ژمارەی ئەو کەسانەی لە لێکۆڵینەوەکاندا بە هۆکاری کەمتەرخەمی لە دروستکردنی باڵەخانە و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا زیندانیکراون گەیشتە 325 کەس.
بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا ئێوارەی سێشەممە 28ـی ئاداری 2023، لە میانی بەشداریکردنی لە خوانێکی بەربانگ لە ئەنقەرە رایگەیاند، لەو ناوچانەدا کە بەر بوومەلەرزە کەوتوون، لە ماوەی یەک ساڵدا شاری نوێ دروستدەکەن و گوتی، "ئێمە لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەلامەتتر و خۆڕاگر بەرامبەر بە بوومەلەرزە، دەرفەتی ژیانێکی باشتر پێشکێش بە هەر تاکێکمان دەکەین."
بەکر بۆزداغ لەبارەی لێکۆڵینەوەکان لەو باڵەخانانەی کە رۆژی شەشی شوبات لە بوومەلەرزەکەی مەڕەش رووخان رایگەیاند، "توێژینەوەکان بە شێوەیەکی فرەلایەنە ئەنجامدراون کە هاوتەریب بووە لەگەڵ راپۆرتی پسپۆڕان لەسەر ئەو نموونانەی کە لە داروپەردووەکان وەرگیراون. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، رێکاری یاسایی بەرامبەر یەک هەزار و 552 گومانلێکراو گیراوتەبەر. لەو ژمارەیە 325 گومانلێکراو بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە، 566 گومانلێکراو بەمەرجی دادوەری ئازادکراون. بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 355 گومانلێکراو دەرکراوە، فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ 98 گومانلێکراو دراوە. لێکۆڵینەوەی دادوەری بە هەموو رەهەندەکانیەوە بەردەوامە."
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، چوار کەس لە تورکیا هەڵاتوون و لەلایەن وەزارەتی داد داواکراونەتەوە، هەروەها 74 گومانلێکراو کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا داواکراون، دەرکەوتووە کە کۆچی دواییان کردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش لە باکووری کوردستان و تورکیا 50 هەزار و 97 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار و 204 کەسیش بریندار بوون.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق