زیانەکانی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لەسەر عێراق

ليست هناك تعليقات


 راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، زیانى زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار لە داهاتى گشتیى عێراق دەدات، ئەوە جگە لە زیادکردنى بڕى کورتهێنانى بودجەى گشتیى 2023 لە 64 ترلیۆنەوە بۆ 77 ترلیۆن دینار.

 
لە 25ـى ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، کە رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئەو راگرتنە بە کاریگەریى بڕیارى دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بووە، کە 23ـى ئادار دەریکرد.
 
لەدواى راگرتنەکە دووجار شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدایان کردووە بە مەبەستى رێککەوتن لەبارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتەکە، کە تائێستا لایەنى سەرپەرشتیارى پرۆسەکە و حەقدەستی کۆمپانیاکان و سرووشتى گرێبەستى فرۆشتنى نەوتەکە، رێگری سەرەکیى بەردەم رێککەوتنەکەن. 
 
13 ترلیۆن دینار زیان لە بەغدا دەکەوێت
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بوجەى گشتیى عێراق کە بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 دەبێت، داهاتى بڕى 400 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەکراوى رۆژانەى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە وەک بەشێک لە داهاتى گشتى.
 
نرخى پێشبینیکراوى نەوت بە 70 دۆلار دیاریکراوە، بەڵام شکاندنەوەى نرخى دۆلاری داهاتى فرۆشتى نەوت بە 1300 دینار دیاریکراوە بەرامبەر بە دۆلارێک.
 
بەگوێرەى ئەو میکانیزمەى لە پڕۆژەیاساى بودجەدا هاتووە، رۆژانە نەوتى هەناردەکراوى هەرێمى کورستان زیاتر لە 28 ملیۆن دۆلارە، کە مانگانە 840 ملیۆن دۆلار و ساڵانە 10 ملیار و 80 ملیۆن دۆلار دەکات. 
 
بە شکاندنەوەى بە نرخى 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێک تێکڕاى ئەو بڕە پارەیەى کە لە راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان وەک زیان بە بودجەى گشتیی عێراق دەکەوێت، رۆژانە 36 ملیار و 400 ملیۆن دینار و مانگانە یەک ترلیۆن و 92 ملیار دینار و ساڵانە 13 ترلیۆن و 104 ملیار دینار دەکات، کە دەکاتە نزیکەى %6ـى تێکڕاى قەبارەى بودجە لەکاتێکدا قەبارەى بودجە زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە.
 
کورتهێنان زیاتر دەکات 
 
کەمبوونەوى داهاتى گشتیى عێراق، بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە قەبارەى کورتهێنانى بودجەى گشتی زیاتر دەکات، کە ئێستا لە بەردەم پەرلەمانە بۆ تاوتوێکردنى بەمەبەستى پەسندکردنى.
 
بڕى کورتهێنان لە نێو پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیدا بە 64 ترلیۆن و 469 ملیار و 192 ملیۆن و 600 هەزار دینار دیاریکراوە، ئەگەر نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە نەکرێت، قەبارەى کورتهێنانى بودجەى گشتیى عێراق لە ساڵێکدا بەرز دەکاتەوە بۆ 77 ترلیۆن و 573 ملیار و 192 ملیۆن و 600 هەزار دینار. 
 
بڕیار رەشید، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کاریگەرى لەسەر بودجەى عێراق و زیادکردنى کورتهێنانەکەى دەبێت، لەبەر ئەوەى داهاتەکەى بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بودجە بەشێکە لە داهاتى گشتیى عێراق.
 
هەناردەى نەوتى کەرکووک قەتیس بووە
 
نزیکەى هەفتەیەکە پرۆسەى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، کە هاوکات هەناردەى نەوتى کەرکووکیش بەهۆیەوە راوەستاوە کە بەیەک بۆریدا هەناردە دەکرێن.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى، کە تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمپانیاى نەوتى باکوورەوە دەستى کەوتووە، هەناردەى نەوتى کەرکووک هاوکات لەگەڵ راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان راگیراوە و تەنیا بڕێکی بۆ پاڵاوگەکانى هەرێمى کوردستان دەچێت.
 
هەناردەى رۆژانەى نەوتى کەرکووک بۆ بەندەرى جەیهان لە رێگەى ئەو بۆرییەوە نزیکەى 85 هەزار بەرمیلە، کە مانگانە دەکاتە دوو ملیۆن و 550 هەزار بەرمیل، پارەکەی دەگاتە 178 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار (نزیکەى 232 ملیار دینار).

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif