ئاژاوەی سودان.. دووربێ‌ لە كوردستان

ليست هناك تعليقات



مەلا بەختیار
-
سودان، دوو هەفتەیە، بەهۆی ئەقڵیەتی "میلیتاریسی-ملهوڕی"یەوە، دوچاری شەڕی ناوخۆ هێنراوە؛ ئەو هەموو لایەنە سیاسی‌و مەدەنی‌و نوسەرانە، وێڕای فشاری نێودوڵەتی‌و ئیقلیمی‌و عەرەبی، سودیان نەبوو.. ئاخریەكەی هەردوو سەركردەی سەربازی (لەڕاستیدا سەری نەكردەی سەربازی) رەچاوی فشاری هیچ لایەكیان قبوڵ نەكرد. ئەقڵی داخراویان‌و بیری كورتیان، سودانی گەیاندە جەنگی سەربازی-ناوخۆیی.

سودان، یەكێك لە وڵاتە هەرە گرنگەكانی ئەفریقیاو عەرەبە. لە سێ‌ سەدەی رابوردودا، جگەلەوەی بەردەوام شەڕی ناوخۆیی هۆزەكان.. ئەتنیكەكان.. ئاینەكانی هەبوو. لەگەڵ عوسمانیەكان‌و دەوروبەریشی لە شەڕوشۆڕدا بووە. لایەنی كەم، دوو ملیۆن قوربانیان داوە. سەرەنجام، باشوری سودان چارەی خۆنوسینی.. نوسی. دارفۆریش لەسەر وەستایە، جیابێتەوە. كۆی سیستەمەكە لەژێر پرسیاری جۆراجۆردایە، وڵاتێكە، بەهۆی شكستی هێزە دیموكرات، چەپ، عەسكەرو ئیسلامگەراكانەوە، كودەتای عەسكەری بۆتە شەقڵی سەرەكی ناوبەناویان.

لەدوای كودەتاكەی (عومەر بەشیر-ئیخوانەكان)ەوە، زیاتر لە سەردەمەكانی تر، ئیسلامگەرا، بەتایبەتی ئیخوانەكان، لەناو خەڵكەكەدا زاڵ بوون. سیستەمەكەشیان كردە ئیخوانی. بەڵام ئەو خەڵكە، كە زۆربەیان ئیسلامین، بەرامبەر ستەمكاری حوكمڕانی، گەندەڵی، دروستبوونی چینی مشەخۆرو چەتەی سایەی ئیخوانەكان، لێیان راپەڕین‌و عومەر بەشیرو هاوڕێبازەكەی‌و حیزبەكەشی، لەزینداندا، توند كراوون. ئەمەش دووەم شكستی ئیخوانەكانە دوای میسر. سێهەمیش بەڕێوەیە!!

دەركەوت، دوای شكستی هێزە بەناو نیشتمانی‌و ناسیۆنالیستەكان، ئیخوانییە موسڵمانەكانیش، بەدیلی سەركەوتوو نەبوون‌و نین.

دوای چەند ساڵێك خەباتی سیاسی-مەدەنی، خەریكبوو رێكەوتنی سیاسی، تاڕادەی یەكخستنی هێزەكانی چەكدار، بگاتە ئەنجام، بازرگانەكانی شەڕو كاریگەریەكانی پاشماوەی رژێمی روخاوی پێشوو، دۆخەكەیان لە هەفتەیەكدا سەراپا هەڵگێڕایەوە.

وڵاتەكەیان دوچاری شەڕی نەخوازراو كردو چەند رۆژێكیشە، هەروەكو بڵێی، لەژێر فشاردا بویسترێ‌، شەڕ بە شێوەی كاتیی رابگیرێ‌، هەتا سەفارەت‌و رێكخراوەكان دەرباز بكرێن، ناوبەناو ئاگربەست دەكرێ‌.. پەیتا پەیتاش بێگانەی رەسمی‌و ئەهلی، سودان جێدێَڵن. دیاریشە، لایەكی شەڕەكە (هێزی فریاكەوتنی خێرا) بە مەرام فڕۆكەخانەو شوێنە هەستیارەكان بۆردومان دەكەن.. بەڵكو بتوانن چارەسەرێك بدۆزنەوە، خۆیان لە شكستی عەسكەری بپارێزن. هەربۆیە، پێچەوانەی هەموو جوڵانەوەیەكی هەڵگەڕانەوەی چەكداری، پایتەختیان كردۆتە مەیدانی سەرەكی هێرشەكانیان.

چاودێری سیاسی كە دیقەت لەو وڵاتە دەدات. موچركەی بە لەشدا دێ‌. لەبەر ئەقڵی نەخۆشی چەند ئەفسەرێكی دیار (كە حەمیدەتی فەرماندەی هێزی خێرا پێشتر حوشترەوان بووەو تاج‌و ئەستێرەی خراوەتە سەر شان!!) وڵاتەكە لەخوێن دەژەنن. لایەنی كەمی متمانەی (دیپلۆماسی-ئابوری)یش كە بەدەستیان هێنابوو، خەریكە ئەویش لەدەستدەدەن.

لێكدانەوەی دەروونشیكاری سیاسەتی ئەم ئەفسەرە لاسارە شەڕخوازانە، رێك ئەوە دەسەلمێنێ‌ كەوا، وڵاتانی عەرەبی، هێشتا، بەحوكمی نەبوونی دیموكراسی‌و كۆمەڵی مەدەنیەوە، هێزی چەكداری نیشتمانییان دروستنەكردووە. بەڵكو هێزی چەكداری هۆزو پاشا‌و تایفەگەرییان دروستكردووە. بۆیە، پشتئەستوور بەم چەشنە هێزە چەكدارانە، هێزە سیاسیەكان، كێشە سیاسیەكانیان دەگەیەننە بنبەست‌و چارەسەری عەسكەری دەسەپێنن. نمونەكان: (لیبیا، یەمەن، میسر، سوریا، عێراق‌و زۆربەی وڵاتانی ئەفریقیا).

سودان، نمونەیەكی خراپی سیستەمی حوكمڕانی‌و ململانێی سیاسی‌و دروستكردنی هێزی چەكداری یەك نەگرتووە!!

وڵاتانی عەرەبی، كە زۆربەیان دژی جیابونەوەی باشوری سودان بوون، بەڵام باشوریەكان دوور لە سۆزی نەتەوەیی‌و ئایینی، بەرگەی فشارەكانیان گرت‌و سەربەخۆییان هێنایەدی! دەیانزانی لەناو سودانی پڕ لە ئاژاوەدا، چارەنوسیان ڕەشە!!

كوردستان.. لە هەندێك روەوە، جیاوازە لە سودان. بەڵام لەڕووی ناڕەزایی خەڵك‌و سەرهەڵدانی گەندەڵی‌و یەكنەخستنی هێزەكانی چەكدارەوە، لێكدەچن. هەر لەبەر ئەم لێكچونانە، ناكرێ‌ روداوەكانی كوردستان، بدرێنە دەستی قەدەر:

- لە چەند ساڵی رابوردوودا، زەنگی قوڵبونەوەی كێشەكان، لێدراوە. گوێ‌نەگیراوە.
- هەوڵی یەكخستنی هێزەكانی چەكدار، هەبووە، ئەنجامنەدراوە.
- گەندەڵی قانگ دراوە، هەر درێژەی كێشاوە.
- باسی كێشەكانی نەوت‌و گرێبەستە نایاساییەكان دەكرا، بەڵام گوێی پێنەدەدرا.
- جەخت لە پرۆژەی دانوستانی نەتەوەیی، بەداخوازی قوربانیانی ئەنفال‌و راگواستن‌و كیمیاباران دەكرێ‌، بەڵام پشتگوێ‌ دەخرێ‌.
- فشاری چارەسەری سیاسی نێوان لایەنەكان دەبرێ‌، وەلێ‌، نە بایان دیوەو نە باران.
جگە لە چەندین خاڵی تریش.. بۆیە، دۆخەكە گەیشتۆتە رادەیەك.. ئێستا قسە لە مەترسیەكانی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ دەكرێتەوە. هۆكارەكانی ئەم مەترسیەی شەڕی ناوخۆ، هەر كێشەكانی ناوخۆن. ساڵانی رابوردوو، لە چەندین بۆنەو نوسیندا، ئەم مەترسیانە خراونەتەڕوو، بەڵام لەبری گوێگرتن، بوختانیان هەڵدەبەست. وەكو هەمیشە، گەندەڵ‌و هەلپەرستان چونكە لەناو یەك بازنەی بەرژەوەندیدان، گوێیان لە بوختان زیاتر دەگرت، نەك لە رەخنەی بونیاتنەر. ئێستا كە دۆخی سودان تەقیوەتەوە، رەنگە هەبن وابزانن پەیوەندی بەكوردستانەوە نییە. ئەمانە كورتبینە تەكەتول پێداوەكانن، كە رۆژمێری سیاسیان كاڵەو مانگ ژمێری موچەیان ئەكتیفە! بۆیە ئەمانە سێبەری سیاسەتی خۆیشیان نابینن.

ناڕاستەوخۆش بێ‌، دۆخی سودان‌و تەووای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە (لەپاكستانەوە هەتا جەزائیر) لەم سەردەمەی جیهانگیریەدا، جۆرێك لە كاریگەرییان لەسەر یەكدی هەیە. هەروەها گۆڕانكاریەكانی جیهانیش، هەروەكو ئێستای ئۆكراینا، جگەلەوەی ئاسایشی ناوچەكە دەخەنە مەترسیەوە، زیان بە ئابوری ناوچەكەش دەگەیەنن.. رەگەزە ئایینی-مەزهەبی‌و ئیتنیكیەكانیش دەبزوێنن‌و شادەمارەكانی ئەقڵیەتی میلیتاریستیش، ئەستورتر دەكەن. هاوكات، وڵاتانی گەورەی جیهانیش دوچاری دڕدۆنگی سیاسی-دیپلۆماسی دەبن. چونكە ئاشتەوایی ئیقلیمی‌و جیهانیش دەكەوێتە مەترسیەوە. لەم هەلومەرجە پڕ لە ناكۆكیەی زلهێزەكانیشدا، بڕیاری ناكۆك لەسەر ئەم كێشانە دەدەن. بەڵكو زلهێزیش هەیە، هەوڵ دەدات سود لە كێشەكان وەربگرێ‌. بۆیە، جۆرێك لە مەترسی لەسەر كوردستانیش، ئاكامی بەدبەختیەكانی سودان دروست دەبێ‌. بەدووریشی نازانم، ئەگەر كێشەكانی سودان‌و دەوروبەریان درێژە بكێشێ‌، دەستێوەردانی ئیقلیمی لە دەوروبەری كوردستانیش، زیاتر ببێ‌. هەروەكو چۆن لە سوداندا، لە ئیسرائیلەوە، بۆ میسر، هەتا دەگاتە ئەمریكا، توركیا، یەكێتی ئۆروپاو ئەفریقیا، دەستتێوەردان.. زیاتر بووە. بۆیە دەڵێین:

شەڕی میلیتاریستی سودان.. دووربێ‌ لە كوردستان.. ئەگەر هێزە سیاسیەكان قوڵتر بیر لە چارەسەری كێشەكان بكەنەوە. ئەوا دوور دەبێ‌ لە كوردستان. ئەگەر بیریش لە چارەسەر نەكەنەوە.. دیارە، ناكۆكی سیاسی دوور نییە، پەل بكێشێ‌ بۆ ئەگەرەكانی نەخوازری تریش!!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif