علی علاق: کورتهێنانی بەڕێژەی 25%ـی بودجە زۆر مەترسیدارە

ليست هناك تعليقات



پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق هۆشداری دا لە زۆریی رێژەى کورتهێنانى بودجەى 2023، کە 25%ـی تێپەراندووە، بە "مەترسییەکى گەورە" ناوی برد و، ئاشکرایکرد هەڵاوسانیش بەشێوەیەکى گەورە گەشەى سەندووە، جیاوازى لە نرخى دراویشدا 20٪ـی تیپەڕاندووە، کە دەبێتە گوشار بۆ سەر هاووڵاتییان و زیادبوونى هەژارى.

رۆژی 16ـی ئادارى 2023، عەلى عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق بەشدارى لە پانێڵێکى حەوتەمین دیداری سلێمانی کرد، کە لە زانکۆى ئەمریکى لەو شارە بەڕێوەچوو.

عەلى عەللاق ئاشکرایکرد، ئێستا هەڵاوسان بەشێوەیەکى "گەورە" گەشەى سەندووە و رێژەی 7٪ بۆ 8٪ـی تێپەڕاندووە، جیاوازى لە نرخى دراویش 20%ـی تیپەڕاندووە، لەنێوان نرخى فەرمى و نرخى بازاڕ. گوتیشى: "ئەم دیاردانە کاریگەریى زۆریان لەسەر دۆخى ئابوورى دەبێت، ئەگەر نەختینەى زۆر و هەڵاوسان هەبێت، واتاى ئەوەیە بەرەو گوشارى زیاتر لەسەر هێزى کڕینى هاووڵاتیان و زیادبوونى رێژەى هەژاریمان دەبات".

ئەو گوتانەى عەلى عەللاق لەکاتێکدان عێراق بە قەیرانی دراودا تێدەپەڕێت؛ لەگەڵ ئەوەى بانکى ناوەندى 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەهاى دۆلار لە بازاڕى نێوخۆییدا سەرووی 150 هەزار دینارە، ئەوەش بەهۆى تووندکردنى رێوشوێنەکانى فرۆشتنى دۆلار بەمەبەستى رێگرى لە بەقاچاخبردنى بۆ دەرەوەی عێراق.

عەلى عەللاق گوتى: "قورسایی زیاتر دەچێتە سەر شانى بانکى ناوەندى بۆ جێبەجێکردنى پێوەرەکانى فرۆشتنى دۆلار، بەهۆى نەبوونى رۆڵى دامەزراوەکانى دیکە، کە بەرپرسیارن یان هاوکارن لە لێکۆڵینەوە لە پرۆسەکە. بۆ نموونە ئەگەر لە دەروازە سنوورییەکانمان ئاستێکى باڵاى رێکخستن هەبووایە و پرۆسەى چوونەدەرەوەی دۆلاریان بەشێوەیەکى دروست تۆمار بکردایە، وایدەکرد بانکى ناوەندى و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکە زانیارییان لەبارەى ئەو دۆلارە هەبێت کە دەچێتە دەرەوە، لەگەڵ ئاستى هاوتابوونى لەگەڵ رێکارەکان".

پارێزگارى بانکى ناوەندى هۆشداری دا لەبارەى قەبارەى کورتهێنان لە پڕۆژەیاسای بوجەى گشتى 2023، کە بۆ ماوەى سێ ساڵە و تێیدا کورتهێنان زیاتر لە 63 تریلیۆن و 275 ملیار دینارە لە تێکڕاى قەبارەى ئەو بودجەیە و، دەکاتە زیاتر لە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار.

پارێزگارى بانکى ناوەندى ئاشکرای کرد ساڵى 2017 حکومەتى عێراق لە چوارچێوەى بەڵگەنامەى سیاسەتى ئابوورى خۆى، کە پێشکێشی سندووقى نەختینەى نێودەوڵەتیی کردووە، بەڵێنى داوە تاوەکو ساڵى 2021 کورتهێنانى بودجە بگاتە سفر، لەکاتێکدا ئەو کاتە 14% بوو، بەڵام بۆ پرۆژەیاساى بودجەى 2023 رێژەکە لەبرى سفر بێت زیاترە لە 25%.

عەلى عەللاق گوتى: "ئەوە پرسێکى زۆر مەترسیدارە؛ پەنابردن بۆ بانکى ناوەندى بۆ چارەسەرى کێشە داراییەکان، دیاردەیەکى مەترسیدارە".

رۆژی 13ـی ئادار ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2023ـی پەسەند کرد، کە گەورەترین بودجەیە لە مێژووى عێراقدا، بڕیارە هەفتەى داهاتوو لە پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بکرێت وەک هەنگاوى یەکەمى تاوتوێ و پەسندکردنى.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif