عارف قوربانی
سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سنوور و سه‌روه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتان وه‌ك بابه‌تێكی رێزلێگیراو په‌سه‌ندكراوه و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی وڵاتان رێگه‌پێنه‌دراوه، به‌ڵام له مێژووی دوور و نزیكماندا نموونه‌ی زۆر هه‌ن، كه جۆرێك له سیاسه‌تی ده‌ره‌كی ناده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ن چه‌ند وڵاتێكه‌وه وه‌ك به‌شێك له ستراتیژی ململانێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیی، نه‌ته‌وه‌یی یان ئایینی و مه‌زهه‌بی په‌یڕه‌و كراوه.
ساڵانێكی زۆر یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی جاران په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه كۆمۆنیست و چه‌پ و بزووتنه‌وه جوداخوازه‌كانی ته‌واوی دونیا دروستكردبوو، پشتگیری و پشتیوانی ده‌كردن وه‌ك به‌شێك له سیاسه‌تی سۆڤێتی بۆ دژایه‌تیی ده‌وڵه‌ته نه‌یاره‌كانی. بزووتنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستیی عه‌ره‌ب له سه‌رده‌می ناسردا به‌هه‌مان شێوه و دواتریش ئیسرائیل له به‌رامبه‌ر دوژمنایه‌تیی جیهانی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێكهاته و كه‌مینه ناعهرهبانهی ناو وڵاتانی عه‌ره‌بی دروستكرد. هه‌ندێک له وڵاته ئیسلامی و عه‌ره‌به‌كانیش له رێگه‌ی دروستكردنی حیزبی سیاسیی دینیی جیهادی، هه‌مان سیاسه‌تیان به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانیان گرتووەته‌به‌ر.
ئێستاش توركیا، ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا درێژه به هه‌مان كار ده‌ده‌ن وه‌ك ئامرازێك بۆ ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی وڵاتان، به‌ڵام هیچ كام له‌و وڵاتانه نه له رابردوو نه له ئێستا، هاوشێوه‌ی ئێران سودیان له‌م (په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه ناده‌وڵه‌تییانه) نه‌بینیووه. له نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردوو به دواوه (حه‌مه ره‌زا شا) ئه‌م سیاسه‌ته‌ی كرد به ئامرازێكی گرنگی ململانێ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به مه‌ترسی ده‌زانی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و وڵاته‌كه‌ی. له كوردی عێراقه‌وه بۆ شیعه‌ی لوبنان و سووریا و یه‌مه‌ن تا موجاهیده‌كانی ئه‌فغان و ته‌نانه‌ت بۆ دژایه‌تیی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت ده‌ستی گه‌یشت به كێشه ناوخۆییه‌كانی (ئه‌نگۆلا) و له‌وێش په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانی دروستكردبوو دژ به به‌ره‌ی میلـلی، كه یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت پشتیوانی ده‌كردن.
له دوای كوده‌تاكردن به‌سه‌ر شادا، ئه‌م سیاسه‌تی په‌یوه‌ندییه ناده‌وڵه‌تییانه له ئێران وه‌ك به‌شێك له هه‌نارده‌كردنی (شۆڕش) شێوازێكی رێكخراوتر و فراوانتری وه‌رگرت. ئێستا ئێران نه‌ك هه‌ر له‌ناو وڵاتانی ده‌رودراوسێی، به‌ڵكو ده‌ستی له هه‌ناوی زۆر له‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه كه ناكۆكی و ململانێ‌یان هه‌یه. په‌یوه‌ندییه‌كانی گه‌یاندووەته ئاستێك كه له هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌دا گرووپ و هێزی چه‌كداری نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی وابه‌سته‌ی سه‌ر به ئێران هه‌ن.
ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا مه‌به‌ستمه سه‌رنجی بخه‌مه‌سه‌ر دیوێكی دیكه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌یه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، ئه‌ویش جۆری مامهڵهكردنێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و هێز و گرووپانه‌ی دۆست یان وابه‌سته‌ی سیاسه‌تی ئێرانن. ده‌كرێت ئه‌مه وه‌ك خه‌سڵه‌تێكی تایبه‌تی ئێرانی بناسرێته‌وه كه هیچ كام له‌و وڵاتانه‌ی هاوشێوه‌ی ئێران په‌یوه‌ندی ناده‌وڵه‌تییان هه‌یه به‌و شێوازه‌ی ئێران مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانیان ناكه‌ن. ئه‌ویش دوو شته، یه‌كه‌میان هیچ وڵاتێك به ئه‌ندازه‌ی ئێران وه‌فادار نییه بۆ دۆسته وابه‌سته‌كانی. دووه‌میان جێی سه‌رسوڕمان و تێڕوانینی ورده، كه ئێران نایه‌ڵێت هیچ كام له‌و حیزب و هێز و گرووپه سیاسی و چه‌كدارییانه‌ی دۆست و وابه‌سته‌ی سیاسه‌تی ئێران ده‌بن، به‌یه‌كگرتوویی بمێننه‌وه، ناهێڵێت خاوه‌ن ئیراده و ناوه‌ندێكی به‌هێزی خۆبه‌ڕێوه‌بردن بن. تا بۆی بلوێ پارچه پارچه‌یان ده‌كات، ده‌یانكات به چه‌ندین هێز و گرووپی جیاجیاوه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حیزبه‌كه بهیهكگرتوویش بهێڵێته‌وه، له‌ناو هه‌ناوی ئه‌و حیزبه‌دا چه‌ندین ئاراسته و گرووپی جیاواز دروست ده‌كات و هه‌موویان گرێده‌دات به خۆیه‌وه.
قسه‌كردن له‌سه‌ر كۆی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێران پێویستی به توێژینه‌وه‌یه‌كی فراوانی نامه‌ی دكتۆرایهكه، نه‌ك وتار یان راپۆرتی رۆژنامه‌وانی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر به چاوێكی خێرا له هه‌ندێ وێستگه‌ی حیزبه عێراقی و كوردستانییه‌كانی دۆستی ئێران بڕوانین چه‌ندین نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كه ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی ئێران ده‌سه‌لمێنن. شیعه‌كانی عێراق وابهستهترین پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینین به ئێرانه‌وه. ته‌ماشا بكه‌ن ئێران چی به‌سه‌رهێناون، له حیزبی ده‌عوه و ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی- مجلس ئه‌علای محەممەد باقر حه‌كیمه‌وه تا یه‌كه‌یه‌كه‌ی گرووپه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی ئه‌مڕۆ، ئێران نه‌یهێشتووه هیچیان وه‌ك هێزێكی سیاسیی خاوه‌ن ئیراده و به‌هێز بمێننه‌وه، كردوونی به پارچه‌ی بچووك بچووك. ته‌نانه‌ت ئه‌و هێزه چه‌كداره‌ی له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای عه‌قیده‌ی سه‌ربازیی سوپای پاسداران له عێراق به‌ناوی حه‌شدی شه‌عبی دروستیكردووه، نه‌یهێشتووه سوپایه‌كی یه‌كگرتووبێت، كردوونی به 68 فرقه‌ی جیاوازه‌وه، كه هه‌ریه‌كه‌ی له ئاوازێك ده‌خوێنێت، به‌ڵام هه‌مووشییان له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی ئێران ده‌خولێنه‌وه كه تهشهیوعه.
له كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه، ئێران رۆڵی سه‌ره‌كی له هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی چه‌كداریی كورد هه‌بووه له ئه‌یلوولی 61، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه خاوه‌ن یه‌ك هێزی تۆكمه و یه‌ك ناوه‌ندی سه‌ركردایه‌تی نه‌بێت، ئێران له رێگه‌ی عیسا په‌ژمانه‌وه درز ده‌خاته ناو شۆڕش و یه‌كه‌م لێكترازان له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداریی كوردستان دروست ده‌كات. هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له‌و نزیك به سێ چاره‌كه سه‌ده‌یه روویانداوه، ده‌ستێكی ئێرانی تێدابووه. كام هێزی سیاسی لێی نزیك بووبێت، له‌ناو هه‌ناوی ئه‌ودا زیاتر سه‌رچاوه‌ی كێشه و ناكۆكییه‌كانی بووه.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به حوكمی جوگرافیا و هه‌ندێ هۆكاری دیكه، له‌ناو بازنه‌ی دۆستایه‌تیی ئێراندایه، باجی ئه‌و دۆستایهتییهشی له دوولاوه داوه‌ته‌وه. له‌لایه‌ك نه‌یاره‌كانی ئێران و به‌هۆی سرووشتی مامه‌ڵه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانی له‌لایه‌ن خودی ئێرانیشه‌وه. كێشه و ناكۆكییه‌كانی سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی باڵی ریفۆرم و جیابوونه‌وه‌یان و دروستكردنی گۆڕان، تا رووداوه‌كانی 8ـی ته‌ممووزی دوو ساڵی رابردوو، له هه‌موویاندا ئێران رۆڵی سه‌ره‌كی گێڕاوه. هه‌ركات كێشه له‌ناو یه‌كێتی هه‌بووبێت ئێران وه‌ك ته‌ره‌فێك ئاماده‌یی هه‌بووه. پرسیاره‌كه لێره‌دایه هیچ كات یه‌كێتیی به ئه‌ندازه‌ی ئه‌مڕۆ خاوه‌ن یه‌ك ئیراده‌ی به‌ڕێوه‌بردن و یه‌ك ناوه‌ندی بڕیار نه‌بووه، ئایا ئیتر ئێران شادومانه به‌وه‌ی حیزبێكی له‌م شێوه‌یه له ناوچه‌كه دۆستی بێت؟
سرووشتی ئێران به‌وجۆره‌یه و مێژووش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه له‌ناو هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه و له هه‌ر وڵاتێك هه‌ر هێزێكی سیاسی كه‌وتبێته ناو بازنه‌ی دۆستایه‌تیی ئێرانه‌وه، سه‌ره‌تا نه‌یاره‌كانی په‌راوێزخستووه و حیزبه‌كه‌ی له ده‌ستێكی ئه‌میندا بۆ ئێران كۆكردووەته‌وه، به‌ڵام نه‌شیهێشتووه ئه‌و حیزبه به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه، كه‌وتووەته دروستكردنی ناوه‌ندی جیاجیای بڕیار له‌ناو حیزبه‌كه و په‌لی هه‌ر یه‌كیانی به‌ستووه به ناوه‌ندێكی خۆیه‌وه.
ئه‌و هه‌واڵه‌ی له دوو هه‌فته‌ی رابردوو دزه‌ی كرد بۆ میدیاكان كه ئێران به نیازه له‌ناو یه‌كێتی به پاساوی ته‌ندروستیی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حیزبه‌كه‌وه، زه‌مینه‌ی گۆڕانكاری بێنێته ئاراوه، ئه‌وه ده‌ستپێكی قۆناخی دووه‌می مامه‌ڵه‌كردنی ئێرانه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، به‌تایبه‌تیش كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌هۆی هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی و نه‌چوونه‌ژێر باڵی ئێرانه‌وه، كینه‌یه‌كیان به‌رامبه‌ر به كۆسره‌ت ره‌سوول هه‌یه، چونكه ئه‌و تاكه سه‌ركرده‌ی سه‌رده‌می شاخ بوو كه ناڕازی بوو به‌وه‌ی ده‌رگە به رووی ئێران‌دا بكرێته‌وه بۆ هێنانیان بۆ كه‌ركووك و دواتر بۆ هه‌ڵه‌بجه.
كاك كۆسره‌ت به وردی ئه‌و گفتوگۆ و رووداوانه‌ی بۆ من گێڕاوه‌ته‌وه و مام جه‌لالیش له دیداری ته‌مه‌ندا ده‌یگێڕێته‌وه كه دوای ئه‌وه‌ی وه‌فدی یه‌كێتیی ده‌چنه ئێران و له‌سه‌ر ئه‌وه رێككده‌كه‌ون پێكه‌وه له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران چالاكیی سه‌ربازی بكه‌ن، ته‌نها كه‌سێك كه ناڕازی و بیروڕای جیاواز بووه كۆسره‌ت ره‌سوول بووه. له سه‌رده‌می ریفراندۆم و رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و هه‌وڵی تیرۆركردنی كاك كۆسره‌ت له كه‌ركووك و دواتریش، ئێران له پشتی پیلانگێڕییهكانهوه بوو، بۆیه چاوه‌ڕوانكراوه ئێستاش به جۆرێكی دیكه به‌رده‌وام بن له‌دژی.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه وه‌ك زانیاریی پێشوه‌خته كه هێشتا له‌ناو یه‌كێتی زه‌مینه‌ی بۆ خۆشنهكرابوو، ماڵی كاك كۆسره‌تی به‌ئاگاهێنا له‌وه‌ی چی ده‌گوزه‌رێت و ریسه‌كه‌ی ئێرانی كرده‌وه به‌خوری، به‌ڵام ئایا ئێران به ئاشكرابوونی ده‌ستی ئیتر كۆڵ ده‌دات، یان به سیناریۆی جیاوازه‌وه دێته‌وه؟
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق