زەمینەی گەڕانەوەی ڕەغد سەدام حسین!

ليست هناك تعليقات

 


عوسمان گوڵپی
-
رەغدی کچی سەدام حسین بە دەرکەوتن و لێدوانەکانی دەبێتە هەواڵی میدیاکان و جار جارەش سیاسیەکان بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ وەڵامی دەدەنەوە، چونکە ئەو وەك میراتگری دەرکەوتووی سەرۆکی لە سێدارەدراوی عێراق ئاماژە بە گەڕانەوە دەدات بۆ دەسەڵات، بەڵام بەشێك لە عێراقیەکان ئەم لێدوانانە بە خەیاڵ دەزانن و هەندێکیتریش پێیانوایە ئەگەری گەڕانەوەی بەعس بۆ ساحەی سیاسی خەیاڵ نیە و ئەکرێ لەدەرەوەی ئیرادەی سیاسیەکانی عێراق دەرفەتێك بۆ گەڕانەوەی بەعسیەکان بڕەخسێ. 

بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی عێراق، خۆزگە بەسەردەمی حکومڕانی سەدام دەخوازن و ڕووخانی بەهەڵەیەکی ستراتیژی دەزانن


ئەگەرچی ڕوونە کە هیچ دەرچەیەکی مەدەنی و دیموکراسیانە نیە بۆ گەڕانەوەی بەعسیەکان و ئەو پرسە لە چوارچێوەی یاسادا ڕێکخراوە، بەڵام بە پشتیوانی ئیرادەیەکی دەرەکی بەهێز و بە نێو درزی ناکۆکیە نێوخۆییەکانی عێراقدا یان تەقینەوەی جەماوەری یان کودەتای سەربازیدا بگەڕێنەوە دەسەڵات، تاکە گرفتی گەورەی بەردەم گەڕانەوەی بەعسیەکان بۆ دەسەڵاتیش بەهێزی حەشدی شەعبیە لە عێراق، چونکە لەوێدا لە پرسی ئەم گەڕانەوەیە دەبێتە پرسێکی مەزهەبی کە بە گەڕانەوەی سوننە و پەراوێزکەوتنی شیعە دادەنرێت

پرسی گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵاتی ئەفغانسان وا دەکات کە جارێکیتر گەڕانەوەی بەعسیەکان لە خەیاڵدا جێ بکاتەوە، ئەگەرچی جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان ئەفغانستان و عێراق و بەعسیەکان و تالیباندا، چونکە تالیبان دەستبەرداری هێزەکانیان نەبوون و لە جەنگ کردن نەوەستان بۆ گەڕانەوە، بەڵام بەعسیەکان و لە سەرو هەموویانەوە ڕەغد دەستبەرداری همووشتێك بوون و وڵاتیان جێهێشت بۆ خۆ پارێزی نەك بەردەوامی، هەردووکیشیان لە خاڵێکدا هاوبەشن کە ڕووخاندنیانە لە لایەن ئەمریکاوە، لە یەکەمیاندا ئەمریکا بۆ خۆی رێگەی خۆشکرد بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی پێشوو کە تالیبان بوو، لە دووەمیشدا کە عێراقە، ئەمریکا تێیدا بەتەواوی ماندوبووە و دەکرێت بوترێت شکستیخواردوە، بە جۆرێك کە لە ئێستادا عێراق لە تارانەوە نزیکە تا لە کۆشکی سپیەوە.

هەرچەند ئەمریکا زۆر هەوڵیدا کە دەستی ئێران لە عێراق نەهێڵێت یان لاوازی بکات بەڵام نەیتوانی و عێراق لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر لە پەیرەوکردنی سیاسەتی تارانەوە نزیکە، ئەمریکیەکان زۆر باش ئەمە دەزانن و ناچارن مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقعدا بکەن، بۆ ئەوەی بەتەواوی عێراق لەدەست نەدەن، ئەگەرچی هاوکێشە سیاسیەکەی عێراقیشیان بەدڵ نەبێت.

#عێراق لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسیدا شکستی خوارد، بە جۆرێك کە هاوکێشە سیاسیەکان کابینەکانی حکومەت پێکدەهێنن نەك ئەنجامەنی هەڵبژاردن، بە تایبەت ئەوە سێهەم هەڵبژاردنی عێراقە کە هێزی پراوە تیایدا نەك کابینەی حکومی پێکناهێنێت بەڵکو پەراوێز دەخرێت، شکستهێنانی ئەم ڕێگە مەدەنیانە و پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا وادەکات کە بیر لە ڕێگەیتر بکرێتەوە بۆ گۆڕانکاری و ڕەنگە یەکێك لە ئیختیارەکان گەڕانەوەی بەعسیەکانبن لەدەرەوەی یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس، واقعێك دەێتە پێشەوە کە دۆخەکە بەسودی بەعسیەکان تەواو بێت، بەتایبەت کە ئەوان لەتەواوی دامەزراوە ئیداریەکان و سەربازیەکانیش بەڕێژەیەکی گەورە بوونیان هەیە و چەندین ساڵە لە بەردەم ئاوێنەیەکی تێکشکاودان.

زەمینەی جەماوەری بۆ گەڕانەوەی بەعس لە هەموو کات زیاتر لە بارە، بەجۆرێك کە عێراقیەکان بێزار بوون لەو جیاوازیە گەورەیەی کە لە نێوان ژیانیان و دروشمەکاندا دەیبینن، بێزار بوون لەو هەموو سیاسیە دووڕووەی ئێدارەی عێراق دەدەن، بێزاربوون لە گەندەڵی گەورە و بەهەدەردانی سامانی وڵات، بێزار بوون لە ژیانی شاهانەی بەرپرس و بنەماڵەکانیان و ژیانی پڕلە هەژاری خۆیان، ئێستا زۆر بەی سیاسیەکانی عێراق بیزراون و ڕەدکراوەی نێو خەڵكن، بەشداری کەمی خەڵك لە هەڵبژاردنەکاندا ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت کە زۆرینەی خەڵك ئەم سیاسیانەی ئێستای عێراق ڕەد دەکاتەوە بەڵام هیچ دەرچەیەکیتری نیە.

بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی عێراق لەو پەڕی بێزاریدا خۆزگە بەسەردەمی حکومڕانی سەدام دەخوازن (ئەم خۆزگەیە پێویستی بە خوێندنەوەی وردە)، ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەهەڵەیەکی ستراتیژی دەزانن کە عێراقی دوای ٢٠ ساڵی گەیاندە ئەم دۆخەی ئێستا، کە لەڕیزبەندی وڵاتە گەندەڵەکاندا لە پێشەوەیە وەك چۆن لەکەمی خزمەتگوزاریدا پێشەنگە و رێژەی بەرزی گەنجانی بێکار و بەرزبوونەوەی داتاکانی هەژاری هەڕەشەی جدین لە داهاتووی عێراق.

بۆ کوردیش دۆخەکە گۆڕانکاریەکی زۆری بە خۆیەوە نەبینیوەو جیاوازیەکە زۆر نیە، چونکە بەشێکی زۆر لە سیاسیەکانی عێراق هەمان تێڕوانینی بەعسیان هەیە بۆ کورد، جیاوازیەکە تەنها پاوەر و زەمەن و ئەو واقعە پڕلەململانێیەیە کە لە عێراقدا هەیە، گەر سەرنج بدەین سەدامیش لە ساڵی ١٩٩٢وە تا ڕووخانی هەر هێندەی ئەوانە دژایەتی هەرێمیان دەکرد کە ئێستا لە بەغداد ئیدارەی وڵات دەکەن، چونکە بەعس لە دوای ڕاپەڕینەوە هیچ هەوڵێکی سڕینەوەی هەرێمی نەدا و مامەڵەی لەگەڵ ئەمری واقعدا کرد، حەتمەن بە پشتیوانی هاوپەیمانان و ناوچەی دژەفڕین و پشتوێنی مرۆیی، بۆیە بۆ ئێمەی کورد چ جیاوازیەك هەیە لە نێوان گەڕانەوەی ڕەغد و زۆرینەی ئەو سیاسیانەی لە عێراقدا هەن و بڕیاریان بەدەستە؟ لە کاتێکدا هەموو باش ئاگاداری ئەو کارەسات و مەرگانەین لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەسەرماندا هاتن.

بۆیە دوور نیە لە بەرامبەر بەهێزبوونی نفوزی ئێران لە عێراق و وەستاندن و لاوازکردنی ئەو نفوزە، جارێکیتر نیزامی سیاسیی عێراق بگۆڕێت و گەر گەڕانەوەی ڕەغدیش دووربێت ئەوا گەڕانەوەی مۆدێلی حکومڕانی باوکی ڕەغد دوور نیە جارێکیتر لە وێنەیەکی نوێدا خۆی دابڕێژێتەوە لە کاتێکدا کە هاوڵاتیان بەتەواوی هیلاكی ئەم حکومرانیەی ئێستای عێراقن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif