سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە لایەنە شەڕکەرەکانی سوودان دەکات کۆتایی بە شەڕی نێوانیان بهێنن و ئاماژە بەوەش دەکات، زیادبوونی گرژییەکان کاریگەری گەورەی لەسەر ئەو وڵاتەی ئەفریقا و تەواوی ناوچەکە دەبێت.
رۆژی دووشەممە 17-4-2023، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، گرنگە هێزە شەڕکەرەکانی سوودان دەستبەجێ کۆتایی بە گرژییەکان بهێنن، ئارامی و ئاسایش بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێننەوە و دەست بە دیالۆگ بکەن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پەیامێکی بۆ ئەو وڵاتانەش هەیە کە رۆڵ و کاریگەرییان لەسەر هێزە شەڕکەرەکانی سوودان هەیە و دەڵێت، "هانی هەموو ئەوانە دەدەم کە کاریگەرییان لەسەر دۆخەکە هەیە بۆئەوەی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی سوود لەو کاریگەرییە وەربگرن، یارمەتیدەری هەوڵەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە تووندوتیژییەکە بن، ئارامی و ئاسایش بگەڕێننەوە، بگەڕێنەوە سەر رێچکەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات."
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز هۆشداری لە زیادبوونی گرژییەکان دا و گوتی، شتێکی لەو جۆرە بۆ سوودان و تەواوی ناوچەکە "وێرانکەر" دەبێت و رایگەیاند، "دۆخی مرۆیی سوودان" پێش ئەم شەڕە "خراپ" بوو و ئێستاش "کارەساتە."
پەیامەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، ماوەی سێ رۆژە شەڕ لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای دژبەری سوپا دەستی پێکردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی سەندیکای پزیشکانی سوودان، لە ماوەی ئەم سێ رۆژەدا 97 کەس کوژراون و 126 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی شەممە 15ـی نیسانی 2023، دەنگی تەقە و تەقینەوەی بەهێز لە نزیک ژمارەیەک بنکەی سوپای وڵاتەکە و وەزارەتی بەرگری لە نێوەڕاستی خەرتوومی پایتەختی سوودان بیسترا و دووکەڵێکی گەورە لە ژمارەیەک باڵەخانەی شارەکە بەرزبووەوە؛ دەستبەجێ تەواوی پایتەخت کرایە سەربازگە و سەرباز بە هەموو کونجێکی شارەکەدا بڵاوکرانەوە.
هێزەکانی پاڵپشتیی خێرا کە لە ساڵی 2013 پێکهێندراوە و بەرهەڵستی سوپای وڵات دەکات، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانیان "تووشی شۆک بوون، کاتێک رۆژی شەممە ژمارەیەکی زۆری سەربازانی سوپا" چوونەتە نێو کامپە سەربازییەکانیان لە خەرتووم و "هێزەکانمان گەمارۆدراون."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق