هه‌رێمی كوردستان لە دەروازەی "ئۆڤاکۆی"دا

ليست هناك تعليقات


یاسین تەها
-
پێشەكی

گەیشتنی ڕاستەوخۆ بە توركیا بەبێ گوزەركردن بە هەرێمی كوردستان و دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، ساڵانێكە بووەتە خەونێكی عێراقی. لە كابینەی حەیدەر عەبادی (2014_2018) حكومەتی عێراق هەوڵی زۆری دا دەروازەیەكی سنوریی تایبەت بەخۆی لەگەڵ توركیادا بكاتەوە (ئۆڤاكۆی)، بەڵام سەری نەگرت؛ لەم ساڵەی دوایشدا پڕۆژەیەكی تری هاوشێوە بەڵام گەورەتر لەچوارچێوەی پەلكێشانی چین بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەمان مەبەست سەریهەڵدا كە ناو نراوە "كەناڵی وشك" یان "ڕێگه‌ی پەرەپێدان" كە درێژییەكەی نزیكەی 1200كم دەبێت. ئامانج لەم ڕێگه‌یەیش بەستنەوەی كەنداوی عەرەبی و بەسرەو عێراقە بە توركیاو لەوێیشەوە ئەوروپا. ئەم بابەتە لەسەر لەمپەرەكانی بەردەم پڕۆژە نوێیەكەو پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە هەڵوێستە دەكات.

پڕۆژەی هەڵپەسێردراوی دەروازەی "ئۆڤاکۆی"

گرنگیدانی زۆر بە كردنەوەی دەروازەیەكی نوێ لەگەڵ عێراق لای گوندی "ئۆڤاکۆی"ی توركیا، بەشێك بوو لە تۆڵەی توركیا لە ڕیفراندۆمی 2017. لە پاش كۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیە، تورکیا بیری لە چەندان ڕێگەی جۆراوجۆر كردەوە بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان، كە یەكێك لەوانە بەرتەسککردنەوەی بازرگانیی نەوت و داخستنی ئاسمان بوو بەڕووی هەرێم، لەگەڵ بانگەشەكردن بۆ كردنەوەی دەروازەیەکی نوێی سنوری بۆ ناو عێراق کە ڕێگە بە تورکیا بدات باکوری عێراق و حكومەتی هەرێم بەدەر بکات و پەراوێزیان بخات([1]).

بەگوێرەی نەخشەكان ئەم دەروازە گریمانكراوە، 12كم لە شاری "سلۆپی"ی توركیاوە دوورەو 51كم لە ئیبراهیم خەلیل. ئەو سێگۆشە سنورییەیشی كە دەروازەكە لەخۆدەگرێت، نزیكترین خاڵی بەیەكگەیشتنی سنورەكانی توركیایە (شڕناخ) لەگەڵ سنوری پارێزگای نەینەوا كە بەشێكە لە عێراقی فیدراڵ و، بەهۆی ڕووبەری گەیەنەری هەردوولا، بە سنوری پارێزگای دهۆكدا گوزەر دەكات. دەوڵەتی توركیا لە 2017 داوای لە عێراق كرد هێزە فیدراڵییەكان لەو ناوبڕە كوردییە بڵاو بكاتەوە، چونكە گەیشتن بە ڕەبیعە لەلای توركیاوە، دورییەكەی 100كم دەبێت و ئەمەیش تێچوون و ئەركی پاراستنی زیاترو قورستر دەكات([2]). هێزە عێراقییەكان لە ئۆكتۆبەری 2017و لەسەردەمی حەیدەر عەبادیی سەرۆك وەزیراندا هێرشێكی خوێناوییان كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی سحێلاو مەحمودیە، بەڵام بەبێ بەدیهاتنی ئامانجەكەو پاش بەرەنگاربوونەوەیەكی چەكداریی توند لەنێوان پێشمەرگەی هەرێم و "ڕۆژ" لەلایەك و هێزە عێراقییەكان لەلایەكی تر، شەڕەكە كۆتایی هات([3]).

هاندەری عێراق بۆ گەیشتن بەم ڕێڕەوە جگە لە كەنارخستنی هەرێمی كوردستان و تۆڵەكردنەوەی ڕیفراندۆم، هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابوری بوو لەڕێگه‌ی زیادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ دراوسێكان، بەڵام لە دیوی توركیاوە گەورەتر لە ئابوری تەماشای پڕۆژەكە دەكراو، بەگوێرەی توێژینەوە توركییەكان سودەكانی زۆر زیاترن، لەوانەیش: دروستکردنی بەدیلێک بۆ دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل (خابور)، کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی شمەك، بەهێزکردنی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی عێراق لە ناوچەکەدا، كە ئەمەیش لە بەرژەوەندیی توركیایە كە ساڵانێكە گیرۆدەی كێشەی كوردە لە ناوخۆی وڵاتەكەی([4]).

ئەگەر ئەم دەروازەیە سەری بگرتایە، ئەوا کۆمپانیا تورکییەکان دەیانتوانی بگەنە ناوەڕاست و باشوری عێراق. جگە لەوەیش توركەكان بیریان لەوە دەكردەوە ئەگەر کونسوڵخانە لە موسڵ بکرێتەوەو ناوچەیەکی بازرگانیی سەلامەت دابمەزرێت، چالاکییە بازرگانییەکانی تورکیا لە ناوچەکە زیاتر دەبن و دەرفەتێکی نوێ لەدایکدەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێشاوی پەلكێشانی شیعە؛ لەچوارچێوە سیاسییەكەیشدا، دەبووە كارتێكی گوشار بۆ سەر حكومەتی هەرێمی کوردستان. بەم شێوەیە تورکیا لەڕووی ئاسایش و ئابورییەوە قازانجی دەكرد([5]). بەڵام سەرباری پەرۆشی عێراق بۆ ئەم پڕۆژەیە، هۆكارێك كە بووە مایەی نیگەرانی و سەرچاوەی دڵەخورتێ بۆ هێزە شیعە حوكمڕانەكان، خەونە فراوانخوازییەكانی توركیایە؛ چونكە عێراق له‌وه‌ ده‌ترسێ توركیا پەرەپێدان و كارتی جموجۆڵی بازرگانی بقۆزێتەوە بۆ بوژاندنەوەی پڕۆژە عوسمانییەكەی لە ناوچە توركماننشینەكانی تەلەعفەر كە لەسەر ڕێگه‌ی دەروازەكەیە؛ هەروەها بە پاساوی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانیش هێزی ئەمنی و سەربازیی زیاتر بهێنێتە ناو خاكی عێراقەوە؛ بەتایبەت كە بنكە سەربازییەكانی تری دوور نین لە ناوچەكەو، ئەوكاتیش جه‌نگی پەكەكەو توركیا لە هەرێمی كوردستانەوە دەگوازرایەوە بۆ ناوچەكانی پارێزگای نەینەواو سەرئێشەیەكی تری ئەمنی بۆ عێراق دروست دەبوو([6]).

پڕۆژە نوێیەكەی "ڕێگه‌ی پەرەپێدان"و "كەناڵی وشك"
لە سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی بۆ توركیا (21 ماسی 2023)، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوەكانی هەردوولاوە ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەبارەت بە بەستنەوەی تورکیا بە کەنداو لە ڕێگەی عێراقەوە موژدەی نوێ دەدەن. بە قسەی ئەردۆغان ئەم پڕۆژەی بەستنەوەیە "هه‌ستیارترین هه‌نگاوە" كە گەیاندنی وشكانی و ئاسنین لەخۆ دەگرێت و به‌سره‌ به‌ توركیاوه‌ ده‌به‌ستێته‌وه([7]).

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان كە زیاتر مۆركی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەسەریدا زاڵە، لە دیوە عێراقییەكەیشییەوە هەر هەمان شتەو پڕۆژەكە بە یەكێك لە دەسکەوتە گرنگەکانی عێراق و تورکیا لە سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی لێكدراوەتەوەو، لە وێناكردنە عێراقییەكاندا ڕێگه‌كە (پەرەپێدان _ كەناڵی وشك)، بەهاكەی یەكسانە بە زێڕ بە درێژاییی سەدان كیلۆمەتر؛ چونكە مەودای نێوان وڵاتان لە بواری گواستنەوەو وزەدا نزیكدەكاتەوە([8]).

بەر لەوەیش كه‌ سودانی گەشتی توركیا بكات (21 مارسی 2023) لە وتارێكدا باسی لەوە كردبوو كە "ڕێگه‌ی پەرەپێدان" لە ڕێگه‌یەکی خێراو هێڵی شەمەندەفەر پێکدێت و بە دیوانییەو نەجەف و کەربەلاو بەغداو موسڵدا تێدەپەڕێت و تا سنوری تورکیا درێژدەبێتەوە؛ پاشان لەڕێگەی ئەستەنبوڵەوە ڕێگە بۆ بەندەری مێرسین و ئەوروپا دەكاتەوە. سودانی گرنگیی پڕۆژەكەیشی بەوە دیاریكردووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و توركیا گەیشتووەتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار، کە زیاتر بریتین لە بەرهەمە کیمیایییەکان، تۆو، دانەوێڵە، مۆبیلیات و دەرمان و پێداویستیی پزیشکی؛ لە بەرامبەریشدا هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لە نەوتدا چڕ بووەتەوە([9]).

گرنگیی پڕۆژە نوێیەكە بۆ عێراق و توركیا

لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ لە شاری بەسرە کۆنفڕانسی "بەندەری فاوی گەورەو کەناڵی وشک" بەڕێوەچوو. فەرحان ئەلفەرتوسی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق، ڕێڕەوە پێشنیاركراوەكەی بە "ڕێگه‌ی ئاوریشمی" عێراق ناوبردو بە گرنگترین پڕۆژەی ئابوری و ستراتیژیی ناوچەکەی دایە قەڵەم. فەرتوسی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دوو پڕۆژەیە نەخشەی ئابوریی جیهانی دەگۆڕن. بەمەیش کاتەکانی ترانزێت بۆ ئەو کەشتییانە كەمدەكاتەوە كە لە ڕێڕەوی ئاوی ڕۆژاوای ئاسیاو دەریای سورەوە گەشت دەکەن بە تێكڕای ٢٠ بۆ ٢٥ ڕۆژ؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تێچوون بە قەبارەی ملیۆنان دۆلار([10]).

عێراق خوازیارە لەم ڕێگه‌یەوە ببێتە ناوەندێكی گواستنەوە لەنێوان ئاسیاو ئەوروپا. پاش ئەوەی بەندەری گەورەی فاو لە شاری بەسرە تەواو دەبێت، پەیوەست دەكرێتەوە به‌ بەندەرەكانی توركیاوە؛ ئەمەیش بەلای هەندێ شرۆڤەكاری عێراقییەوە هیچی كەمتر نییە لە سامانی نەوت. ئەردۆغان لە نێوه‌ندی بانگەشەكردن بۆ پڕۆژەكە جەختی لەوە كردووەتەوە "ملیۆنان کەس لە ناوچە بەرفراوانەکان لە ئەوروپاوە تا کەنداو، سودمەند دەبن لەو بەها زیادەیەی کە لەگەڵ دروستکردنی ئەم ڕێگه‌یەدا سەرهەڵدەدات. هەروەها ئاماژەی بەوەیشكردووە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی هاوکارییە ناوچەییەکان، پەرەپێدانی بازرگانی و بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان و گوتی، "ڕێگه‌ی گەشەپێدان، ڕێگه‌ی ئاوریشمی نوێیە بۆ ناوچەكەمان"([11]).

بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنانەی هەن، لە حاڵەتی تەواوبوونی پڕۆژەكەدا ئەو کەشتییانەی كە لە بەندەری شەنگەهای چینەوە بارکراون بۆ بەندەری ڕۆتەردام و نزیکەی ٣٣ ڕۆژیان پێویستە، بە گۆڕینی ڕێگه‌كە تەنیا ١٥ ڕۆژیان پێویسته‌؛ بە مەرجێك لە شەنگەهایەوە بچنە بەندەری گوادار لە پاکستان، پاشان بۆ بەندەری گەورەی فاو، لەوێیشەوە لە ڕێگەی کەناڵی وشکەوە بۆ بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست لە سوریاو تورکیا تا دەگەنە بەندەری ڕۆتەردام لە باشوری هۆڵەندا. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە گواستنەوە لە ڕێگەی عێراقەوە، کەمبوونەوەی بەرچاو لە تێچووی گواستنەوەی کاڵاکان تا زیاتر لە نیوە دابیندەکات"([12]).

بنەماكانی ئەم پڕۆژەیە كاتێك گەڵاڵە بوون كە چین لە 2013 ڕێڕەوی ئابوریی چین و پاکستان (CPEC)ی ڕاگەیاند وەك بەشێک لە دەستپێشخەریی "پشتێنەو ڕێگه‌وبان" کە بەهاكەی چەندەها تریلیۆن دۆلارەو پارێزگای شینجیانگ لە باکوری ڕۆژاوای چین، بە بەندەری گواداری پاکستان لەسەر زەریای هیندی دەبەستێتەوە. ئەم بەندەرەیش تەنیا 400کم لە گەرووی هورمزەوە دورە كە لە بەشی باشوری سنورە ئاوییەكانی عێراقە([13]).

هەنگاوەكانی پڕۆژەكەو نەخەشە عێراقییەكەی

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوە فەرمییەكان، توركیا وەزیرەكانی خۆی ڕاسپاردووە كار لەسەر پڕۆژەكە بكەن([14]). لە دیوی عێراقیشەوە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنی عێراق، دەستپێکردنی دانوستانەکانی لەگەڵ کۆمپانیای "یابی مەرکەزی"ی تورکیی ڕاگەیاندووە، بە ئامانجی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاسنین لە فاوەوە تا تورکیا لە ڕێگەی "کەناڵی وشک_ ڕێگه‌ی پەرەپێدان". كۆمپانیا توركییەكەیش خواستی خۆی خستووه‌تەڕوو بۆ لێکۆڵینەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە بازرگانییەکانی هێڵی ئاسنی عێراق و درێژەدان بەو کۆبوونەوانە([15]).

بەگوێرەی پلانەكانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش، وردەکارییەکانی پڕۆژەكە بریتییە لە ڕێگه‌ی زەمینی و هێڵی ئاسنی خێرا بۆ گەشتیاران و کاڵاکان لە بەندەری گەورەی فاوەوە بۆ تورکیا؛ لەوێش بە تۆڕی ڕێگه‌ی ئەوروپییەوە بەستراوەتەوە. لە قۆناغی یەكەمیشدا توانای دەگاتە 3.5 ملیۆن کۆنتێنەرو 22 ملیۆن تۆن کەلوپەل؛ لە قۆناغی دووەمدا بەرزدەبێتەوە بۆ 7.5 ملیۆن کۆنتێنەرو 33 ملیۆن تۆن کاڵا. لەبارەی هێڵی ئاسنەكەیش شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگری خێرای دەبێت بە خێراییی 300 کم لە کاتژمێرێکدا، بە توانای 13.8 ملیۆن سەرنشینی ساڵانە. هەروەها شەمەندەفەری دووەمیش تایبەت دەبێت بە بارو گواستنەوەی شمەك بە خێراییی 130_140كم لە یەك كاتژمێرو، بە نزیکەی 9 پارێزگادا تێدەپەڕێت و كۆی درێژیی ڕێگه‌كەیش دەگاتە 1190 كم([16]). ئەو پارێزگایانەیشی پێیدا دەڕوات، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە شاری بەسرە تا ناسریە، پاشان سەماوەو نەجەف بەرەو ڕۆژاوای شاری کەربەلا، پاشان دەچێتە ناوچەی ئەبوغرێب لە بەغدا، پاشان لەڕووی باکورەوە بۆ سامەڕا، پاشان بۆ تکریت، پاشان بێجی بۆ موسڵ، پاشان ڕۆژاوای نەینەوا تا سنوری سوریا لە شاری ڕەبیعە، پاشان لە سنوری عێراق و تورکیا کۆتایی دێت([17]). ئەوەیشی جێگەی سەرنجە هیچ لەم ڕێگه‌یانە هەرێمی كوردستانی تێدا نییە!

لەمپەرەكانی بەردەم "ڕێگه‌ی پەرەپێدان"و ئەگەرەكانی سەركەوتن

لە کاتێکدا کەناڵی وشک و بەندەری گەورەی فاو دەرفەت بۆ عێراق دەڕەخسێنن کە پێگەی جیۆپۆلیتیکیی خۆی بەرزبکاتەوە، بەڵام تەحەددای ناوخۆیی وەک خراپ بەڕێوەبردن و دابەشبوونە سیاسییەكان و تەحەددا دەرەکییەكانی وەک کێبڕکێی وەبەرهێنان لەنێوان چین و ئەمریکا، ئاستەنگن لە بەردەم سەركەوتن([18]). لەسەر ئاستە ناوخۆیییەكەیش بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی كراون([19]) سەرکەوتنی پڕۆژەکە پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکاری جیۆپۆلیتیکییەوە. ڕاستە دەرفەت هەیە بۆ ئێران کە لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینێکەوە کە لە بەسرە تا سنورەکانی درێژدەبێتەوە، سود لەم پڕۆژەیە وەربگرێت، بەڵام ڕەنگە ئێران وەک زلهێزێکی ناوچەیی، هەست بکات کە لە ڕێگەی ڕێڕەوە نوێیەكەیەوە گۆشەگیر دەبێت. ئەگەریش سەرکردەکانی ئێران هەست بکەن کە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە مەترسیدایە، دەتوانن لەڕێگەی نفوزی ئێران لە عێراق و کەنداو هەوڵی تێکدانی پڕۆژەکە بدەن. هەر لەم نێوه‌یشدا هەندێك پەرلەمانتاری شیعە نیگەرانی و دڵەخورتێی ئەوەیان هەیە توركیا زیاتر كەڵك لە پڕۆژەكە وەربگرێت و، باس لەوە دەكەن "کەناڵی وشک سودێکی کەم بە عێراق دەگەیەنێت"، كە بەپێی پێشبینیی ئەوان ڕێژەكەی 25% زیاتر نابێت([20]). بەهۆی ئەوەیشی پێشبینی دەکرێت فاو پێش "بەندەری جەبەل عەلی"ی دوبەی بکەوێت- کە لە ئێستادا گەورەترین بەندەری کۆنتێنەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا-، ئه‌گه‌ری ڕێگریی ئیماراتییەكان دور نییە.

لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەو ناسەقامگیرییە سیاسی و تەناهییەی لە عێراق هەیە، ڕەنگە پڕۆژەکە بخاتە مەترسییەوە. هەرچەندیشە ئێستا دۆخی ئەمنی، ئۆقرەییی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا داعش چالاكیی هەیە، پەكەكە لە ناوچەكەدا هەن كە نەیاری توركیان؛ جگە لەم گروپانە، ڕەنگە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بەربەست بخەنە بەردەم دروستکردنی ئەو ڕێگه‌یە بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتن بە تورکیا، بەتایبەت كە کێبڕکێی نێوان ئێران و تورکیا لە باکوری عێراق لە موسڵ، تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچێت.

پەیوەندیی پڕۆژەكە بە كوردستانەوە

لەو نەخشە فەرمییانەی كە ڕاگەیەنراون، هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی ڕێگه‌ی "کەناڵی وشک"ه‌ كە ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی عێراق بۆ ئەوروپا؛ بەڵام بەگوێرەی دەرەنجامەكانی کۆنفڕانسی بەندەری فاوی گەورە کە لە کۆتاییی ساڵی ڕابردوودا لە بەسرە بەڕێوەچوو، "دەرفەتی پەیوەندیکردن لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە واقعیترە وەک لە ڕێگەی سوریا"، بەتایبەت كە لەو وڵاتە زیاتر لە گروپێكی باڵادەست لە باكوریدا هەن و بە دۆخێكی نائارامدا گوزەردەكات. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ ئەوەی ئەوروپا سود لە سەرچاوە وزەی عێراق وەربگرێت، سەرەتا دەبێت کێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی لە بەغداو حكومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن و لەم نێوه‌نده‌یشدا لێکنزیکبوونەوەی نێوان هەولێرو بەغدا دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە لە کوردستان بەرهەمهێنانی وزە زیاد بکات؛ چونكە ھەرێمی کوردستان یەدەگی سەلمێنراوی غازی زیاتر لە ٢٥ ترلیۆن پێ سێجایە. ئەمەیش یەکسانە بە ٢٠%ی کۆی یەدەگی سەلمێنراوی غاز لە عێراق؛ كەچی عێراق کە لە ئێستادا لەنێوان 30 بۆ 40%ی پێویستیی غازی خۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات([21])، بە گوێرەی لێدوانەكانی سودانی ساڵانە زیاتر لە 7 ملیار دۆلار لە پای غاز دەداتە ئێران.

كۆبەند

گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانی ناوچەكە تیژو خێراو گەورەن، بەتایبەت پاش پەلكێشانی چین وەك زەبەلاحێكی ئابوریی گەورە بەرەو ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. عێراق بەهۆی پێگە جوگرافییەكەیەوە یەكێكە لەو وڵاتانەی لە هەوڵدایە لە ڕێگه‌ی كەناڵی وشكەوە ڕۆڵێكی گەورە لە كورتكردنەوەی ڕێگه‌ی بازرگانیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بگێڕێت لە ڕێگه‌ی پەیوەستكردنی بەندەری فاو و لەوێیشەوە بۆ توركیاو دوایی بۆ ئەوروپا. ئەم پڕۆژەیە كە خاڵی سەركەوتنی زۆرەو لەمپەری زۆریشی لەبەردەمە، بەهەر هۆكارێكیش بووە پڕۆژەكە لە دیزاینە بەرایییەكانیدا هەرێمی كوردستانی هەڵاواردە كردووەو بۆ ئەوەی بە هەرێمدا گوزەر نەكات بە سوریادا دەڕوات. بەهۆی گرنگیی ڕێگه‌كەو بەهۆی ئەوەی سەدەی داهاتوو پێگەی نەوت ڕوو لە لاوازییەو سەردەم سەردەمی غازو ڕێگه بازرگانییەكانە، پێویستە هەرێمی كوردستان لەسەر هەموو ئاستەكان كار بكات بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لەم پڕۆژە گەورەیە؛ بەو پێیەی تێپەڕین بە خاكی هەرێمدا ئاسانترو ڕەخساوترە بە بەراورد بەوەی ڕێگه‌كە لە سوریاوە بچێتە ناو توركیا. ئەركی دەسەڵاتدارانی هەرێمە دەرفەتی نزیكبوونەوەی هەولێرو بەغدا بقۆزنەوە بۆ دڵنیاییدان بە عێراق و توركیاو، بە هەر جۆرێك بووە نەهێڵن هەرێم لەو دەرفەتە بێبەش ببێت؛ ئەگەرنا وەك گیرفانێكی فەرامۆشكراوی لێدێت لە عێراق، بەتایبەت پاش ئەوەی بە بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی و دادگه‌ی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، كارتی فرۆشتنی نەوتی بەسەربەخۆ لەدەستدا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif