سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەو گرێبەستە نەوتییانەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا هەیەتی، مەرجی تێدا سەپێندراون لەلایەن کۆمپانیاکانەوە و ستەمیان تێدایە. هەروەها روونیدەکاتەوە کە "لە سەردەمی 2014دا کاتێک جەنگ هەبوو دژی داعش و کاتێکیش بودجەی هەرێم وەستا، هەرێم لەبەرامبەر تێچووەکانی شەڕەکە و لەبەردەم چوونی ملیۆنان ئاوارە بۆ هەرێم کە هەموو ئەمانە گوشاریان بۆسەر خزمەتگوزارییەکان دروستکرد، هەرێم ناچاربوو روو لە کۆمەڵێک گرێبەست بکات کە ئەم ستەمە روونەیان تێدایە."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە کە رۆژی یەکەشەممە 2-4-2023 بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەرێم[ی کوردستان] ناچاربوو بەرەو کۆمەڵێک گرێبەست بچێت کە جۆرێک لە ملکەچکردنی و تاوەکو ئاستی ئیبتیزازکردن چوون لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، هەندێک لە کۆمپانیاکان هەرێمیان ئیبتیزاز کرد."
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە ساڵی 2014 کە جەنگ هەبوو لە دژی داعش و کاتێکیش بودجەی هەرێمی کوردستان وەستا، هەرێمی کوردستان لەبەردەم تێچووی شەڕەکە و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس بۆ هەرێمی کوردستان کە هەموو ئەمانە گوشاریان بۆسەر خزمەتگوزارییەکان دروستکرد "ناچاربوو روو لەو گرێبەستانە بکات کە ستەمی روونیان تێدایە. بەردەوامیش بوو لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکان، سەرەڕای ئەوەی کە قورس بوو و هێشتاش ئەوە ماوە لە پرسی مووچە و شایستەکانی رۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان."
سوودانی باس لە رێککەوتنی لەسەر بودجەش دەکات و دەڵێت: "ئەم رێککەوتنەی لەسەر یاسای بودجە کراوە دەتوانێت کۆتایی بەم کێشانە بێنێت و بودجەیەکی گشتگیربێت بۆ هەموو عێراقییەکان. لە هەمان کاتیشدا خۆمان بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز ئامادە دەکەین."
سوودانی جەخت دەکاتەوە کە بەشێک لە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی فیدراڵیی عێراق چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە کە یەکێکیان پرسی نەوت و گازە و دەڵێت: "گەیشتووینەتە رێککەوتن و خراوەتە نێو یاسای بودجەوە، کە ئەوەش بەشێکە لە رێککەوتنە سەرەکییەکە. ماوەی شەش مانگیشمان دانابوو، هەرچەندە کەمێک دوادەکەوین، بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گاز دەربچێت، کە پەیوەندییەکە بەشێوەیەکی تەواو رێک دەخات."
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان "پەنابەرن"
سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە هێرشەکان ئێران بۆسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و رێککەوتنی عێراق و ئێران لەسەر ئەو پرسە دەکات و دەڵێت: "حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران، ساڵانێکە لە عێراق وەک پەنابەر هەن، لە سەردەمی رژێمی پێشووەوە هەن. هەبوونیان وەک پەنابەر شتێکی ئاساییە، بەڵام هەبوونیان وەک چەکدار و بارەگای سەربازیی و ئامادەکاری و مەشق و چوونە نێو سنووری ئێران و ئەنجامدانی کاری سەربازیی و گەڕانەوە بۆ عێراق، ئەمە کێشەیە و دەستووری عێراق رێگەی پێنادات. دەبێ ئێمەش سنوورەکانمان بپارێزین و کۆنترۆڵی بکەین".
هەروەها دەڵێت: "ئەمە وایکرد لایەنی ئێرانی ئۆپەراسیۆن لەبەرامبەر ئەو شوێنانە ئەنجام بدات، ئەمەش هەر هەڵەیە، ئەمە دەستدرێژییە بۆسەر سەروەری عێراق و کاریگەری دەکاتە سەر ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران. ئێستا گەیشتووینەتە رێککەوتن لەگەڵ ئێران کە سنوورەکان کۆنترۆڵ بکرێن و داواکراوان رادەستبکرێنەوە و رێگە بە هەبوونی بارەگا نەدرێت. حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیدارن بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە".
"ئیرادە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نەبووە"
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت ئەو ئاڵنگارییەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە گەندەڵییە نەک داعش، "داعش کۆتایی هات، گەندەڵی ئەو ئاڵنگارییەیە کە رووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە".
هەروەها دەڵێت: "بەشێک لە گەندەڵی پارێزراوە، لەلایەن رووە سیاسی و فەرمییەکانەوە و ئەمەش ئاڵنگارییەکەیە. لە قۆناخی رابردوودا ئیرادەیەکی راستەقینە نەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەگەرنا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی قورس نییە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە عێراق پێویستی بە فەلسەفەیەکی نوێی ئابووریی هەیە و دەڵێت: "دەبێت ئابووریمان لەسەر روانین و فەلسەفەیەکی نوێ بێت، نەک روانینی دیکتاتۆریانە کە لە رژێمی پێشوودا هەبوو".
سوودانی باس لە پرسی گاز دەکات و دەڵێت " ناکرێت وەک تەماشاکار بمێننینەوە لەکاتێکدا خۆمان گازی هاوەڵ دەسووتێنین و ساڵانە بە بەهای هەشت تریلیۆن دینار گاز هاوردە دەکەین، ئەمە تاوانە. وڵاتێکی نەوتین و ساڵانە لەنێوان دوو بۆ سێ تریلیۆن دینار بەرهەمە نەوتییەکان هاوردە دەکەین. وڵاتێکە، ئابوورییەکەم تەنیا لەسەر نرخەکانی نەوت وەستاوە، نرخی نەوت بەرزبووەوە بودجە، مووچە، خزمەتگوزاری و بودجەی بەکاربەرمان هەیە. نرخی نەوت دابەزی، نازانین چۆن مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان کۆبکەینەوە. لەبەردەم ئەم دیمەنە ناتوانیت بڵێیت با ماوەیەک چاوەڕێ بکەم، دەبێت بەرنامەیەکت بۆ چاکسازی هەبێت. بۆ ئەمەش پێویستە کەرتەکان کارا بکەین".
ئاماژە بەوەش دەکات کە ساڵانە عێراق بە بەهای 50 ملیار دۆلار کەلوپەل هاوردە دەکات.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان سەبارەت پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان
پرسیار: جەنابی سەرۆکوەزیران لە هەولێر و سلێمانی بووی، بەردەوام گرفت لەگەڵ پێکهاتەی کورد لەسەر چەندین پرس هەیە، لەنێویاندا پرسی نەوت و گاز، سەرۆکوەزیران چی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەمە و بۆ بەدیهێنانی داواکاری پێکهاتەیەکی عێراقی؟
محەممەد شیاع سوودانی: بەشێک لەو رێککەوتنە سیاسییەی حکومەتی لەسەر پێکهێندرا کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە، کە یەکێکیان پرسی نەوت و گازە کە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. گەیشتینە رێککەوتن و خرایە نێو یاسای بودجەوە کە ئەوەش بەشێکە لە رێککەوتنە بنەڕەتییەکە، ماوەی شەش مانگیشمان دیاریکرد، کەمێکیش لەو شەش مانگە دوادەکەوین، بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز کە پەیوەندییەکە بەتەواوی رێک دەخات.
پرسیار: بە چ شێوەیەک و چ ئاراستەیەک پەیوەندییەکە رێک دەخرێت؟
محەممەد شیاع سوودانی: بەگوێرەی یاساکە، ئەمە یاسایەکە دەردەچێت.
پرسیار: چی لەخۆدەگرێت؟ رۆڵی ئیدارەی ناوەندیی و فیدراڵی؟
محەممەد شیاع سوودانی: بەگوێرەی دەستوور دەبێت لە بەڕێوەبردن و کێڵگە دۆزراوەکانی دوای 2003، ئەمە دەستوور باسی کردووە، کە پەراوێزێکی تێدایە بۆ بەڕێوەبردن.
پرسیار: بۆ هەرێم؟
محەممەد شیاع سوودانی: نەک تەنیا هەرێم، تەنانەت پارێزگاکان، هەندێک پێیانوایە پرسی نەوت و گاز تەنیا لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمە، لەکاتێکدا زۆر پارێزگا رۆڵی خۆیان دەوێت لەم یاسایەدا.
پرسیار: هەرێمی کوردستان چۆن پرسی نەوتی بەڕێوەبرد، بەوپێیەی ناتوانایی هەیە لە بەڕێوەبردنی و گەندەڵی و پرسی زۆر هەیە؟
محەممەد شیاع سوودانی: هەرێمی کوردستان ناچاربوو روو لە کۆمەڵێک گرێبەست بکات کە جۆرێک لە ملکەچکردنی تێدایە، گەیشتە ئاستی ئیبتیزازکردن لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، هەرێمیان ئیبتیزاز کرد. لە سەردەمی 2014 کاتێک جەنگ هەبوو دژ بە داعش و کاتێکیش بودجەی هەرێم وەستا، هەرێم لەبەرامبەر تێچووەکانی شەڕەکە و لەبەردەم چوونی ملیۆنان ئاوارە بۆ هەرێم کە هەموو ئەمانە گوشاریان بۆسەر خزمەتگوزارییەکان دروستکرد، هەرێم ناچاربوو روو لە کۆمەڵێک گرێبەست بکات کە ئەم ستەمە روونەیان تێدایە. هەرێم بەردەوامیش بوو لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکان، سەرەڕای ئەوەی کە قورس بوو و هێشتاش ئەوە ماوە لە پرسی مووچە و شایستەکانی رۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان. ئەم رێککەوتنەی لەسەر یاسای بودجە کراوە دەتوانێت کۆتایی بەم کێشانە بێنێت و بودجەیەکی گشتگیربێ بۆ هەموو عێراقییەکان. لە هەمان کاتیشدا خۆمان بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز ئامادە دەکەین.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق