فارس نەورۆڵی
-
پرۆسەی هەڵبژاردن کۆی پرۆسەی دیموکراتی نیە، بەڵکو پایەیەکە لە پایەکانی دیموکراتی، بەڵام پایەیەکی گرنگ.
پرۆسەی هەڵبژاردن ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی ئیدارەی حکومەتەکان بەبێ توندوتیژی و زیان گەیاندن بە پایە یاساییەکانی حکومەت. واتە پرۆسەی هەڵبژاردن هۆکاری سەقامگیری سیاسییە، هەر چەندە لە ووڵاتانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتییەتی ڕاستەقینە بوونی نییە! بەڵام لە ساڵی (١٩٩٢)وە لە کوردستان پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام درا و لێرەوە هەرێمی کوردستان بووە جێی ئومێدی جیهان و ناوچەکە، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرا ببێتە نمونەیەکی باڵای دیموکراتی لە ناو چەکەدا. سەرەڕای تێبینی و کەم و کورتی، بەڵام جێگای ئومێدی ئازادیخوازانی کورد و جیهان بوو لەهەمان کاتدا ئەو پرسیارەی لای نەیارانی کورد دروست کرد بوو کە ئەم نەتەوەیە سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و چەوسانەوەیە کە لە سەریەتی چۆن توانیان پانتاییەک بۆ دیموکراتی دروست بکەن.
ئێستا هەرێمی کوردستان لەئەنجامی ناکۆکی حیزبەکان توشی چەقبەستویی سیاسی بووە، یەکێک لەڕێگاکانی ڕزگار بوون لەم چەقبەستوییە ئەنجام دانی هەڵبژاردنە، بەڵام لەسەر هەڵبژاردنیش وەک هەموبابەتەکانی دیکە حیزبەکان نەگەشتونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەنجام دانی هەڵبژاردن. ئەمەش وایکردوە پرۆسەی سیاسی هەرێم لە بری ئەوەی جێگای پرسیاری گەورەبێت بەداخەوە کەوتوەتە ژێر پرسیار! ئەمەش بوەتە هۆی نیگەرانی دۆستانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیشدا تا ئەو جێگایەی پلاسخارت چەند جارێک هۆشداری داوە کە پێویستە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە هەموو حیزبەکان دەڵێن دەبێ هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێ و چیتر لە تەک دواکەوتنیدا نین. ئایا کێیە نایەڵێ هەڵبژاردن بکرێت؟ لەکاتێکدا چەپ و ڕاست دەڵێن دەبێ هەڵبژاردن بکرێت. وەڵامەکەی جێدێڵم بۆ حیزبەکان و بۆ خەڵک .
کەواتە پێویستە حیزبەکان بۆپاراستنی سومعەی سیاسی هەرێم ووتەکان بکەنە کردار و کاتێک دیاری بکەن بۆ هەڵبژاردن نەترسن لەوەی کێ کورسی زیاد دەکات و کێ دەنگەکانی کەم دەکات چونکە دواجار چارە نوسی هەرێم لە حیزب و لە کورسییەکانی پەرلەمان گەورەتر و گرنگترە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق