عێراق زۆرترین کورتهێنانى بردووەتە بودجەوە

ليست هناك تعليقات


لە حەوت ساڵى رابردوودا، یەکەمجارە کورتهێنانى بودجەى عێراق بگاتە 32% وەک ئەوەى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی 2023دا هاتووە، پێشنیازێک هەیە بۆ رزگاربوون لە پاشکەوتە یاساییەکانى ئەو کورتهێنانە کە "نایاساییە"، ئەوەش بە زیادکردنی بڕگەیەک بۆ بودجە کە قوتاری بکات لە رێکارەکانى یاسای کارگێڕى دارایی.

پەرلەمانى عێراق لە خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاسای بوجەى و تاوتوێکردنیدایە کە قۆناخى پێش دەنگدانە لەسەرى، یەکێک لەو پرسانەى جێگەى مشتومڕە، زۆرى کورتهێنانە کە گەیشتووەتە زیاتر لە 64 ترلیۆن دینار.

چیرۆکى کورتهێنان لە حەوت ساڵدا

لە ماوەى حەوت ساڵى رابردوودا زۆرترین کورتهێنان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی ئەمساڵدا بووە کە بە 64 ترلیۆن و 469 ملیار و 192 ملیۆن و 600 هەزار دینار دیاریکراوە، لەکاتێکدا پارەى خەرجى بودجە 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینارە و رێژەى کورتهێنانەکەى دەکاتە 32.3%.

ئەوە لەکاتێکدایە لە بودجەى ساڵى 2016 بڕى کورتهێنانى بودجە 24.1 ترلیۆن دینار بوو، لەکاتێکدا تێکڕاى بودجەى ئەو ساڵە 105.8 ترلیۆن دینار بوو کە رێژەى کورتهێنانەکەى دەکاتە 22.8%ى تێکراى پارەى بودجەى ئەو ساڵە.

ساڵى 2017، تێکڕاى کورتهێنانى بودجە 21.6 ترلیۆن دینار بوو لە کۆى پارەى بودجەکە کە 100.6 ترلیۆن دینار بوو، کە دەکاتە نزیکەى 21%ى نێکڕاى بودجەکە، لە بودجەى ساڵى 2018 تێکڕاى کورتهێنان 12.5 ترلیۆن دینار بووە لە کۆى 104.1 ترلیۆن دینارى بودجەى ئەو ساڵە. بەوپێیە رێژەى تێکڕاى کورتهێنانى بودجە لەو ساڵانەدا رێژەى زیاتر لە 12%ى تێکڕاى بودجەکەیە.

ساڵى 2019 کورتهێنانەکە بەزربووەوە بۆ 27.5 ترلیۆن لەکاتێکدا تێکڕاى پارەى بودجە لەو ساڵەدا 133.1 ترلیۆن دینار بوو
کە رێژەى کورتهێناکەى دەکاتە 20.6%.

بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە، عێراق ساڵى 2021ى بەبێ بودجە بەڕێکرد، ئەوە وایکرد قەبارەى کورتهێنان بەرزبکاتەوە و بڕى بودجەکەى کەمبکات، لەوساڵەدا بڕى کورتهێنان لە بودجەدا گەیشتە 28 ترلیۆن دینار لەکاتێکدا پارەى بودجە 129.9 ترلیۆن دینار بووە.

بۆمبێک لەنێو بودجەدا

ئەو کورتهێنانەی کە رێژەکەی 32.3%ـە لە بودجەى ئەمساڵ، ئەگەر بەو شێوەیە تێپەڕێت کێشە بۆ یاساى بودجە دروست دەکات تەنانەت لەدواى پەسندکردنیشی، بەوپێیەى پێچەوانەى ماددەیەکى یاساى کارگێڕى دارایی عێراقە کە رێگە نادات رێژەى کورتهێنان زیاتر بێت لە 3%ى تێکڕاى داهات.

دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تێبینى لەسەر ئەو رێژەیەى کورتهێنان هەیە کە ئەگەر بەو شێوەیە بێت و کەمنەکرێتەوە دەتوانرێت لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تانەى لێ بدرێت.

لە راپۆرتى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023، هاتووە: "دەبێت کورتهێنانى بودجە ئاست و سنوورى شیاو و دارایی بێت"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ زۆرى بڕى کورتهێنانى ئێستاى نێو بودجە.

دارا سێکانیانى گوتیشى: "پێشنیازێک هەیە بۆ ئەوەى بڕگەیەک بخرێتە بودجەوە کە بەدەرى بکات لە جێبەجێکردنى یاسای کارگێڕى دارایی بۆ ئەوەى رێگرى بکرێت لە سکاڵا تۆمارکردن لە دژى یاساى بودجە لە دواى پەسەندکردنى."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif