وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئێران و سعودیە باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانیان لە وڵاتانی یەکدی دەکەنەوە.
رۆژی هەینی، 28ـی نیسانی 2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان رایگەیاند، لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە کە لە جەژنی رەمەزان ئەنجامیاندا، "هەردوولامان رێککەوتین کە لە چەند رۆژی داهاتوودا باڵیۆزخانەکانمان لە تاران و سعودیە بکەینەوە."
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتیشی، "رێککەوتنی نێوان ئێران و سعودیە بەشیوەیەکی گشتی کاریگەریی ئەرێنی لە ناوچەکە دروستدەکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، بەشێوەیەکی فەرمی هاوتا سعودییەکەی بانگهێشتی ئێران کردووە و وەزیری دەرەوەی سعودیەش پێشوازی لە بانگهێشتنامەکە کردووە و بڕیارە لە داهاتوودا سەردانی تاران بکات.
ئێران و سعودیە رۆژی 10-3-2023 بە نێوەندگیریی وڵاتی چین رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژۆ کرد.
پەیوەندیی ئێران و سعودیە لە 40 ساڵی رابردوودا گرژیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. دوایینجار لە سەرەتای ساڵی 2016 و دوای هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران گرژی تێکەوت و سعودیە لە 03-01-2016 پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بە تەواوی لەگەڵ ئێران راگرت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق