ماڵپەڕی S&P Global Commodityـی ئەمریکی کە تایبەتە بە بواری وزە، راپۆرتێکی نوێی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەهۆی بەردەوامیی چەقبەستوویی نێوان هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن هۆشداریی دەدەن لەوەی رەنگە چیدیکە نەتوانن "لە ژینگەیەکی پڕ رکابەریی هەڵکشاوی وەبەرهێنان" بەردەوام بن لە وەبەرهێنان.
زیاتر لە مانگێکە بەهۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە. هەرچەندە هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون، بەڵام تائێستا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت نەکراوە.
جگە لەوەش ناکۆکییە درێژخایەنەکانی سەروەری لەسەر داهاتی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا هێشتا زەبرێکی گەورە دروست دەکەن، لەکاتێکدا بەسەرچوونی رێککەوتنی بۆرییەکانی عێراق و تورکیا لە ساڵی 2025دا نزیکە.
نوێنەری کۆمپانیایەک لە ئەپیکور (کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان) کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی [نەوتی خاو]دا لە ئاستێکی بەرزدایە و بەشێکی زۆری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پرسە سیاسییەکان". دەشڵێت، "زۆر قورسە پاساو بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان بهێنینەوە. دۆخەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیش پرسێکی وجودییە".
ئاپیکور رۆژی 18ـی ئەم مانگە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و نیگەرانییەکانی خۆی خستەڕوو.
هاوکات کۆمەڵەکە داوای لە حکومەتی ئەمریکا و بەریتانیا کردووە گوشار بخەنە سەر بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و لە نزیکەوە چاودێری هەر رێککەوتنێک بکەن.
لە نامەکانیدا بۆ یاسادانەرانی ئەمریکی و بەریتانیا، ئەپیکور رایگەیاندووە، ئەندامەکانی "ناتوانن بەردەوام بن لە سەرمایەگوزاری نوێی بەرچاو [لە کوردستان]، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی وەبەرهێنان کە تادێت دوژمنکارانەتر دەبێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، بەبێ گەشەپێدانی زیاتری بەرهەمهێنان، کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە تاڕادەیەکی زۆر پێشکەوتوون، تووشی تێكچوونی گەورە دەبنەوە لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاودا".
ئەمریکا 300 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکانی بواری وزە لە کوردستان دابین کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کێشەی نەختینەیی هەیە، ملیارەها دۆلاری لە کۆمپانیا نەوتییەکان قەرزکردووە کە ئەپیکور دەڵێت، پێویستە بەغدا چارەسەری بکات، ئەگەر بیەوێت کۆنترۆڵی کەرتی نەوتی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.
ئەو نوێنەرە دەشڵێت، "ئەوەی ئێمە بەڕاستی گرنگی پێدەدەین پیرۆزی گریێبەست و گەرەنتیکردنی پێدانی شایستە داراییەکانە".
لە کاتێکدا هەناردەکردنەوەی نەوت لە جەیهانەوە لە پێشینەی کارەکانە، بەرپرسانی ئاپیکور دەڵێن، بودجەی عێراق، یاسای نەوت و گاز و نوێکردنەوەی رێککەوتنی بۆرییەکانی عێراق و تورکیا گرنگییەکی زیاتریان هەیە.
هاوکات بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2023ـدا گەڕێکی دانوستاندن بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی بۆریی عێراق-تورکیا بەڕێوەبچێت، واتە دوو ساڵ پێش تەواوبوونی، بەڵام پێدەچێت ئەوە ئاڵۆزتر بێت بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی کە بەغدا دەڵێت، فەرمانی بە ئەنقەرە کردووە سزای دارایی بدات بەهۆی ئەوەی رێگەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە نەوتی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەناردە بکات، ئەمەش پێشێلکردنی رێککەوتنی بۆریی عێراق-تورکیایە.
ئاپیکور دەڵێت، چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە، ئەو ناکۆکییە ئاڵۆزانە سووک دەکات کە لەسەر کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە.
بەرپرسێکی دیکە دەڵێت، "بە نیازێکی باشەوە، کۆمپانیا نەوتییەکان رەنگە پابەندبن بە بەرنامەیەکی جێگیرکردنی سەرمایە ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، ئەویش چارەسەرکردنی کێشەی بۆری و گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکانە."
ئاماژەی بەوەشکرد، دواکەوتنی پارەدان گوشار دەخاتە سەر ئێمە وەک کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی متمانەی بازاڕ بە وەبەرهێنان لە کوردستان. دەشڵێت، تا دواکەوتن زیاتر بێت، ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر کەم دەبێتەوە، ئەمەش دواتر کەمیی داهات دروست دەکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق