس، ئەمە هەڵسوکەوت لەگەڵ دەستوور دەکەن و دەبێت بە عەقڵێکی زۆر کراوەوە لەو بابەتانە بڕوانن کە دەچێتە بەردەستیان، دادگەی ئیتیحادی ئەرکەکەی لە هەمووی قورسترە. دەستوور ئەوەنییە لە گۆشەیەکدا بوەستیت و ئەوی دیکە وازلێبێنیت، چۆن بڕیار دەردەکرێت بەوەی ناوچەیەک لە وڵاتەکە و خەڵکی وڵاتەکە بێبەشبکرێت لە داهاتی وڵاتەکە، تۆ دەڵێی کێشەیەک هەیە و چۆن لەنێو بودجەدا جێگە دەگرێتەوە، دەبێت لەنێو بڕیارەکەدا هەمووی باس بکەیت، دەبێت بڵێی مافی ئەم هەرێمە پارێزراوە، بەڵام کەموکورتییەک هەیە و دەبێت چاکبکرێتەوە. مافی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور پارێزراوە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بکەوێتە خۆی بە وریاییەوە هەڵسوکەوت بکات.
 
 
پرسیار: بژارەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی یاساییەوە چین بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی؟
 
حاکم رزگار: لە بودجەدا مافی هەرێمی کوردستان چۆن جێگەی دەکرێتەوە؛ دەبێت لێرە هەرێمی کوردستان بودجەی خۆی هەبێت و بینێرێت بۆ بەغدا، ئەوەش دەبێتە ماڵ بەسەر حکومەتی عێراقەوە تاوەکو لە بودجەدا جێگەی دەکرێتەوە، ئەوەشی چەند ساڵە نەنێردراوە خەڵكی کوردستان مافی خۆیەتی داوای بکاتەوە، بەگوێرەی دەستوور هەموو پارێزگا و ئیدارەکان دیارن، لە دەستووردا پێشینە بە هەرێمەکان دراوە. لە بابەتی ئابووریدا بۆ نموونە نەوت، دەبێت لە ئیدارەدان و دەرهێنان و فرۆشتنیدا ئیدارەی هاوبەش هەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت دووبارە سەیری پەڕاوەکانی خۆی بکاتەوە لەسەر بنەمای ئەو دەستوورەی کە هەیە، عێراقیش ئەوە نەبێ دەوڵەتێکی زۆر دەستووری بێت، هەموو رۆژێک دەستووری تێدا پێشێل دەکرێت.
 
پرسیار:ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی خزمەت بە سەقامگیریی ناکات، کاری دادگەیە کە دۆخی سیاسیی و رێککەوتنی سیاسیی لە بەرچاوبگرێت لە بڕیاردان لە بابەتی یاسایی و دەستووریدا؟
 
حاکم رزگار: لە دادگەی دەستووریدا سرووشتی کارەکە چەند یاساییە ئەوەندەش سیاسییە، گرنگە بابەتەکە یەکسانی تێدابێت؛ دۆخی سیاسیی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام لە کاتێکدا ناچاربیت بابەتەکە یاسایی تەواوبێت ناچاریت ئەو بڕیارە دەربکەیت، بەڵام دەبێت دادگە بڕیارەکەی یەکسان بێت، لە بڕیاردا یەکسانی لەپێش یاسایەوەیە، ئەگەر لە رووکەشدا هەڵەیەک هەبێت ئەوە جیایە، بەڵام وەکو راستی بنەمای بابەتەکە من نایبینیم یەکسانی لەوەدا هەبێت ناوچەیەک بێبەش بکرێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە نایاکسانی لەگەڵ داهاتەکەدا هەڵسوکەوت دەکات، ئەمە بابەتێکە کە دەبێت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکان بکەن، لە دەنگداندا دەیکات یان چۆن هەڵسوکەت لەگەڵ سیستمی سیاسیدا دەکات، بەڵام وەکو خەڵكی عێراق نابێت ئەو مافەمان لێبسەندرێت، کە هاوبەشین و مافمانە.
 
 
پرسیار: خەڵک دەپرسێت لەبارەی رۆڵی ئەو دوو ئەندامە کوردەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیدا هەن، ئەوان دەتوانن چی رۆڵێکیان هەبێت؟
 
حاکم رزگار: ئەوانە رەنگە بڵێن ئێمە ناکۆکین [لەگەڵ بڕیارەکەدا]، لەم بابەتانەدا دەبێت رۆڵی کەسییش هەبێت لەگەڵ ئەندامەکانی دیکەدا، چونکە کە کەمینە و زۆرینە بوو کەمینە ناتوانێت خۆی بسەپێنێت، بەڵام لە هەرێمەکاندا دەبێت گەرەنتییەکی یاسایی هەبێت و مافی هەرێمەکە پێشێل نەکرێت، دەبێت جۆرێک لە ڤیتۆ هەبێت؛ بۆ نموونە لە یاساکەدا بڵێیت هیچ بڕیارێک دژی هەرێمەکان دەرناکرێت بە ئامادەنەبوونی ئەو دادوەرانەی لە هەرێمەکانەوە دێن، لەکاتی رۆشتنە دەرەوەی ئەوانەدا دادگەکە بەڕێوەنەچێت، یان ئەو بڕیارانەی تایبەتن بە هەرێمەکان دەنگی دوو لەسەر سێی بوێت، لێرەدا هەرێمەکان زۆر بەلاوازی چوونەتە نێو دادگەکەوە، من لە سەرەتاوە ئاگاداریم، ئەو دوو ئەندامە فەقیرە هەر دەڵێن ئێمە ناڕازین، بەڵام باشتر بوو روونکردنەوە و تێبینی خۆیان بنووسن.
 
 
پرسیار: بەگوێرەی دەستوور سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوورە، ئەو دەتوانێت چی بکات؟
 
حاکم رزگار: دەبێت دەستوەردان بکات، گفتوگۆ و رێککەوتن لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران رۆڵی خۆی گێڕاوە و گوتوویەتی ئەو پارەیە بنێردرێت، رەنگە ئەو پارەیە لە مافی کورد کەمتریش بێت، نازانم و دەبێت بچیتە نێو وردەکارییەوە، بەڵام دەبێ سەرۆککۆمار [دەستوەردان بکات] کە بەرپرسە لە پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتییەکی عێراق. دەبێت رێککەوتنی سیاسیی کە هەیە بخرێتە چوارچێوەی یاساییەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە ئەوێ دەبێت بابەتەکان بخەنە چوارچێوەی یاساوە، ئەگەرنا رێککەوتنی سیاسیی ئاسانە لێی بگەڕێیتەوە. ئەو بڕیارەش ئەوە نییە، کە مافەکەت فەوتابێت.
ئەم دیمانەیە لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو ئەنجامدراوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif