بۆ یاسای هەڵبژاردن، پارتی و یەکێتی چەند جارێک پێکەوە کۆبوونەوەیان کردووە و پێکەوەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا کۆبوونەتەوە. ئەوان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون و بڕیاریانداوە جارێکی دیکەش کۆببنەوە، هەرچەندە رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی گرژیی خستەوە نێو دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، ئەوان داوا دەکەن کۆبوونەوەکان بۆ بابەتی هەڵبژاردن بەردەوام بن. بەرپرسێکی بەشی هەڵبژاردنی پارتیش دەڵێت، ئامادەن بۆ کۆبوونەوە.
دوایین کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ئاستی بەش و دەزگای هەڵبژاردن بەڕێوەچوو 5ـی ئەم مانگە بوو و، تێیدا شاندێکی یونامی بەشداری کرد. ئەنجامی سەرەکیی کۆبوونەوەکە ئەوەبوو کە یونامی بۆچوونی خۆی لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان دایە هەردوو لایەن و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.
گرژیی نێوان پارتی و یەکێتی
یەکێتی و پارتی پێشتر لەسەر چەند خاڵێک بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێککەوتوون، بەڵام دوای رووداوەکەی هەینی کە بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و ئامانجەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بوو، پەیوەندییەکانی ئەو دوولایەنە گرژی تێکەوتەوە و چەند راگەیێندراوێکیان دژی یەکدی بڵاوکردەوە.
بەرپرسێکی یەکێتی: دوای تاوتوێی وەڵامی یونامی لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە
بەگوێرەی زانیارییەکان، یونامی وەڵامی دوو لایەنە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستانی لەبارەی پرسی کورسیی پێکهاتەکانەوە داوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی هەردوو لایەن ئامادەنین ئێستا نێوەڕۆکەکەی ئاشکرا بکەن.
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی کە بەشداری لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتی دەکات و پێی باشبوو ناوی نەهێندرێت، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان بە هۆی گرژییەکانەوە کۆبوونەوە دواناخەن و دوای تاوتوێکردنی وەڵامی یونامی لەنێو خۆیاندا ئامادەی کۆبوونەوە دەبن لەسەر پرسی هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکانەوە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن گوتی، کۆبوونەوەی رابردوویان زۆر باش بووە، بۆیە دەبێت هەوڵ بدرێت هەردوو دەزگا بەردەوام بن لە کۆبوونەوەکانی خۆیان و گوێ بە گرژییەکان نەدەن.
پارتی: ئامادەی کۆبوونەوەین
بەرپرسانی پارتی دەڵێن، هەرکاتێک بۆ پرسی هەڵبژاردن یەکێتی ئامادەی کۆبوونەوە بێت، ئەوانیش ئامادەن. ئەمڕۆ یەکشەممە هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بۆ پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئامادەی کۆبوونەوەین. هەر رۆژێک یەكێتی ئامادەبێت ئێمە ئامادەین".
تەنیا خاڵی سەرەکی ناکۆکیی پارتی و یەکێتی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانە لە 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کورستان.
رۆژی 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن خستەڕوو و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق