جەژن وەك خۆی ماوە

ليست هناك تعليقات


ئازاد جەلال
-
عه‌یبترین شت ئه‌وه‌یه سێ‌ ڕۆژه‌كه‌ی ‌جه‌ژن ده‌رگای ماڵ داخه‌یت و بچیت بۆ باخ و 3 ڕۆژ خۆت ونكه‌یت.

جه‌ژن وه‌كخۆی ماوه‌. له‌ هه‌موو شوێن و كۆڵان و جێگه‌یه‌ك جه‌ژن هه‌یه‌. هیچ حیاوازییه‌ك له‌ نێوان جه‌ژنی ئێستاو جاران نیه‌. ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ی ئێمه‌ بۆ جه‌ژن هه‌مانه‌ دایك و باوك بۆی دروستكردووین. ئێمه‌ش ئه‌توانین هه‌مان بیره‌وه‌ری بۆ مناڵه‌كانمان دروستكه‌ینه‌وه‌، بگره‌، جوانتریش. بیلا عه‌یبه‌ خاوه‌نی مناڵ بین و له‌ ماڵه‌وه‌ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژن وه‌ك مالۆس پاڵكه‌وین و بخه‌وین. ئاخر مناڵ بیره‌وه‌ری چۆن بۆ دروست ئه‌بێ‌ كه‌ تۆ به‌یانیه‌كه‌ی بێ‌ هیچ هه‌نجه‌تێك ناچی بۆ مزگه‌وت و به‌ ده‌نگی الله‌ ئه‌كبه‌ر ئه‌الله‌ هو ئه‌كبه‌ر گوێت نازرنگێته‌وه‌.. وه‌ڵایی ده‌نگی ئه‌ڵاهو ئه‌كبه‌ری به‌یانیانی جه‌ژن له‌ بێخی بیره‌وه‌رییه‌كانماندایه‌.

عه‌یبترین شت ئه‌وه‌یه‌ ده‌رگای ماڵ داخه‌یت و بچیت بۆ باخ و 3 ڕۆژ خۆت ونكه‌یت. ئاخر تۆ ورچی، یان مرۆڤ؟! 


كوره‌ جه‌ژن ئه‌گه‌ر موجامه‌له‌یش بێ‌، هه‌ر له‌زه‌ت و چێژی هه‌یه‌. كابرای دراوسێ‌ به‌سه‌رپێوه‌ بێت نوقڵه‌كه‌ هه‌ڵگرێ‌ هه‌ر خۆشه‌. هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ فێری ئوسوڵ و ئه‌ته‌كێت ئه‌كا. تۆ زۆر ماڵ ئه‌بینی، زۆر ته‌بیعه‌تی جیاواز. زۆر سه‌لامو كه‌لامی جیاواز. هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی ڕه‌فتاره‌ بۆ من و تۆ. دراوسێكه‌ت، خزمه‌كه‌ت حه‌زی لێنیه‌، تۆیش هێنده‌ی خۆی ڕووی به‌رێ‌. ئیزعاجی مه‌كه‌... به‌ڵام ئه‌وه‌ پاساو نیه‌ كه‌ جه‌ژن نه‌ماوه‌. ڕووتان خۆش بێ له‌گه‌ڵ مناڵ و خێزانه‌نتان، خێزانه‌كانمان.

ئاگاتان له‌ قاتی سه‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كان بێ‌، ڕه‌نگه‌ تازه‌ ماڵ بن، دڵیان خۆشه‌ كه‌ ئێوه‌ ئه‌چن بۆ ماڵیان نوقڵی كڕیوه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ دروست ئه‌بێ‌ كه‌ به‌ جدی ماڵه‌ و دڵی به‌ ماڵ خۆشه‌. له‌ ده‌رگای ئه‌وانیش به‌ن، قوربانتان بم، یه‌ك زه‌ڕه‌ قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و خاوتان نه‌كاته‌وه‌. له‌ پێشه‌وه‌ خێزانه‌كه‌ت، دواتر دراوسێكانت، پاشان خزمه‌كانت. وه‌ڵا تۆ له‌ جه‌ژندا ئه‌گه‌ر لانی كه‌م بیست ماڵ نه‌بێ‌ هاموشۆی بكه‌ی واته‌ كێشه‌ت هه‌یه‌ له‌گه‌ل خودی خۆت. وه‌ڵا ئه‌گه‌ر دڵناخۆش بی به‌ خۆشی خه‌ڵك واتای وایه‌ كێشه‌ی ده‌روونیت هه‌یه‌. چاره‌سه‌ر وه‌رگره‌.... ئه‌گه‌ر خۆیشت گرێت هه‌یه‌، كتێب لابه‌. جوانترین جل و خۆشترین گوفتار و باشترین ڕووتان نمایش كه‌ن. به‌ عیزه‌تی خوا قه‌سه‌م به‌خته‌وه‌ری له‌ ماڵه‌كانتان ئه‌بارێ‌....

ناڵێم مه‌چن بۆ باخ، به‌س ئه‌ڵێم، جه‌ژن له‌ نێو ماڵ و مناڵدا بكه‌ن سه‌رگه‌وره‌كانتان، ڕیش سپیه‌كانتان به‌ هه‌ند وه‌رگرن و به‌سه‌ریان كه‌نه‌وه‌. له‌وانه‌یه‌ چاوه‌ڕوانی ئێوه‌ بن. هیچ شتێك له‌وه‌ خێر تر نیه‌ چاوه‌ڕوانی كه‌سێكی تر تێر ئه‌كه‌ی.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif