جەواد حەیدەری
حەمەڕەزا شای پەهلەوی كێ بوو؟ چی كرد؟ بۆچی بە فیكە لە ئێران دەركرا؟ هۆكارەكانی رووخانی دەسەڵاتەكەی چ بوون؟ بۆچی نەیتوانی خۆی لە گێژاوەكان دەرباز بكات؟ بۆچی گوێی لە كەس نەدەگرت؟ بۆچی گاڵتەی بە راوێژكاران دەكرد و بە پێچەوانەی ئەوان بڕیاری دەردەكرد؟ كێ بوون ئەوانەی كە حەمەڕەزا حسابی بۆ دەكردن؟
حەمەڕەزاشا خۆی بە سالار دەزانی لە كاتێكدا كە زۆر لاسار بوو. بە پێی لێكۆڵینەوەكان هۆكاری سەرەكی روخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران خودی حەمەڕەزاشا خۆی بوو. پیاوێك تا سەر ئێسقان لوتبەرز و ناعەقڵانی، پیاوێكی خۆ بە زلزانی هیچ نەزان.
ئیحسان نەراقی كۆمەڵناسی ئێرانی پێی وایە: «لە بنەڕەتدا حەمەڕەزا شای پەهلەوی شایستەی پاشایەتی نەبوو، چونكە ئەو نە بۆ پاشایەتی پەروەردە كرابوو، نە خۆشی بەهرە و توانای ئەوەی هەبوو پاشایەتی بكات.»
نەراقی باس لەوە دەكات محەمەدڕەزا شا گوێی بە رەخنەی رەخنەگران و تەنانەت هاوڕێ و دڵسۆزانی نەدەدا و هەمیشە بە لوتبەرزی و لە خۆباییبوونێكی لە ڕادەبەدەرەوە سەیری كەسانی دەورووبەری خۆی دەكرد و ئەمەش هۆكاری سەرەكی روخاندنی دەسەڵاتەكەی بوو، ئەو توانای بەسەر كەسوكاری خۆی بە تایبەتی خوشكەكەیدا نەبوو، هاوكاتیش توانای بەسەر كەسانی دەورووبەریدا نەبوو.
نەراقی پێی وایە: «حەمەڕەزا هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونییەوە وەك شای ئێران دیار بوو توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نییە.» چەندین ساڵ بە بیانووی خوێندن تەمەنی خۆی لە وڵاتی سویسرا بەسەر برد بوو، لەوێ جگە لە رابواردن و خۆشگوزەرانی كارێكی دیكەی نەكرد بوو، پاشانیش گەڕایەوە بۆ ئێران، وەك كەسێكی دەست و پێ سپیلکە هیچی لە دەست نەدەهات و توانای هیچ شتێكی نەبوو. خۆی بە زانا دەزانی و پێی وا بوو هەموو شتێك دەزانێت لە كاتێكدا هیچی نەدەزانی. گوێی لە كەس نەدەگرت و بە قسەی كەسی نەدەكرد. تەنانەت خودی شا باسی لەوە كردووە: "گوێی لە راوێژكارەكانی دەگرت، بەڵام بە قسەی نەدەكردن" چونكە گومانی لە هەموو كەسێك هەبوو. هیچ كەسی قبوڵ نەبوو. زۆربەی كەسە نزیكەكانی شا پێیان وا بوو ئەشرەفی خوشكی شا زۆر لە حەمەڕەزا شا لە بڕیارداندا بوێرتر و ئازاتر بوو. هەڵبەت باس لەوەش دەكەن فەرەحی دیبا زۆربەی بڕیارە قورسەكانی داوە و گوێی لە رەخنەگران و شارەزایان گرتووە و زۆر جار لە سەر بابەتە گرنگەكان لەگەڵ حەمەڕەزادا ناكۆك بووە، بە وتەی نەراقی دوای ئەوەی حەمەڕەزاشا لە پاشایەتی كەوت، پەیوەندییەكانی نێوان فەرەح و شا ئاسایی بۆتەوە. ئەشرەفی پەهلەوی کە خوشكی شا بوو هۆكارێكی دیكەی رووخانی سیستەمی پاشایەتی بوو، چونكە دەستێكی باڵای هەبوو لە گەندەڵی و یاساشكێنیدا.
زۆری حەز لە لاساییكردنەوە بوو
بە وتەی زۆربەی هەرە زۆری هاوڕێ و دۆستە نزیكەكانی، شا زۆری حەز لە لاساییكردنەوە بوو، بە تایبەتی لە ئەمریكییەكان و پێی وا بوو نزیكایەتی ئێران لە ئەمریكا وا دەكات ئێران بەرەو پێشەوە بچێت، زۆری حەز لەوە بوو هەرچی لە ئەمریكا دەكرێت لە ئێران دووبارە بكرێتەوە. ئەو هەموو شتێكی ئەمریكای بە دڵ بوو، جگە لە ئازادی و دیموكراسی نەبێت.
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی شا كە جێی رەخنەی چاودێران بووە ئەوە بووە رقی لە هەر شتێك بوایە رەتیدەكردەوە و ئەمەش وای كردبوو شا گوێ لە رەخنە و پێشنیارەكان نەگرێت، هەرچی خۆی كەیفی لێ با دەیكرد و هەرچی عەقڵی نەیگرتبا، وازی لێدەهێنا و تەنانەت دژایەتیشی دەكرد.
هەموو شتێكی دابووە دەست ساواك
شا هەموو كاروباری ناوخۆ و تەنانەت سیاسەتی دەرەوەشی دابووە دەست ساواك و هەرچییەك بوایە رووبەڕووی ساواكی دەكردەوە، تەنانەت دەوترێت كاتێك كە باس لە شتێكی زانستی دەكرا و بە لایەوە سەیر بوایە دەیوت ئەدی بۆ ساواك لەوبارەیەوە هیچی بە من نەوتووە. بۆیە زۆربەی رەخنەگران و چاودێران پێیانوایە شا هەموو شتێكی خۆی دابووە دەست ساواك و هەر ئەمەش وایكردبوو كە كەسێكی بێ توانا بێت و نەتوانێت لە كاتی پێویستدا بڕیاری گونجاو و دروست بدات و لەبری ئەو ساواك بڕیار بدات.
كەیفی بە راوێژكار و رۆشنبیران نەدەهات
یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی شا ئەوە بوو كەیفی بە راوێژكار و رۆشنبیران نەدەهات و زۆر جار نەیشاردۆتەوە کە پرسی بە راوێژكاران كردووە، بەڵام بە قسەی نەكردوون و بە پێچەوانەی راوبۆچوونی ئەوان بڕیاری داوە و هاوكاتیش هەرگیز ئامادە نەبووە گوێ لە رۆشنبیران و بیرمەندان بگرێت.
لە هەموو شت بە گومان بووە
نەراقی باس لەوە دەكات جارێكیان لەگەڵ چەند كەسێك ویستوویانە شا ببین و لەسەر چەند بابەتێك گفتوگۆی لەگەڵ بكەن، بۆیە داوایان لە جەمشیدی ئاموزگار كە سەرۆك وەزیران بووە، كردووە شا ببنین، ئاموزگار پێی وتوون بە كۆمەڵ مەچنە لای شا لەبەر ئەوەی لێتان بە گومان نەبێت، چونكە ئەگەر بە گرووپ و دەستە بچنە لای پێیوایە دەتانەوێت پیلانگێڕی لە دژی بكەن، بۆیە داوایان لێدەكات بە كۆ نەچنە لای و هاوكاتیش وتوویەتی بە تەنیاش مەچن، چونكە چوونەكەیان هیچ كاریگەری نابێت.
شا ئامادە نەبوو خۆی بگۆڕێت
كاتێك شا لێی قەوما و خۆپیشاندانەكان لە ئێران لەدژی دەستیپێكرد، شا داوای هاوكاری و كۆمەكی لە ئەمریكییەكان كردبوو، ئەمریكییەكان پێیان وتبوو ئەگەر هاوكاری و پشتیوانی ئێمەت دەوێت دەبێت رەفتار و هەڵسوكەوتی خۆت بگۆڕی، چونكە ئێمە نامانەوێت تۆ بڕویت، بەڵكو گەرەكمانە رەفتار و خوو و خدەی خۆت بگۆڕیت، بەڵام ئامادە نەبوو ئەو كارە بكات و هەر ئەمەش وای كرد ئەمریكییەكان زۆر گرنگی پێنەدەن و بە شێوەیەك لە شێوەكان پشتی چۆڵ بكەن. كێشەك كە شا هەیبوو ئەوە بوو بە هۆی لاوازی و نەزانینەوە نەیدەزانی مانۆڕی سیاسی و گەمەی سیاسی بكات، هەر ئەمەش وایكرد پایەكانی دەسەڵاتەكەی لاواز بن و دواجار تاج و تەختەکەی لە دەست بدات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە پتر لەڕادە پشتی بە بێگانە و بیانییەكان بەستبوو.
روو لە بیانییەكان و پشت لەگەل
دوای كودەتا لە دژی محەمەد موسەدیق، كە ئەمریكا و بەریتانیا رێكخەری بوون، شا گەڕایەوە بۆ وڵات و بەم بۆنەیەوە شا هەمیشە خۆی بە قەرزداری بیانییەكان بە تایبەتی ئەمریكا دەزانی و هەر ئەمەش وایكردبوو ئەمریكییەكان دەست لە كاروباری ورد و درشتی وڵات وەربدەن و ئەمەش ناڕەزایەتی ناوخۆیی لێكەوتەوە و بە شێوەیەك لە شێوەكان شا رووی لە بێگانە و بیانییەكان كرد و هاوكاتیش پشتی لە گەل كرد و ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارە سەرەكییەكانی رووخانی دەسەڵاتەكەی. شا بە جۆرێك لە جۆرەكان بریندار بوو، برینی جەستە نا، بەڵكو لەباری دەروونییەوە، پاش دەركرانی لە سەردەمی موسەدیقدا هەستی دەكرد دەروونی بریندارە و هەتا مردیش بەو ئازارەوە تلایەوە.
گەندەڵی خۆرەیەك بوو بۆ تاج و تەختی
شا بە هۆی لاوازی لە بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات و هەروەها باڵادەستبوونی ساواك و ئەشرەفی خوشكی وای كردبوو گەندەڵی باڵ بەسەر ئێراندا بكێشێت، بەشێوەیەك زۆر لە سەر گەندەڵی هەستیار نەبوو. ئەشرەفی خوشكی و دارودەستەكەی دەستێكی باڵایان لە گەندەڵییەكانی وڵاتدا هەبوو و شا توانای رێگریكردنی نەبوو. هاوكاتیش بەشێك لە بەرپرسانی باڵای ئەمنی بە تایبەتی لە ساواكدا دەستیان لەگەندەڵییەكی بەرفراواندا هەبوو و ئەمەش بوو بە خۆرەیەك كە دواجار سەری شای خوارد.
شا باوەڕی نەدەكرد خەڵك دەریكەن
شا بەهۆی لوتبەرزی و هەروەها ناشارەزاییەوە تا دەهات ئەو هەستەی لا دروست دەبوو كە لای خەڵك زۆر خۆشەویست و سالارە و خەڵك پشتیوانی لێدەكەن، بەڵام دواجار بۆی دەركەوت كە وا نییە و دەزگا ئەمنییەكان بە تایبەتی هەموو راپۆرتەكانیان بە هەڵە بە شا گەیاندووە و شا ئەو كەسە نەبووە كە لای خەڵك خۆشەویست و سالار بێت بۆیە ملی لە لاساری نا.
نەوت شای بە لاڕێدا برد
پاش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دەیەی هەفتاكانی سەدەی رابردوو پارەیەكی خەیاڵی رووی لە ئێران كرد و شا پێی وا بوو بەو پارەیە دەتوانێت هەموو شت بكات. لە راستیدا پارەی نەوت یەکێکی دیکە لەو هۆکارانە بوو کە شای بەلاڕێدا برد، بەشێوەیەك شا ئامادە نەبوو گوێ لە كەس بگرێت نە لە یار و نە لە نەیار، باس باسی پارە و چەك بوو. پێی وا بوو پارە هەموو شت دەكات، هەر ئەمەش وایكرد هەمیشە مێشكی جەنجاڵ بێت، دواجار بە چاوی گریانەوە لە وڵات رابكات.
گەمژەیی، نەزانی، لوتبەرزی، بێگانەپەرستی، گەندەڵی، لاوازی ، گوێنەگرتن، بێمنەت بوون لە گەل، گرنگیدانی زۆر بە ئەمریكا و ساواك هۆكارە سەرەكییەكانی لەناوچوونی دەسەڵاتی پاشایەتی حەمەڕەزاشا بوون.
تێبینی:
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە كتێبی»رویای شیفتگان»ی «احسان نراقی» وەرگرتووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق